خوێندنگاکان مەفرۆشن، دروستیان بکەن
5/10/2021 10:06:00 PM
رەهێڵ دزەیى
یەکێک لە کێشەکانی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان کەمی خوێندنگایە، زۆرێک لە خوێندنگاکان دوو دەوام و سێ دەوام هەیە، ئەوەش وایکردوە کە خوێندکار وەک پێویست ئەم بەشەوانانەی کە دەبێ لە ساڵی خوێندن بیخوێنێت کە مافیەتی ئەستەمبێت.
من ئێستا خەریکی نووسینی پرۆژەیەکم کە لە ڕێگایەوە بتوانین کەسانی هەبوو و دەوڵەمەند و خاوەن پرۆژە لە هەرێمی کوردستان هانبدەین خوێندنگا دروست بکەن.
لە یاسای باج، یاسایەک هەیە کە هەر کەسێک مزگەوت دروست بکات لێخۆشبوونی بۆ دەردەچی لە باج دان. برۆژەکەی من ئەوەیە، لەگەڵ مزگەوت خوێندنگا و بنکەی تەندروستی زیاد بکرێت. بەو مانایەی هەر کەسێک خوێندنگایەک، بنکەیەکی تەندروستی، مزگەوتێک دروست بکات لە باجدان لێخۆشبووونی بۆ دەرچیت. بەمەش دەوڵەمەندەکان هاندەدەین و هەلیان بۆ دەرەخسێنین خزمەت بە کۆمەڵگاکەیان بکەن و هەروەها یەکیک لە کێشە گەورەکانی بواری پەروەردە وفێرکردنمان بۆ چارەسەردەبێت.
ناکرێ هەڵگری دروشمی خزمەت ودڵسۆزی وڵات بیت و خوێندن و خوێندنگا هەراج بکەیت. گرنگی دان بە خوێندن و زانست ئاستی هوشیاری ودڵسۆزیت بۆ گەل وڵات نیشاندەدات. هەر حکومەتێک گرنگی دا بە خوێند حکومەتێکی سەرکەوتوودەبێت ووڵات و کۆمەڵگا بەروە پێشکەوتن وسەرکەوتووی دەبات. بەداخەوە لە ماوەی حکومڕانی کوردیدا ئەوەی گرنگ نەبوو لەلای حکومەت و حزبەکانی دەسەڵات کەرتی پەروەردە و فێرکردن بوو. ساڵ بە ساڵ خوێندن پاشەکشەی کردوە. هەر حکومەتێک و وەزیرێکی تازە هاتووە بە ئارەزووی خۆی دەستکاری سستمی پەروەردەی کردوە بێ ئەوەی زانیاری هەبێ یان بۆچوونی شارەزایان و دڵسۆزانی بواری پەروەردە بەهەند وەربگرێت، تا وایلێهات ئاستی خوێندن و زانست بگاتە ئاستێکی زۆر نزم.
گرنگی دان بە خوێندنگای تایبەت و گوێنەدان بە خوێندگاکانی گشتی وای کرد خوێندنی گشتی بەهای نەمێنێت و زانست و مەعرفەت هەراج بکرێت لە بازار، ئەرکێکی ئابووری قورسیش بخرێتە سەر خێزان. خێزانەکان بۆ ئەوەی منداڵەکانیان فێربن و خوێندنەکی جێگیریان هەبی ناچارن بیاننێرنە خویندنگای تایبەت.
تەنانەت لە وڵاتانی سەرمایەداریش کەرتی پەروەردە وفێرکردن و تەندروستی بە تایبەت ناکرێت. لە سەردەمی ڕژێمی بەعس یەک خوێندنگای تایبەت هەبوو بە ناوی (ڕاهیبات) کە بە پارەیەکی ڕەمزی بوو بەڵام لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو ئەو خوێندنگایە بە حکومی کراو بڕیاردرا کە نابێت هیچ خوێندنگایەکی تایبەت بوونی هەبێ لە عیراق.
فرۆشتنی خوێندنگا پەیامێکە پێماندەڵی، حکومەت کەرتی پەروەردە وفێرکردن و زانست ومەعرفە وهوشیار کردنەوەی کۆمەڵگا و بە خوێندەواری کردنی نەوەی داهاتووی لەلا گرنگ و مەبەست نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە لە بەرژوەرندی دەسەڵاتەدایە گەلێکی نەخوێندەوار وبێ ئاگا هەبێ و توانای پرسیار کردنی نەبێت، گەلێک هاوار نەکات بەیەک دەنگ بڵی ئەو هەموو سەروەرت پارەیەتان لە كوێ بوو لە کاتێکدا بە جلێکی دڕاوەوە هاتنەوە ناومان.
ئەرک و بەرپرسیاریەتی ئێمەیە کە بێدەنگ نەبین بەرامبەر بە هەراج کردنی خوێندن و خوێندنگاکان. بێدەنگ بوو بەرامبەر بە بێ بەهاکردنی خوێندن زۆر مەترسیدارترە لەوەی ئەو ماوەیە بێدەنگ بووین بەرامبەر بە دزینی داهات وقووتی خەڵک. هەراج کردنی خوێندن و خوێندنگاکان واتای ئەوەیە تا چەندین نەوەی تر کۆمەڵگایەکی دەستەمۆ وبێدەنگ وماف خوراو بەرهەم دەهیندریت. نەوەیەک بەرهەمدێت درک بە ئەرک و مافەکانی ناکات، توانای بەشداری کردنی نابێت لە بەرەوپێشجوون و گەشەکردنی کۆمەڵگا، بەمەش مەیدان چۆل دەبیت بۆ کەسانی هەلپەرست و نەخوێندوار و بێتوانا بەڕێوەمان ببەن.
کوردستانی ئێمە زۆر قوربانی داوە و نەهامەتی زۆر بینیوە، شاییستەی زۆر لەوە زیاترە گرنگی پێبدریت وهەوڵ بدرێت لە ڕیگای سستمێکی پەروەردە وفێرکردنێکی هاوچەرخ و پێشکەوتوو نەوەیەکی خوێندەوار، پڕ زانست، هوشیار، خاوەن دید و پرسیار، دڵسۆز و کوردپەروەر بەرهەم بێنین کە خەونی و ئاواتی شەهیدەکانمان و ئێمەش بێنێنەدی.