پێمدەڵێن بۆ دەنووسیت؟
6/22/2022 8:37:00 PM
رەهێڵ دزەیى
زۆرێک پێمدەڵێن بۆ دەنووسیت خۆ کەس گرنگی بە نوسینەکانت نادات، مەبەستیان
لە بەرپرسانە. ڕاستە، من لە بوارێک دەنووسم گرنگترین کەرتە لە گۆمەڵگادا، بوارێکە
وڵات و کۆمەڵگە لەسەری پەیوەستە وکاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەردا هەیە. ولاتێک
خاوەن سستمێکی پەروەردە وفێرکردنی باشبێت و گرنگی پێبدات، بێگوومان ئەم وڵاتە
ڕکابەری وڵاتە پێشکەوتوەکان دەکات، پێچەوانەکەشی ڕاستە، ئەم وڵات و دەسەڵاتانەی
گرنگی بەم کەرتە نادەن لە وڵاتە دواکەوتووەکانن لە هەموو بوارەکاندا، ئەوانەی
حکومڕانی دەکەن کەسانی نادیموکرات ودڵسۆزی وڵاتەکەیان نین.
هەموو تاکێکی کۆمەڵگا لەسەریەتی بە ئەرکی خۆی هەڵستێت بەرامبەر بە گەل و
خاکەکەی، هەریەکەو بەشێوازیک ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکات، بێگومان لە هەموو کۆمەڵگایەک
کەسانێکی بێ هەڵوێست و هەلپەرست و تەنانەت لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خیانەتیش
لە گەل و خاکەکەیان دەکەن. بۆ ئەوەی ڕێگا لەم جۆرەکەسانە بگرین دەبی قسەی خۆمان
بکەین، دەبێ کە ناحەقیەکمان بینی بێدەنگ نەبین وقسەکانمان لەگەڵ خۆمان بۆ ناوگڵ
نەبەین، پێش ئەوەی بمرین بوێری ئەوەمان هەبی بەڕاست بڵێن ڕاست و لە هەڵەکان
خۆشنەبین، ئەگەر هەر یەکەمان بە دەنگی بەرز لە بەرامبەر نادادی و کەم و کوڕیانەی
لە ناو کۆمەڵگا هەیە بێینە دەنگ، ئەگەر بێدەنگ نەبووین لەبەرامبەر خراپی
بەڕێوەبردنی دەسەڵات و خراپی حکومڕانی وڵات ئەو کات دەتوانین بە ویژدانێکی ئاسودە
سەربێینەوە و کۆمەڵگایەک و دەسەڵاتێکی باش و پێشکەوتوو و هوشیار بۆ نەوەکانی
داهاتوومان بەجێبێلین.
کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کورستان لە ئاستێکی زۆر نزم و
خراپدایە، بەڵگەش بۆ ئەوە ئاستی خوێندن و نووسین ومەعرفی و پەروەردەی نەوەی دوای
ڕاپەڕینە کە لەم ئاستە نییە ئیرەیی پێببەین. لە دوای ڕاپەرین و دوای ئەوەی
دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کەوتە دەست کورد، کەرتی پەروەردە وفێرکردن ساڵ لە دوای
ساڵ بەرەو خراپی دەڕوات. ناکرێ لە خراپی ئەم کەرتە گرنگە بێدەنگ بین و هەڵوێستمان
نەبێ. دوای ئەو هەموو ساڵە لە حکومڕانی کوردی گومان لەوە نەماوە کە پشتگوێخستنی
کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە نەزانی بێت، بەڵکو بە مەبەستە.
گرنگی نەدان و بوونی سستمێکی پەروەردە وفێرکردنی کلاسیکی دواکەوتوو،
نەوەیەکی نا هوشیار و کەم مەعرفەت و لەرزۆک و بێ متمانە بەخۆ و ملکەچمان بۆ بەرهەم
دێنێت، نەوەیەک درک بە مافەکانی ناکات و توانا داکۆکی نییە لە مافەکان خۆی و کۆمەڵگاکەی، ئەوەش مەبەستی دەسەڵاتی
کوردیە لە تێکدانی و بە حزبی کردن وگرنگی نەدان بە کەرتی پەروەردە و فێرکردن.
ئەرکی هەموو تاکێکی کۆمەڵگا و بەتایبەتر ئەو کەسانەی شارەزاییان هەیە لەم
بوارە و دڵسۆزی گەلەکەیانن بە دەنگێکی
زوڵاڵ بێنەدەنگ و کار بۆ باش کردنی کەرتی پەروەردە وفێرکردن بکەن و ببنە ڕێگرەک لە
پێش ئەو پلانانەی بۆ بەنەخویندەواری و دواکەوتووی کۆمەڵگای کوردی لە ئارادایە، کار بکەین بۆ هوشیارکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵک لە
گرنگی بوونی سستمێکی پەروەردە وفێرکردنی پێشکەوتوو و هاوچەرخ و دیموکرات و
کاریگەریەکانی لەسەر بەروەپیشچوونی و
گەشانەوەی کۆمەڵگا و خەڵک لە هەموو بوارەکاندا.
بۆیە من لەم بوارە بەردەوام دەبم دەنووسم وەک هاوڵاتیەکی ئەم هەرێمە ئەرکی
خۆم بەجێدەهێنم وکار دەکەم بۆ دابین کردنی سستمێکی پەروەردە و فێرکردنی هاوچەرخ و
دیموکرات، بۆ ئەوەی بتوانین نەوەیەکی خوێندەوار و پڕ لە مەعرفەت و باوەڕبەخۆ
گومانکەر پێشکەش بە کۆمەڵگا بکەین. نەوەیەک ببێت بە هەوێنی گۆڕانکاری لە سستمی
سیاسی و ڕێگر بن لە بەهەدەر دانی داهاتی ئەم هەرێمە. ببنە هەوێی دروست کردنی دەسەڵاتێکی
دیموکرات ودادپەروەر و کار بۆ بە هێزکردی ژێرخای ئابووری و سیاسی ئەم هەرێمە بکەن
و هەنگاو بنێن بەرەو بەدیهێنانی خەونی لەمێژیەی هەموو کوردێک، ئەویش دروست کردنی
دەوڵەتی کوردیە.