217وتار

ديسلیکسی و کاریگەریەکانی لەسەر فێربوون چییە

9/1/2023 6:49:00 PM
رەهێڵ دزەیى

دیسلیکسی نەخۆشێکەی درێژخایەنە و چارەسەری نییە، بەڵام دەرکرێ دەرهاوێشتەکانی زۆر کەم بکرێتەوە لەڕێگای گرنگی پێدان و شارەزای لەسەر ئەم نەخۆشییە لە لایان بەرپرسانی بواری پەروەردە و فێرکردن و مامۆستاکانەوە، بوونی کەسانی پسپۆر شارەزا لەم بوارانە.

دیسلیکسی کێشەی خوێندنەوە و نوسین لەلای منداڵ دروست دەکات.

دیسلیکسی وشەیەکی لاتینییە لە دوو ووشە پێکهاتووە(dys - leksia) بەمانی (زەحمەت - ووشە) دێت.

دیسلیکسی یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکار کە وادەکات قوتابی کێشەی فێربون و خوێندنەوە و نوسینی بۆ دروستبێت.

ئەوانەی ئەم نەخۆشیەیان هەیە کێشەیان بۆ دروست دەبێت لە کاتی خوێندنەوەی تێکستەکان و ناتوانن وەک خۆی بیخوێنەوە و لە مانای بابەتەکە تێبگەن.

دیسلیکسی نەخۆشیەکی زگماکە، لە ٥٪ لە دانیشتوانی جیهان ئەم نەخۆشیەیان هەیە، ڕێژەی کچ و کور یەکسانە، واتا لە هەردوو ڕەگەز بوونی هەیە هیچ کامیان ئەگەری زیاتر توشبونیان نییە بەم نەخۆشییە.

دەکرێ کاریگەری ئەم نەخۆشییە زیاتر بێت لە کەسێک بۆ کەسێکی تر کە هەمان نەخۆشی هەیە.

دیسلێکسی نەخۆشیەکە وادەکات ئەو بەشەی مێشک کە بەرپرسە لە گۆڕینی ئەم ووشانەی چاو دەیانبینێت بۆ زمانێکی مانادار، هەروەها ووشەیەکی بیستراو بگۆڕێت بۆ ووشەیەکی نوسراوی مانادار.  ئەم نەخۆشیە وادەکات مێشک پیتەکان تێکەڵاو بکات، بۆ نمونە پیتی ناوەڕاست بێنێتە سەرەتای ووشەکە یان کۆتا پیت سەرەتابخوێنێتەوە، ئەمەش مانا و دروستی ووشەکە لەدەست دەدات.
دیسلیکسی کاریگەری لەسەر توانای مێشک بۆ فێربوون و خوێندنەوە و نوسین هەیە ئەمەش وادەکات هەڵگری ئەم نەخۆشیە لە ڕووی زمانەوانیەوە ئاستێکی باشی نەبێت.
هەڵگری ئەم نەخۆشیە وزەیەکی زیاتر لە منداڵی ئاسایی بەکاردەهێنێت تەنها بۆ خوێندنەوەی تێکستەکە، ئەمەش وادەکات نەتوانێت ناوەڕۆکی بابەتەکە بە تەواوەتی وەربگرێت و بەشێکی زۆر لە مانای تێکستەکە لەدەست بدات.
ئەم نەخۆشیە پەیوەندی نییە بە ئاستی زیرەکی، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەکرێ هەڵگری ئەم نەخۆشیە ئاستێکی بەرزی لە زیرەکی هەبێ.
لەبەر ئەوەی هەر هەموو بابەتەکانی خوێندن پێویستی بە ئاستێکی باشی خوێندنەوە و نوسین هەیە، بۆیە ئەوانەی ئەم نەخۆشیەیان هەیە هەست بە نەزانی و ئاستێکی نزمتر لە قوتابیەکانی تر دەکەن، ئەمەش کاریگەری زۆر خراپ و نەرێنی دەخاتە سەر قوتابی و لە زۆر کات ئەگەر بێتو  هاوکاری و یارمەتی پێویست نەکرێت وایلێدەکات خوێندن بەجێبێڵێت.
وەک باسمان کرد ئەم نەخۆشیە چارەسەری نییە، بەڵام دەکرێ لە ڕێگای سستمێکی پەروەردە و فێرکرنی باش کاریگەریەکانی کەم بکرێتەوە و هاوکاری بکرێن تا بتوانن زاڵ بن بەسەر ئەم کێشەیە.
لە سستمی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی کوردستان وەک پێویست گرنگی بەم نەخۆشیە  و دەرهاوێشتەکانی و کەم کردنەوە لە کاریگەریەکان نەدراوە، دەکرێ بڵێن وەک پێویست زانیاری تەواویان نییە لەسەر ئەم نەخۆشیە و کار نەکراوە بۆ دابین کردنی کەسانی شارەزا و پسپۆر بۆ ئەوەی بەشێوازێکی زانستیانە و پەروەردییانە مامەڵە لەگەڵ ئەو قوتابیانە بکەن و بەشێوازێک فێریان بکە بتوانن سەرکەوتووبن و سوود لە تواناکانیان وەربگیرێت.
سستمی پەرووردە و فێرکردنی هاوجەرخ و دیموکرات، توانیویەتی زۆربەی ئەم کێشانە چارەسەر بکات و بەهەند وەریانبگرێت و بیکات بەبەشێک لە پرۆسەی فێربوون، ئەوانەی ئەم نەخۆشیەیان هەیە بگەن بە ئاستێکی بەرز لە کاری پیشەیی و حکومڕانی و کاری سیاسی.
گەورەترین نمونە سەرۆکی ناتۆیە یانس ستۆڵتنبێرگ( Jans Stoltenberg) ئەو کەسایەتیە هەڵگری ئەم نەخۆشیە و کێشەی زۆری هەبوو لە خوێندنەوە و نوسین لە قۆناغی بنەڕەتی، بەڵام  لە بوونی سستمێکی پەروەردە فێرکردنی گونجاو  کە وادەکات هەر هەموو قوتابیەک فێربکرێت، ئەم کەسایەتیە توانی گەورەترین سەرکەوتن بەدەست بێنێت، ئەم نەخۆشیەی نەبووە ڕێگر لە پێش بەدەستهێنانی خەونەکانی. یانس ستۆڵتینبێرگ پێش ئەوەی ببێت بە سەرۆکی ناتۆ بۆ ماوەیەکی زۆر سەرۆک وەزیرانی وڵاتی نەرویج بوو، هەروەها سەرۆکی گەورەترین پارتی سیاسی بوو بە ناوی پارتی کرێکارانی نەرویج.
سستمی پەروەردە و فێرکردن لە وڵاتی نەرویج بە شێوەیەکە خوێندن بۆ هەمووانە، کەسانی شارەزا و پسپۆر بۆ هەموو کێشەکانی فێربوون ئامادەکردوە و سستمی فێرکردنی گونجاو پەیڕەودەکەن، هەر قوتابیەک بەم شێوازە فێردەکەن کەلە ڕێگایەوە فێردەبێت.
هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروردە دڵسۆزانە گرنگی بە سستمی پەروەردە و فێرکردن بدەن و سستمێکی هاوچەرخ و دیموکرات دابڕێژن و  هەموو منداڵەکانمان مافی خوێندن و فێرکردنی یەکسانیان هەبێ.
تەنها لە ڕێگای سستمێکی پەروەردە و فێرکردنی باش دەتوانین کۆمەڵگاکەمان بەرەو گەشەکردن و پێشکەوتن ببەین و نەوەیەکی ڕۆشنبیر و پڕ لە زانست و مەعرفەت و سەربەخۆ بەرهەمبێنین و سوود لە تواناکانی هەموو ئەندامەکانی کۆمەڵگاکەمان وەربگرین بۆ ئەوەی بتوانین خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری و ئازادی و سەربەخۆی بۆ گۆمەڵگا و نەوەی داهاتوو بەدیبێنین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن