گرنگە وانەی فەلسەفە لە قۆناغی بنەڕەتیدا هەبێ
2/29/2020 8:29:00 PM
رەهێڵ دزەیى
کە وشەی فەلسەفە بەر گوێمان دەکەوێت، ئەفلاتوون و سوقڕاتو کەڵە فەیلەسوفە گەورەکانی جیهان دێتە زهنمان. فەلسەفە وەک بابەتێکی زۆر قورس کە زۆربەی خەڵک پەی پێنابەن و لێی دووردەکەونەوە وێناکراوە بۆمان.
فەلسەفە بابەتێکی ئەکادیمیە و تەنانەت زۆرێک لە کۆلێژەکان گرنگی پێنادەن، تێڕوانینی زۆربەی خەڵک بۆ فەلسەفە ئەوەیە، کە فەلسەفە نەک کاری منداڵانی قوتابخانەکان نییە، بەڵکو کارێکە ماندبوونی پێویستەو قورسە بۆ گەورەکانیش.
پێش ئەوەی باس لە گرنگی بوونی فەلسەفە لەناو قوتابخانە بنەڕەتیەکان بکەم، سادەترین پێناسەی فەلسەفەتان پێدەناسێنم.
لە سادەترین مانادا، فەلسەفە هەوڵدەدات بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە سەرەتاییەکان دەربارەی ژیانی ئێمە و ئەو جیهانەی کە ئێمە تێیداین.
کەواتە بنەمای فەلسەفە گفتوگۆ و پرسیارکردن و گەڕان بەدوای وەڵامەکانە، پرسیارەکە ئەوەیە:
ئایا منداڵان دەتوانن بەشدار بن لە گفتوگۆی فەلسەفی؟
دەکرێت گفتوگۆی فەلسەفی لەگەڵ منداڵان بکەین؟
ڕاستە منداڵان فەیلەسوفێکی خۆڕسک و دانسقەن؟
زۆرێک لە دایک و باوکان لە پرسیارەکانی منداڵاکانیان بێتاقەت دەبنو لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیان هەڵدێن، یان هەندێکجار توڕەدەبن لە منداڵەکانیان کە وازبێنن و ئەوەندە پرسیار نەکەن. هەندێکیش لە دایکو باوکان گرنگی بە پرسیارەکانی منداڵەکانیان دەدەن، لە هەندێکجار تووشی سەرسوڕمان دەبن بەوەی منداڵەکەیان کە لە تەمەنێکی خوار شەش ساڵیدا، پرسیاری زۆر قوڵ و فەلسەفیانە دەکەن و توانای گفتوگۆ و گەڕان بەدوای وەڵامەکانیان هەیە.
زۆربەمان رووبەڕووی ئەوە بووینەوە کە منداڵەکانمان لێمان دەپرس، کە چۆن هاتونەتە جیهان، مەبەستی منداڵەکە ئەوەنییە، شێواز و میکانیزمی هاتنی بۆ ئەم جیهانە، بەڵکو مرۆڤ لە سەرەتاوە، یان یەکەم مرۆڤ چۆن هاتۆتە ئەم جیهانە،، لێمان دەپرسن، ئەوەی دەمرێت بۆ کوێ دەڕوات؟ یان پرسیاری ئەوەمان لێدەکەن، کە خوا کێیە؟ چۆنە؟ لە کوێیە؟ زۆرێکی تر لە پرسیار کە ئەم مێشکە بچووکەی منداڵەکانمانی هیلاک کردووەو دەیانەوێت وەڵامەکانیان دەستکەوێت.
ئەگەر ئاشناییمان لەگەڵ مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا هەبێ، ئەوە لامان ڕوونە کە پێش هەزاران ساڵ فەیلەسوفەکان ئەم جۆرە پرسیارانە سەرقاڵی کردبوون و بووبوو بە مەراق لەلایان، هەموو تەمەنیان تەرخانکردبوو بۆ گەیشتن بە وەڵامی ئەم پرسیارانە.
بیرکردنەوەو پرسیارکردن و گەڕان بەدوای وەڵامەکان، تەنها کاری بەتەمەنەکان نییە، پشتگوێخستنی ئەم هەموو پرسیارانەی لە هزری منداڵان هەیە، هەڵەیەکی گەورەیە، کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر مرۆڤ و کۆمەڵگا.
بۆ هێنانی فەلسەفە بۆ قوتابخانەکانی بنەڕەتی پێویست ناکات کە مامۆستا زانیارییەکی زۆری هەبێت لە فەلسەفە، تا بتوانێت فەلسەفە بڵێتەوە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە، مامۆستا حەزێکی زۆری هەبێ بۆ پیشەکەی، پیشەی مامۆستای لەلای تەنها ئەوە نەبێ کە قوتابیان فێری خوێندن و نووسین و ژمارەکان و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و زانستەکان بکات، بەڵکو دروستکردنی کەسایەتیەکی سەربەخۆ و کەسێکی داهێنەر، کار بکات بۆ ورووژاندنی پرسیار و گەڕان بە دوای وەڵام لەلای قوتابیەکانی، هەروەها ئارامگرتن و چێژ وەرگرتن لە فێربوون.
منداڵ کاتێک لە دایک دەبێ حەزێکی سروشتی بۆ زانین تێدایە، هەردەم هەوڵدەدات ئاشنایی دەوروپشتی بێت و پرسیارێکی زۆری لەلا دروست دەبێت. ئەرکی خێزان و دواتر قوتابخانەیە کە گەشە بەم ڕۆحییەتی پرسیارکردنە بدەن. قوتابخانە دەبێ ببێت بەم شوێنەی کە منداڵ تێدا بتوانێت وەڵامی پرسیارەکانی دەستکەوێت و بواری گفتوگۆی بۆ بڕەخسێندرێت، نەک لە دەرەوەی قوتابخانە هەوڵبدات وەڵامی پرسیارەکانی دەستبکەوێت.
کە دەڵێن وانەی فەلسەفە لە قوتابخانەکانی بنەڕەتی گرنگە بوونی هەبێ، مەبەستمان ئەوە نیە کە وانەیەکی تر زیاد بکەین بۆ ئەم وانە زۆرانەی کە ئێستا بوونیان هەیە لە قوتابخانەکان، بەڵکو فەلسەفە بۆ قۆناغی سەرەتایی ئەوەیە ڕێگایەکی نوێ بدۆزینەوە بۆ گوتنەوەی ئەم وانانەی کە ئێستا بوونیان هەیە، واتا شێوازی وانا گوتنەوە بگۆڕین و مێتۆدی گفتوگۆ بکەینە بنما بۆ وتنەوەی وانەکان، سەرلەنوێ دووبارە داڕشتنەوەی هونەر وانەبێژی بکەین. پانتاییەکی زیاتر بدەین بە قوتابیەکان کە گوزارشت لە خۆیان بکەن و بیروڕایان بخەنەڕوو داکۆکی لێبکەن، فێریان بکەین کە ئەرگومێنت بۆ بۆچوونەکانیان بهێنەوە.
گفتوگۆو وروژاندنی پرسیاری فەلسەفیانە، توانای زمانەوانی لەلای قوتابی گەشەپێدەدات و فێردەبن بیرۆکەکانیان بە ڕوونی و بەباشی دابڕێژن و بتوانن بەڵگە بدۆزنەوە بۆ ئەم بابەتانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، نەک بە ئاسانی خۆیان ڕادەستی شتی تر بکەن.
بوونی فەلسەفە لە قوتابخانەکانی سەرەتایی، تەنها منداڵەکان سوودمەند نابن، بەڵکو کۆمەڵگا سوودی لێدەبینێت، فەلسەفە وادەکات، کەسانێکی ڕەخنەگرو گومانکەرمان بۆ بەرهەم بێت کە بە ئاسانی باوەڕ بە دەسەڵاتداران نەکەن، بەڵکو بەدوای بەڵگە و هۆکارەکاندا بگەڕێن. لە کۆتاییدا کۆمەڵگایەکی زیندوو و بەرچاوڕوون و هۆشیار بەرهەم دێنێت، کە تاکەکانی ئازایانە داکۆکی لە مافەکانیان بکەن و ئەرکەکانیان بەرامبەر بە کۆمەڵگاکەیان بەجێبهێنن.