پاڵێوراوەکان هەڵبژاردن و تواناسازی
9/20/2021 1:52:00 PM
رەهێڵ دزەیى
هەڵبژاردن پڕۆسیەکی دیموکراتیە بە بەشداری کردنێکی چالاکی کۆمەڵانی خەڵک ئەنجام دەدرێت. خەڵک لە ڕێگای دەنگەکانیان نوێنەری خۆیان دەستنیشان دەکەن بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیان بکەن لە پەرلەمان.
ئەرکی پەرلەمان داڕێشتنی یاسایا، پەرلەمان دەنگ بە حکومەت دەدات هەروەها دەتوانێت دەنگ بە حکومەت نەدات وکابینەی حکومەت ڕەتبکاتەوە و داوا لە سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بکات ستافێکی تر دروست بکات، یان دەکرێ دەنگ بە یەکێک لە وەزیرەکان نەدات. پەرلەمان بڕیارەکانی حکومەت لە ڕێگای دەنگدانی ئەندامەکانی پەسند دەکات، لە کاتی پەسندکردنی هەر بڕیاریک، حکومەت ناتوانێ بڕیارەکەی جێبەجی نەکات.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە بوونی سی پایە، یان سێ بنەمای سەرەکی ئەنجامدەدرێت.
پاڵێوراو.
کەسێکە شایستەی ئەوەیە کە لە ئاست ئەم بەرپرسیاریەتیە بێت و نوێنەرایەتی خەڵک بکات لە پەرلەمان، کەسێکی ڕاستگۆ لەگەڵ خەڵک وپێشەکەی و دڵسۆزانە داکۆکی لە مافەکانی گەلەکەی بکات. کەسێکی دەست و داوێن پاک و ناسرا و خۆشەویستبێت لە ناو خەڵک. کەسێکی بەتوانا وشارەزایی هەبێت لە بوارێک لە بوارەکان، توانای دەربڕین و باوەڕ بەخۆبێت.
دەنگدەر.
دەنگدەر ئەو هاوڵاتیانەن کە مافی دەنگدانیان هەیە و دەنگ دەدەن بە یەکێک لە پاڵێوراوەکان لەو بازنەیەی تێیدا نیشتەجێنە.
بۆ ئەوەی مافی دەنگدانی هەبێ نابێ لە ١٨ ساڵ کەمتربێت، کێشەی تەندرووستی لە ڕووی ئەقڵییەوە نەبێت، ناسنامەی فەرمی پێبێت ودەنگ بە یەک پاڵێوراو زیاترنەدات و دەنگ بە ئەو پالێوراوانەی بازنەی شێوێنی نیشتەچی بوونی خۆی بدات.
سندوقی دەنگدان.
سندوقی دەنگدان، ئەو شوێنەیە دەنگەکانی تێدا کۆدەکرێتەوە، دەنگدەر دەچێتە ژوورێک و دەنگدەدات و وەرەقەی دەنگدان دەخاتە ناو سندوقی دەنگدان بە سەرپەرشتی لیژنەیەک لە دادوەری فەرمی سەرپەرشتی دەکەن. دوای کۆتایی ماوەی دەنگدان سندوقی دەنگدان دەکرێتەوە دەنگەکان دەژمێردرێت.
پەرلەمان یان ئەنجومەنی نوێنەران، نوێنەرایەتی دەسەلاتی یاسادانان دەکات وباڵادەسترین دەسەڵاتی وڵاتە کە تیدا یاساکان لە لیژنەکان دادەڕێژرێت ولە ڕێگای دەنگدانی ئەندام پەرلەمانەکانەوە دەنگی لەسەر دەدرێت ودەسەڵاتی جێبەجێکار پابەند دەکرێت بە جێبەجێکردنی.
لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق چەندین لیژنە بوونیان هەیە، بەشیکیان کاریگەری زۆریان هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، بۆیە لە کاتی دەستنیشان کردنی کاندیدەکان لەلایەن پارتە سیاسیەکان گرنگە پسپۆری کاندیدەکان لەبەرچاوبگیرێت، بۆ نمونە لیژنەی یاسای گرنگترین لیژنەیە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە گرنگە کەسێکی یاساناس کاندید بکرێت، لیژنەی نەوت و وزەی سروشتی، لیژنەی ئابووری، لیژنەی ئاسایش وبەرگری، لیژنەی رێک کردی دەستوور. ئەم لیژنانە گرنگترین لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیڕاقن و کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر دواڕۆژ وبەرژەوەندیەکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە لە کاتی دەستنیشان کردنی کاندیدەکان ئەم پسپۆریاە لەبەر چاوبگیرێت تا بتوانن بە شارەزاییەوە داکۆکی لە ماف وبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و کورد بکەن.
تۆی هاوڵاتی لە کاتی هەڵبژاردنی ئەم پاڵێوراوانەی کە مەبەستە دەنگی پێبدەین ئەم پسپۆرییانەی لە سەرەوە باسم کرد لەبەرچاوبگرە بۆ ئەوەی کەسێکی شیاو و بەتوانا و بەهێز بکەیت بە نوێنەری خۆت و هەرێمی کوردستان لە عێراق.
بۆ کورد و دۆزی کورد گرنگە کەسانی خاوەن توانا وکەسایەتی بەهێز وتوانای دەڕبڕینیان هەبێ لەگەڵ بڕوانامە لە بوارە گرنگەکان بۆ ئەوەی بوونیان هەبی لەم لیژنانەی باسمان کرد و داکۆکی لە مافەکانی کورد بکەن و ڕێگر بن لە دەرچوونی یاسایەک لە دژی بەرژەوەندیەکانی هەرێمی کوردستان بێت.
پارتە سیاسیەکان هاوکاری کاندیدەکانیان بن لە ڕێگای کردەونەی خول لە بوارەکانیان و دابین کردنی ڕوێژکاری بەتوانا کە ببن بە ڕێنیشاندەریان لە پەرلەمان و زانیاری پێویستیان بخەنە بەردەست.
پارتی سیاسی دەبێ پلانی درێژ خایەنەی هەبێت بۆ ئامادەکردنی کاندید، پێش نزیک بوونەوەی کاتی ئەنجام دانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، کەسانێک ئامادە بکات و کاریان لەسەر بکەن لە ڕێگای کردنەوەی خولی تایبەت وپێدانی زانیاری لەسەر کاری پەرلەمانی و چۆنیەتی کار کردن لە لیژنەکان وداڕشتنی یاسا. پێدانی زانیاری تەواو لەسەر پارتە سیاسیەکانی بەشداربوو لە پەرلەمانی عیراق و ئەوانەی هاوسۆز و ئەوەنەی نەیارن لەگەڵ کورد، بۆ ئەوەی بزانن چۆن مامەلە لەگەڵ هەر لایەنەێک و بارودۆخێکی هەستیار بکەن.
کاندید کردنی کەسانی بەتوانا و (دڵسۆز) بێگومان کاریگەری دەبێت لەسەر بەرەوپێشچووی بەرژەوەندیەکانی کورد وپاراستی ئەو دەسکەوتانەی بەدەست هاتوون، بەپێچەوانەوە ناردنی کەسانی لاواز و بێتوانا ونەشارەزا و هەلپەرست و خۆپەرست وادەکات نوێنەرەکانی پارتە نەیارەکان زاڵ بن و یاسا لە دژی کورد دەربکەن و هەرێم ڕووبەڕووی مەترسی ببێتەوە.