ئەرکەکانی خێزان پێشکردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان
8/27/2021 4:31:00 PM
رەهێڵ دزەیى
ماوەیەکی زۆری نەماوە تا ساڵی خوێندن دەستپێبکات، بۆیە گرنگە لە ئێستاوە خێزان سستمی ژیانی خێزانی خۆیان بەشێوەیەک ڕێکبخەنەوە تا لە کاتی دەستپێکردنی خوێندن کارەکەیان ئاسانتربێت.
ماوەیەکی زۆرە بەهۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا، خوێندن و کردنەوەی دەرگاکانی قوتابخانەکان زۆرکات بەناچاری داخراون، ئەمەش وایکردوە منداڵ و مێردمنداڵەکان تەنانەت گەورەکانیش سستمی ژیانیان گۆڕانکاری بەسەربێت.
لەگەڵ کردنەوەی دەرگاکانی خوێندن، ئەرک و بەرپرسیاریەتی دایک و باوک زیاتر دەبێت. پێش دەست پێکردنی خوێندن بە مانگێک دەبێ منداڵەکانیان ڕابهێنن لەکاتی خۆی بخەون و چالاکیەکانی ڕۆژانەیان ڕێکبخرێت.
لە شەو و ڕۆژێکدا منداڵانی ٦-١٢ساڵی پێویستیان بە (١٠-١١) کاتژمێر خەوتن هەیە ، لە سەرووی ١٢ ساڵ پێویستی بە (٨-٩) کاتژمێر خەوتن هەیە. بۆ ئەوەی قوتابیەکان چالاکانە و بە وریایەوە بتوانن ئامادەی وانەکانیان بن و سەرنجیان لەلای دەرسەکانیان بێت وسوودی لێوەرگرن، گرنگە کاتی پێویست بخەوەن.
ئەرکی دایک و باوکە کاتەکانی منداڵەکانیان ڕێکبخەن، منداڵ چاو لە ڕەفتاری دایک و باوکی دەکات، بۆیە دەبێ دایک و باوک ببن بە پێشەنگ بۆ منداڵەکانیان و لە ئاست ئەم ئەرک و بەرپرسیاریەتیە گەورە و پیرۆزەبن، سەرەتا کات و سستمی ماڵەکەیان بەشێوازێک ڕێکبخەن کە یاریدەدەربێت بۆ ریکخستنی کاتەکانی منداڵەکانیان. دایک و باوک هەموو چالاکیە کۆمەڵایەتیەکانیان بە ڕۆژ جێبەجی بکەن بە شێوازێک سەردان و مێوانداری لە ئێواران نەکەن، ئەم کاتە تەرخان بکەن بۆ منداڵەکانیان.
وەک هاوکاریەک بۆ دایک و باوکان چەند ڕێنمایەک دەخەمەڕوو.
کاتژمێر شەشی ئێوارە کاتی نان خواردنی ئێوارەبێت، لە هەمان کات خەتی ئینتەرنێت دابخرێت. دواتر کاتی شوشتن و ددان شوشتنی منداڵەکان، جلی خەوتن لەبەربکەن. منداڵەکان بچەنە سەرجێگای خەوتن، گرنگە پێشخەوتن دایک یان باوک کتێبێک یان چیرۆکێک بۆ منداڵەکانیان بخوێنەوە، ئەمە یارمەتی دەدات کە خۆشەویستیان بۆ کتێب وخوێندنەوە دروستبێت و هەروەها یارمەتی دەدات فانتازیا و خەیاڵیان گەشەبکات.
بەیانیان زوو منداڵەکان لە خەوهەڵبستێنن، تا کاتێکی باشیان هەبێ بە هێمنی جلی قوتابخانە لەبەربکەن و نانی بەیانی بخۆن، گرنگە کە میوەیەک یان ساندویچەک لەگەڵ منداڵەکانتان بنێرن بۆ قوتابخانە، لە کاتی برسیبوونیان بیخۆن.
لەکاتی گەڕانەوەیان لە قوتابخانە، سەرەتا جلیان بگۆڕن ودەستیان بشۆن و پشوەک بدەن، دواتر نان نیوەڕۆ ڕۆژانە لە کاتی دیاریکراو بخۆن. دوای نان خواردن هاوکاری منداڵەکانتان بن لە جێبەجی کردنی ئەرکەکانی قوتابخانە.
دوایی ئەنجامدانی ئەرکەکانی قوتابخانە کاتێک بدە بە منداڵەکەت کە بە ئارەزووی خۆی بەکاریبهێنێت (لە دوورەوە چاودێری بکە).
منداڵان جیاوازن لە حەز و ئارەزووەکانیان، بەپێی ئارەزوو و حەزەکانی منداڵەکانتان ڕەوانەی خولەکانیان بکەن، بۆ ئەوەی گەشە بە حەز و ئارەزووەکانیان بدرێت.
پەیوەندی نێوان خێزان و قوتابخانە گرنگی زۆری هەیە، بۆیە هەوڵبدەن بەبەردەوامی سەردان یان لە ڕیگای پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مامۆستای منداڵەکەت ئاگاداری باروودۆخی منداڵەکەتبیت لە قوتابخانە، هەروەها ئەگەر هەر بابەتێک لە ماڵەوە هەبوو کە کاریگەری هەبێ لەسەر خوێندنی منداڵەکەت، گرنگە مامۆستای سەرپەرشتیاری مندالەکەت ئاگاداربکەیتەوە بۆئەوەی بەهەندی وەربگرێت لە کاتی وانەبێژی و مامەڵکردن لەگەڵ منداڵەکەت.
هیوادارم ئەم ساڵی خوێندن ساڵێکی سەرکەوتوو وبەسوودبێت بۆ قوتابیان.