1485وتار

سەرۆک پەرلەمانێکی کارتۆنی

5/8/2020 9:43:00 PM
رەهێڵ دزەیى


کەمن ئەوانەی هەلیان بۆ دەرەخسێت کە مێژوویەکی شەرەفمەندانە و جوان بۆ خۆیان و گەلەکەیان تۆماربکەن و مێژوو بە شانازیەوە باسیان بکات. 

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ خولی پێنجەم کە ژنێکە بەختەوەر بوو ئەم هەلەی بۆ ڕەخسا کە دەیتوانی هەڵوێستێکی سەربەرزانە ومێژوویەکی پڕشنگدار بۆ خۆی و حزبەکەی و بۆ گەلی کوردیش تۆمار بکات، بەڵام لەم ئاستە بەرزەدا نەبوو. 

دیتوانی ئەم بیرکردنەوەیە بگۆڕیت کە لە ناو حزبەکان و کایەی سیاسی هەرێم باوە کە ژنان لەم ئاستە نین کە وڵات بەڕێوەببەن. 

تا ئێستا متمانە بە تواناکانی ژنان ناکرێت لە هەرێمی کوردستان، ژن وەک رتووش وکەمالیاتی ناو حزبەکانی کوردی بەکارهاتوون، لەگەڵ ئەوەی کورد خاوەن ژنی زۆر زیرەک و بوێر چاونەترسن، بەلام ژنانێک هەن هەلپەرست وبێتوانا پەنا بۆ حزبەکان دەبەن و هەموو شتێک دەکەن لەپێناو دەسکەوت و بەرژەوەندی خۆیان وێنەی ژنی کوردیان شێواندوە.

هەڵوێستی سەرۆکی پەرلەمان لە بڕیاردان لە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەندام پەرلەمانێک هەڵویستێکی شەرمنانە وترسنۆکانە بوو، تەنها بەوەی ئامادە نەبێ لە هۆڵی پەرلەمانم. ئەو نەیتوانی بە ئەرکی خۆی هەستێت وەک سەرۆک پەرلەمانێکی بەهێز وباوەڕ بەخۆ، بەڵکۆ خۆی لە ئەرکەکەی دزیەوە وگۆڕەپانەکەی بەچێهێشت. دەبوو لە شوێنی خۆی دانیشتبا وداکۆکی لە هەڵوێستی خۆی( ئەگەر هەیبوو بێ) بکردبا، و بویرانە لە ناو هۆڵی پەرلەمان داکۆکی لە شکۆ وبەهای پەرلەمان بکردبا، نەک ترسنۆکانە مەیدانی چۆلکردبا، تەنانەت ئەگەر حزبەکەشی ئەم داوایەی لێکردبێ نەدەبوو قبووڵی بکات، دەبوو لەئاست بەرزی پلەکەی با. 

ئەم هەلەی بۆ ئەم خاتوونە هاتەپێش هەلەکی زێرین بوو دیتوانی ببێت بە دەستەخوشکی حەپسەخانی نەقیب وژنەناودارەکانی تری کورد کە مێژوو بە شانازیەوە ناویان دێنن، بەلام ئەو تاریکی هەڵبژارد وهەرگیز لە مێژووی کورد باس ناکرێت، ئەگەر باسیش بکرێت بە ترسنۆک وبێ ئیرادە وخۆپەرست باس دەکرێت. 

یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەردەم دروشمی شەراکەتی ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردنی هەرێکی کوردستان بەرزدەکاتەوە، بەڵام لە یەکەم فرسەت دا کە بتوانیت خاوەن ئیرادەی و دەنگی خۆی بێت نەیتوانی بەرامبەر بە نەیارەکەی بوەستێتەوە ودژی ویستی ئەو هەڵوێست وەربگریت. 

یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەلماندی، نەک نەیتوانی ببێت بە شەریک لە حکومڕانی هەرێم بەڵکو لە پێناو بەرژەوەندی کەسانی ناو حزبەکەی مەیدانی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان چۆڵکرد وبەتەنیا ئەوەی لە بەرژەوەندی خۆیانە بیکەن و نەک وەک شەریک بەڵکو هیچ حسابێکیش بۆ یەکیەتی نیشتمانی کوردستان نەکەن.  

ئەوەی روویدا لە ناو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان بەرهەمی کردار و هەڵوێستەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، لە زیاد کردنی کورسیەکانی کەمەنەتەواییەکان ودواتر لە سووربوونی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتێکدا بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن بوو لە دوای فەزاحەتە گەوەرەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق. هەرێمی کوردستان پێویستی بەکاتی زیاتر هەبوو بۆ ئەوەی بتوانن هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو ئەنجام بدەن، بەڵام یەکیەتی غرووری سەرکەوتنی تەزویرەکەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە سەری دا بوو چاوی هیچی نەدەبینی، لە کۆتاییشدا واژۆکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەلەمانی کوردستان لە نیوەی شەودا و ڕازی بوون بە ئەنجامەکەی ڕێگای دا بە ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ببێت بە خاوەنی دەسەڵاتی یەکەم لە هەرێمی کوردستاندا و بۆ هەر بابەتێک لە بەرژەوەندی خۆیان بێت نەگەڕێنەوە بۆ حزبەکانی تر وبێمنەتانە مامەڵیان لەگەڵ بکەن. 

بۆ ڕاگرتنی بەلانسی هێز و باش کردنی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان هەدەم دەبێ بگەڕێنەوە بۆ پرۆژەکانی ڕەوانشاد نەوشێروان مستەفا و زوندووکردنەوەی پرۆژەی دەباشان تاکە چارەسەرە، لەدەرەوەی ئەم پرۆژەیە ئاکامەکان لە ئەمەی ئێستا خراپتردەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن