875وتار

لەگەڵ دەست پێکردنی خوێندن خوێندکارەکان مەتۆقێنن

8/26/2020 3:00:00 PM
رەهێڵ دزەیى


ماوەیەکی زۆر نەماوە بۆ دەست پێکردنی ساڵی تازەی خوێندن لە خوێندنگاکانی هەریمی کوردستان. لەم باروودۆخەی ئێستا کە هەموو جیهای  تووشیهاتووە، لەگەڵ بوونی (ڤایرۆسی کۆڤێد ١٩) کردنەوەی دەرگاکانی خوێندگاکان ئامادەباشی وکاری زۆری دەوێت بۆ ئەوەی منداڵەکانمان ومامۆستا و کارمەندەکانی کەرتی پەروەردەیی پارێزراوبن. 
منداڵ جیهانی خۆی هەیە و شتەکان وەک خۆی وەرناگرێت و درک بە مەترسیەکان ناکات، بۆیە توانای خۆپاراستنی نیە. بۆ ئەوەی ئەم دونیایە جوان و بێگەردەی خوێندکارەکان بەتایبەت پۆلی یەک و قۆناغی سەرەتایی نەشێوێنین و ترس و دڵەڕاوکێیان لەلادروست نەکەین گرنگە جێبەجیکردنی ڕینماییەکانی تەندروستی بە شێوازێک نەبێت کە کاریگەری خراپ لەسەر خوێندکاران دروست بکات و ببێتە هۆی‌ دورکەوتنەوە لە خوێندنگا و چێژوەرنەگرتن لە خوێندن. 
پێش کردنەوەی دەرگای خوێندنگاکان گرنگە ئامادە باشی بکرێت و خوێندنگاکان پاک و خاوێن بکرێتەوە و پیداویستیەکانی پاک و خاوینی بۆ هەر پۆلێک بە جیا ئامادە بکریت. ڕۆژانە دوای تەواو بوونی خوێندن خوێندنگاکان لەلایەن کەسای دیاری کراو خاوێن بکریتەوە و ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی لە ڕۆژی داهاتوو خوێندکار بەبی دڵەڕاوکی و بیر کردنەوە لە بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەست بە خویندن بکات و چێژی لێوەربگرن وزانستەکان وەک ئەوەی پێویستە وەریبگرن.
بۆ جێبەجێ کردنی ڕینمایەکانی تەندروستی پێویست ناکات خوێندکارەکان بە ڕادەیەکی زۆر بەشداربن، بەتایبەت بۆلەکانی سەرەتایی، ئەرکی بەڕێوەبەر و مامۆستاکانە کە کەشوهەوایەکی ئەوتۆ دروست بکەن کە خوێندکارەکان بە خۆشیەکی زۆرەوە ڕوو لە خوێند و خوێندنگاکەیان بکەن. 

بەکارهێنانی ماسک وزیادەڕەوی لە داکۆکی کردن لەسەر جێبەجێ کردنی ڕینماییەکانی تەندروستی لەلایەن مامۆستاکان لە ناو هۆڵی خوێندن هەستێکی نامۆ لەلای منداڵەکان دروست دەکات وتوشی ترس و تۆقاندنیان دەکات. 
بۆ ئەوەی خوێندکارەکان فێربکەین کە خۆیان بپارێزن وتەندروستیان باش بێت، ڕێگای جۆراوجۆر هەیە کە مامۆستا دەتوانێت بیگرێتە بەر. منداڵ زیاتر شتەکان لە ڕێگای یاری کردن فێردەبێت، یان لە ڕیگای سەیرکردنی فیلم مامۆستا دەتوانێت خوێنکارەکانی فێربکات کە چۆن پاک و خاوێنی خۆیان و هاوڕێکانیان ڕاگرن.
 پەیوەندیەکی پتەوە دروست بکرێت لەگەڵ خێزانی خوێندکارەکان بۆ هاوکاری کردنی ستافی خویندنگا، لە کاتی بوونی کەسیکی هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە خێزانەکەیان منداڵەکانیان نەنێرن بۆ خوێندگا.
ئەم بابەتە زۆر گرنگ و هەستیارە بۆیە دەبێ زۆر بە وریای و زانستیانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نابێ بەشیوازێک بێت کە خوێندکا ترس وڕقی لەلا دروست بێت بۆ خوێندن و خوێندنگا. 
٢٥/٨/٢٠٢٠ 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن