152وتار

زیرەکی دەستکرد، کورد بەرەو دوواکەوتوتر دەبات

8/24/2024 3:52:00 PM
رەهێڵ دزەیى

داهێنان و گەشەکردنی زانست بە شێوازێکی زۆر بە پەلە گەشەدەکات، لە چەند ساڵی داهاتوو داهێنانی زۆر سەرسوڕهێنەر و گەورە لە ژیانی مرۆڤدا ڕوودەدات.
زیرەکی دەستکرد شۆڕشێکی گەورە لە هەموو بوارەکانی ژیان بەرپادەکات.

ئێمەی کورد لە کوێی ئەم گۆڕانکاریانەداین، هەوڵمانداوا لەگەڵ ئەو گەشەکردنە زانستیەی لە جیهان ڕوودەدات، گەشە بە سستمی پەروەردە و فێرکردن و گۆڕانکاری لە شێواز و مێتۆدەکانی خوێندنی زانکۆکان بکەین بە شێوازێک بتوانین سوود لەو زانستە تازیە وەربگرین بۆ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگاکەمان؟

بێگومان وەڵامەکەی، نەخێر دەبێ.

لەگەڵ ئەوی جیهان زۆر بە پەلە لە هەموو بوارەکان گەشەدەکات، هێشتان لە هەرێمی کوردستان ڕێگری زۆر هەیە بۆ ئەوەی ببین بە خاوەنی سستمێکی پەروەردە و فێرکردنی هاوچەرخ، سستمێک تێدا کەسانێکی داهێنەر بەرهەمبێنێت، دەزانن تەنها لە ئەمریکا بە هەزاران داهێنەر هەیە لە بواری زیرەکی دەستکرد، ئەوە باس لە شارەزا و بەکارهێنەری زیرەکی دەستکرد ناکەم. ئێستا وڵاتە پێشکەوتوو و زلهێزەکان پلانی گەورەیان هەیە لەم بوارە، لە کەمتر لە دە ساڵی داهاتوو زیرەکی دەستکرد هەموو بوارەکان کۆنتڕۆڵ دەکات. داهێنانی گەورە لە بواری پزیشکیدا دەبێت. لە گەڵ بەکار هێنانی زیرەکی دەستکرد تێکڕای ناوەندی تەمەنی مرۆڤ دەگاتە ١٥٠ ساڵ.

 لە کۆمەڵگای ئێمە  و خێزانەکان هەردەم لە هەوڵی ئەوەدان منداڵەکانیان بنێرن بۆ کۆلێژی پزیشکی، بێ ئاگا لەوەی لەگەڵ بە کارهێنانی زیرەکی دەستکرد پزیشک ئەو ڕۆڵە گرنگیەی نامێبێت، زانستەکان و زانستی ئابوری و بەڕێوەبردن و تەکنەلۆجیا شوێنیان دەگرنەوە. لە ڕێگای زیرەکی دەستکرد هەر لەگەڵ لەدایک بوونی منداڵ لە ڕێگای جیناتی منداڵەکە دەکرێ تایبەتمەندی و ئەو نەخۆشیانەی لە داهاتوو توشی منداڵەکە دەبێت دەستنیشان بکرێ و ڕێگری لێبکرێت. ئێستا زانستی پزیشکی چارەسەری نەخۆشیەکان دەکات، بەڵام لەگەڵ زیرەکی دەستکرد ڕێگری لە نەخۆشی دەکات. هەر ئەم زانستە تازەیە کار لەسەر جیناتی مرۆڤ دەکات وادەکات گەشەکردن و مانەوەی مرۆڤ بە گەنجی تا تەمەنێکی زیاتر لەوەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوەش وادەکات تەمەنی مرۆڤ زیاتر بێت و درەنگتر پێری پێوەدیاربێت.

پزیشک ئەو ڕۆڵەی نابێت، لە سەنتەرێکی پزیشکی جیناتی هەر یەک لە هاوڵاتیان دەپارێزرێت و هەرکاتێک کەسێک نەخۆش کەوت پەیوەندی بە ئەو سەنتەری جێناتی لێپارێزراوە دەکات و باسی شوێنی ئازار و نارەحەتیەکانی دەکات، ئەو کات بە پێی جیناتی مرۆڤەکە چەرەسەری پێدەدرێت. نەک وەک ئێستا هەموو ئەوانەی بۆ نمونە گەدەیان ئازاری هەیە، هەمان دەرمانیان پێدەدرێت، کە ئەوە هەڵەیە، دەبێ بە پێی جینات چارەسەربکرێت ئەو دەرمانەی بۆ مرۆڤێک دەگونجێ بۆ کەسێکی تر سودی نییە کە هەمان نەخۆشیان هەیە. ئەوە شتێکی زۆر کەمی گەشەکردنی بواری پزیشکی دەبێت.

داهێنانی زۆر گەورە لە هەموو بوارەکانی ژیان لە کەمتر لە دەساڵی داهاتوو ڕوودەدات، ئەو کات ئێمەی کورد زیاتر دواکەوتووتر و نەخوێندەوارتر و کەمزانتر دەبین.

بۆ ئەوەی بتوانین هەنگاوێکی بچووک لەم گەشەکردنە گەورەیەی لە جیهان ڕووددەدات نزیک ببینەوە، دەبێ گرنگی بە سستمی پەروەردە و فێرکردن و زانکۆکان بدەین. گرنگە سەرلەنوێ سستمی پەروەردە فێرکردن لەسەر بنەمای سەردەمیانە و هاوچەرخ و دیموکرات داڕێژینەوە و خوێندن لە پێناوی فێربوون بێت نەک بەدەستهێنانی نمرە و هەوڵبدەن لە کۆلێژی پزیشکی یان ئەندازیاری وەربگیرێت کە لە ساڵانی داهاتوو هیچ بەهایەکیان نامێنێ. زانکۆکان بەشێوازێک بێت داهێنەر و توێژەر بەرهەمبێنن، نەک تەنها فەرمانبەر.
ئێمەی کورد شایەنی خۆشگوزەرانی و بەرەوپێشچوونین، شایەنی دەسەڵاتێکی دڵسۆز و حکومڕانێکی ڕەشید و دیموکراتین، قوربانی و زەحمەتی و دەربەدەری زۆرمان داوە و بینیومانە لە پێناو پاراستنی نەتەوەکەمان و ئازادی و خۆشگوزەرانی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن