455وتار

ژن و پەروەردە

3/8/2023 6:49:00 PM
رەهێڵ دزەیى

بەر لەوەی گرنگی ڕۆڵی ژن لە پەروەردە کردنی منداڵەکانی بخەینەڕوو، سەرەتا با بزانین پەروەردە و ئامانج لە پەروەردە چییە و چۆن دەتوانین پێناسەی بکەین.

چەمکی پەروەردە چەمکێکە ئاسان نییە کۆدەنگی لەسەر هەبێ  و پێناسەیەکی یەکگرتووی بۆ بکەین. پێناسەی پەروەردە لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی تر دەگۆڕدرێت، ئاستی هۆشیاری، جۆری بیرکردنەوە، گەشەکردنی مرۆڤەکان، جیاوازی بیروبۆچون، پێداویستیەکانی ژیان، بەرز و نزمی ئاستی ئابووری، و جۆری سستمی حکومڕانی کاریگەریان دەبێ لەسەر پێناسە و فەلسەفەی پەروەردەی هەر کۆمەڵگایەک. 

پەروەردە کار دەکات لەسەر پەرەپێدانی تاک لە ڕێگای پرۆسیەکی سستماتیکی مەبەستدار لە پێناو ئامانجێکی دیاریکراو کە لە نێوان نەوەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
ئامانج لە پەروەردە، پەرەپێدان و گەشەکردنی تواناکانی تاک لە سەرجەم لایەنەکان، لایەنی زهنی، دەروونی، جەستەیی، کۆمەڵایەتی، سۆزداری، مەعرفی، هەڵس وکەوت و کەسایەتی تاک، لە پێناو گەشەپێدانی و پەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا.

لە کۆمەڵگای کوردەواریدا، وا باوە دایک بەرپرسی یەکەمە لە پەروەردە کردنی منداڵەکانی. بێجگە لە پەروەردە کردن هەموو ئەرکەکانی بەخێوکردنی منداڵ لە ئەستۆی دایکە، ئەوەش بەرپرسیاریەک و قورسایەکی زۆر دەخاتە سەر دایک. ژنی کورد لەگەڵ ئەم ئەرکە قورسەی لەسەر شانیەتی بۆ پەروەردە کردنی منداڵەکانی ئەرکی بەڕێوەبردنی ماڵ و خێزان و میوان و جێبەجی کردنی ئەرکە کۆمەڵاییەتیەکان، هەموو وادەکەن نەپڕژێتە سەر ئەوەی ئەو هەموو ئەرکە زۆرە بەتەنیا جێبەجێ بکات.

ڕاستە نزیکترین کەس لە منداڵ دایکە وپەیوەندیەکی پتەو بەیەکەوەیان دەبستێتەوە یەکەم کەسە منداڵ لێی فێردەبێت و هەردەم هانای بۆ دەبات. یەکەم وانەی فێربوون پەروەردە منداڵ لە دایک وەریدەگرێت، بەڵام کە هەندێک گەورەبوو بەڕەو تەمەنی قوتابخانە چوو، ئەوە چەندین لایەن و کەسانی دی بەشدار دەبن لە پەروەردە کردنی منداڵەکەی.

منداڵ بەرهەموو پەیوەندی خۆشەویستی ژن و پیاوە، کەواتە هەردووکیان بەرپرسن لە بەخێوکردن و پەروەردە کردنی منداڵەکەیان، ناکرێ ئەم ئەرکە وەک باوە لە کۆمەڵگاکەمان تەنها بخریتە ئەستۆی ژن، هەر هەڵس وکەوتێکی نەشیاو لە منداڵەکە ببیندرێت پەنجەی تاوان بۆ دایکەکە ڕەوانە دەکرێت بەوەی نەیزانیە پەروەردەی بکات، تەنانەت کە گەورەش ببێت و شوو بکات یان ژن بێنێت هەر هەڵەیەک بکەن دایک تاوان باردەکرێت بەوەی کەمتەرخەم بووە لە پەروەردەکردنی منداڵەکانی.

کۆمەڵگای کوردی، کۆمەلگایەکە ئاستی ڕۆشنبیری و مەعرفی و خوێندەواری تاکەکان و خێزانەکان لەیەک ئاست نییە، ئەوەش وادەکات هەر خێزانە و بە تێگەیشتنی خۆی بۆ پەروەردە منداڵەکانی پەروەردە بکات، کەواتە ئێمە پەروەردەیەکی یەکگرتوومان نییە، خێزان پابەند بێت پێی، ئەوەش ئەرکی ژن(دایک) قورستر دەکات.

ئەو شێوازە پەروەردەیەی دایک پەیڕەوی دەکات لە ناو خێزانەکەی، هەر کە منداڵەکەی دەستی بە خوێندن کرد و تێکەڵاوی منداڵانی تر بوو کە هەر یەکە و بە شیوازێک پەروەردە کراون، بێگومان لەیەک فێردەبن ولەوانەیە ئەو بەها و پرنسیپانەی هاوڕێ منداڵەکەی لەسەر پەروەردە کرابێ یەک نەگرێتەوە لەگەڵ هەمان بەها و پرنسیپی منداڵەکەی، بۆیە دایک دەبی ئەرک و کاتی زیاتر بەکار بێنێت بۆ ئەوەی منداڵەکەی بپارێزی لەو کاریگەریانەی لە دەروەری ماڵەوە دەکەوێتە سەر منداڵەکەی.
لێرەدا حکومەت بەرپرسیاری یەکەمە و دەبێ بە ئەرکی خۆی هەستێت بەرامبەر بە کۆمەڵگا و داهاتووی نەتەوەکەمان.

ڕاستە منداڵ بەرهەمی پەیوەندی ژن و پیاو، بەڵام نابێتە موڵکی ئەوان، منداڵ نەواتی کۆمەڵگایە، بۆیە حکومەت بەرپرسی یەکەمە لە پەروەردەکردنی نەوەیەک کە دواڕۆژی کۆمەڵگاکەمان دیاری دەکات. حکومەت دەبێ ببێت بە هاوکارێکی گەوەرە بۆ خێزان، لە ڕێگای داڕیشتنی فەلسەفەیەکی پەروەردەیی یەکگرتوو  و گونجاولەگەڵ کلتور و داب و نەریتی کۆمەڵگای کوردی و پەیڕوەکردنی لە قوتابخانەکان و لەوێوە شۆڕبێتەوە بۆ ناو خێزان. دروست کردنی سەنتەری خێزانی ببێت بە هاوکار بۆ دایک و باوکان لە ڕێگای خول و کۆڕ كۆبونەوەی بە کۆمەڵ تاک، هاوکاریان بن بۆ شێوازی پەروەردەی سەردمیانەی هاوچەەخ کە بگونجی لەگەڵ سەردەمی تەکنەلۆجیا.

لە سستمی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی کوردستان جۆری ئەو پێداگوگەیە دەستنیشان نەکراوە بۆ ئەوەی ببێت بە بنەمای پەروەردەی کۆی کۆمەڵگای کوردی، ڕاستە پەروەردە هەیە(پەروەردەیەکی نەرێنی و هەرەمەکی)لە ناوە قوتابخانەکان بەلام پێداگوگمان نییە. پێداگوگێک   ( پێداگوگیک واتا بیر و تیۆری،هەر کاتیک ئەم بیر وتیۆریانە  بە پراکتیکەکردن دەکرێت بۆ کردار و ئاکار دەگۆڕدرێت بۆ پەروەردە).

ئەو ئەرکە گرنگ و گەورەیەی خراوەتە  بەتەنها سەر شانی ژن زۆر قورس  و گرانە، کاریگەری زۆری هەیە لەسەر لایەنی دەروونی و جەستەیی ژن، ناکرێ ژن بەتەنیا بەرپرسیار بێت لە پەروەردەکردنی نەوەیەک بێ ئەوەی هیچ هاوکاریەک بکرێت لەلایەن حکومەت و دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان.

بۆ ئەوەی کۆمەڵگیەکی پێشکەوتوو و ڕۆشنبیرمان هەبێ، بۆ ئەوەی حکومڕانێکی دیموکرات و ئازادنان هەبێ و کار بکات بۆ دابین کردنی خۆشگوزەرانی بۆ کۆمەڵگاکەی، دەبێ هەوڵی گۆڕینی سستمی پەروەردە و فێرکردن بدەین، ببین بە خاوەن سستمێکی هاوچەرخ و دیموکرات، خاوەن فەلسەفەیەکی پەروەردەیی ڕوون کۆی کۆمەڵگا پابەدی بن.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن