خوێندنگا و فەلسەفەی (مۆنتیسۆری) چیە؟
11/2/2020 6:20:00 PM
رەهێڵ دزەیى
فەلسەفە و مۆدێلی
مۆنتیسۆری، یەکێکە لە فەلسەفەکانی بواری پەروەردە وفێرکردن کە پزیشک و پەروەردەیی
ئیتاڵی ماریا مۆنتیسۆری دایهێناوە و بەناوی خۆی ناوناوە، لە ئێستادا ئەم مۆدێلە لە
هەموو جیهان بەکاردەهێندرێت.
ئەم شێوازە
لە پێداگوگە (زانستی پەروەردە) خزمەت بە
منداڵانی تەمەن سێ تا هەژدە ساڵ دەکات.
خوێندنگاکانی مۆنتیسۆری
لەسەرەتاوە لە پێناو فێرکردنی ئەم منداڵانەی گەشەی مێشکیان دواکەوتووبوو یان تەندروست
نەبوون دامەزراوە، دواتر بوو بە بەشیک لە سستێمی پەروەردە وفێرکردنی زۆرێک لە وڵاتان.
پێش ئەوەی باس لە
فەلسەفەی مۆنتیسۆری بکەم با ئاشنای خاوەن و داهێنەری خوێندنگاکانی مۆنتیسۆری بین و
بزانین کێیە.
ماریا تێکلا مۆنتیسۆری،
خانمێکی ئیتاڵیە لە ساڵانی(٦/٥/١٨٧٠-٣١/٨/١٩٢٥) ژیاوە. لەگەڵ ئەوەی بڕوانامەی لە
بواری پزیشکی بەدەست هێنابوو بەڵام سێ جار ناوزەندکراوە بۆ خەڵاتی نۆبڵ لە بواری پەروەردەدا،
ئەمەش ناوبانگێکی زۆری پێبەخشی.
ماریا لەسەردەمانێک
خەونی گەورەی هەبوو کە لە داب و نەریت و کلتووری کۆمەڵگای ئیتاڵی ئاسایی نەبوو
کچان لە زانکۆکان بخوێنن و بڕوانامە بەدەست بێنن وکاری مامۆستا یا پزیشکی بکەن، بەلام
کەسایەتی بەهیز و باوەڕ بەخۆبوونی ماریا مۆنتیسۆری وای کرد کە سوور بێت لەسەر بە دیهێنانی
خەونەکانی. لە ساڵی١٨٩٦ لە زانکۆی سابینزا لە ڕۆما بڕوانامەی پزیشکی بە پلەی نایاب
بەدەست هێنا، بەمەش بوو بە یەکەم ژن کە بڕوانامەی پزیشکی بەدەست بێنێت لە وڵاتی ئیتاڵیا.
لە کاری پزیشکیدا
بینی منداڵانێکی زۆر کە لە ڕووی مێنتاڵیەوە تەندروست نەبوون و دووردەخرانەوە لە خوێندن
و بێبەش دەبوون لە فێربوون، ئەمە وایکرد کە گرنگی بەم منداڵانە بدات و هەوڵی فێرکردنیان
بدات. مۆنتیسۆری دوای کارکردن وهەوڵدانێکی زۆر توانی ئەم منداڵانە فێری خوێندن و
نووسین بکات، فێری کردن کە ئەرکەکانی ڕۆژانەی خۆیان جێبەجی بکەن. سەرەتا بە کردنەوەی
چەند پۆلێک دەستی پێکرد دواتر لە ساڵی ١٩٠٩ بۆ یەکەم جار خوێندنی پەروەردەیی مۆنتیسۆری
لە ڕۆما کراییەوە. یەکەم کتێبی بەناوی(مۆدێلی مۆنتیسۆری) لە ساڵی ١٩١٢ بە زمانی ئینگلیزی
بڵاو کردەوە. دواتر دەستی بە گەشت کردن کرد بۆ زۆرێک لە ولاتانی جیهان بەمەبەستی
ئاشناکردنیان بە مۆدیلی مۆنتیسۆری وە کردنەوەی خوێندنگای مۆنتیسۆری. لە ئێستادا لە
زۆربەی وڵاتاندا خوێندنگای مۆنتیسۆری بوونی هەیە و گرنگی پێدەدرێت.
فەلسەفەی مۆنتیسۆری
لەسەر بنەمای عەقلانیەت و پراکتیکی دامەزراوە. گرنگترین بنەماکانی ئەم مۆدێلە
ئازادیە، منداڵ ئازادی تەواوی پێدەبەخشرێت بۆ دەستنیشان کردنی جۆر و شیوازی فیرکردنی،
منداڵەکان ئازادن لە (هەڵبژاردن، قسەکردن، کارکردن، یاریکردن، ڕتکردنەوەی فشار و ترس،
گەشەکرد، خۆشەویستی، بیرکردنەوە)، بەلام فێردەکرێن کە ئازادیەکانیان لە سنووری خۆی
بەکاربهێنن. منداڵەکان بەرپرسن لە فێربوونی خۆیان، ئەرکی مامۆستا تەنها رێنمایی و
چاودێریە.
ئامرازەکانی
فێرکردن ( یارییە).
ئەم یاری و کەرستانەی
بەکاردەهێندرین، خاتوو ماریا مۆنتیسۆری بۆخۆی بە شێوەیەکی تایبەت درووستی کردوون و
هەر یاریەک ئاماجێکی فێربوونی بوارە جیاجیاکانی لە پشتەوەیە، واتا منداڵەکان هەمان
ئەو دەرسانە فێردەبن کە لە خوێندنگا ئاساییەکان دەخوێندرێت وپۆلەکانی خۆیان وەک خوێندنگاکانی
ئاسایی دەبڕن، بەڵام لێرە لە ڕیگای یاری کردن پرۆسەی فێربوو ئەنجام دەدرێت.
لە هەر
یاریەک یەک دانە هەیە لە پۆلێکدا، بۆ ئەوەی منداڵەکان فێری چاوەڕوانی و ڕێزگرتن لە
بەرامبەرەکەیان وخۆڕاگری بن. منداڵەکان ئازادن لە هەڵبژاردنی کام یاری ئارەزوویان
لێیە یاری پێبکەن وە بۆ چەندین جار دووبارەی بکەنەوە، ماریا پێیوایە منداڵان تاقەتێکی
زۆریان لە دووبارەکردنەوەی ئەم ڕاهێنانە هەیە کە خۆیان ئارەزوویان لێی هەیە، بۆیە دەبێ ڕێز لە
حەز و ئارەزووەکانیان بگیرێت. پرنسیپی سزا و پاداشت پەیڕەو ناکرێت لە مۆدێلی مۆنتیسۆری،
بەڵام دسپلین وئازادیەکی زۆر هەیە و دەبێت هەموو شتێک وەک خۆی بەڕێوە بچێت. دسپلین
لە خوێندنگاکانی مۆنتیسۆری مامۆستا داینانێت بەڵکو خوێندکارەکان خۆیان دروستی دەکەن.
مۆنتیسۆری پێیوایە دسپلین لە ئازادیەوە بەرجەستە دەبێت، هەرکاتێک منداڵەکان ئازاد
بوون ئەوکات دەتوانن دسپلین بەرهەم بێنن.
لە خوێندنگاکانی
مۆنتیسۆی گرنگی بە خواردنی تەندروست، پاک وخاوێنی، ڕەوشتی دروستی هەڵس وکەوت دەدرێت.
ماریا مۆنتیسۆری
دوای ئەوەی سەرکەوتنی گەورەی لە فیرکردنی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەدەستهێنا
و خێزانەکان و شارەزایانی بواری پەروەردە زۆر سەرسام بوون بە ئەو کارەی ئەنجامی
دا، زۆر لای مایەی پرسیار بوو کە بۆچی ئەو منداڵانەی هیچ کێشەیان نیە لەم ئاستە
نزمەدان لە فێربوون؟ بۆیە بیری کردەوە ئەگەر بێتوو ئەم مێتۆدەی کە لەگەڵ مندالانی
خاوەن پێداویستی تایبەت بەکارهات هەمان مێتۆد لەگەڵ منداڵانی ئاسایی بەکاربهێندرێت
بێگوومان سەرکەوتنی گەورەتر و سەرسوورهێنەرتر بەدەست دەهێنین. ئێستا بەشێکی زۆر لە
فەلسەفە و مۆدێلی مۆنتیسۆری لە سستمی پەروەردەی وڵاتانی ئەوروپا بەکاردەهێندرێت.
خوێندنگا و فەلسەفە
و مۆدێلی مۆنتیسۆری ناوێکی تازە و نامۆیە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بوونی هەیە. لە
هەرێمی کوردستان خوێندنگایەک هەیە بەناوی (مۆنتیسۆری تایبەت).
پرسیارەکە ئەوەیە:
ئایا تەنها ناوەکەیان وەرگرتووە یان ناوەڕۆکەکەشەی؟؟؟