894وتار

لەپێناو چی کچان دەستبەرداری زێڕ و مارەیی بن!

4/29/2022 7:51:00 PM
رەهێڵ دزەیى



هەر کۆمەڵگایەک و نەتەوەیەک شێواز و دابونەریتی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری. سستمی سیاسی وگەشەکردنی ئابووری وڕۆشنبیری کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر شیواز و ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری.

بێگومان ئەو کۆمەڵگایانەی ئاستی ڕۆشنبیر و پێشکەوتنیان بەرزە، کۆمەڵگایەکی ئازادن و باوەڕیان بە مافی مرۆڤ و یەکسانی هەیە، سستمێکی سیاسی دیموکراتیان هەیە پرۆسەی هاوسەرگیری زۆر جیاوازترە لەگەڵ کۆمەڵگا دواکەوتووەکان وئازادی تاک تێدا سنووردارە و سستمێکی سیاسی نادیموکرات و یاسا تێدا سەروەرنیە و سستمێکی ئابووری جێگیریان نیە.

لە کۆمەڵگای کوردەواری و بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان پرۆسەی هاوسەرگیری بەم شێوەیەیە.

دەستپێشخەری وهەنگاوی یەکەم لەلایەن کوڕ دەبێت، هەر کوڕە بڕیار دەدات کەی و چۆن پرۆسەکە دەست پێدەکات، کچ وەک کاڵایەک لە چاوەڕوانیدایە تا کوڕێک بەدڵی دەبێت و داوای دەکات بۆ ئەوەی هەوسەرگیری لەگەڵ بکات و بیکات بەبوکی خێزانەکەی. لە هەندی کاتدا دایک یان خوشکی کوڕە کچیک دەستنیشان دەکەن و بۆ کوڕەکەیان دەیخوازن. ئەگەر بێت و پەیوەندی خۆشەویستیش هەبێ لە نێوان کوڕ و کچێک، لەم کاتەشدا کوڕە خاوەن بڕیارە بۆ ئەوەی پەیوەندیەکەیان بە هاوسەرگیری کۆتاییبێت یان نا.

ئامانج و مەبەست لە هاوسەرگیری چییە؟
لە کۆمەڵگای کوردەواری وەک زۆرێک لە کۆمەڵگا دواکەوتوەکان، لە نەبوونی ئازادی مەبەستی هاوسەرگیری لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی لایداوە. هاوسەرگیری بۆ ئەوەیە دروستکردنی خێزان وماڵێک کە ژن تێدا بەئەرکی بەڕێوەبردنی ماڵ و منداڵ و بەڕێکردنی میوان، لە ناو ئەم گێژاوەدا پەیوەندی ژن و مێرداتی زیاتر دەبێت بە جێبەجێکردی ئەرکەکانیان لە نێوان یەکتردا دوور لە هەست و سۆز و بەشداری ڕاستەقینەی ژیانی یەکتر.

هاوسەرگیری دەبێت لە پێاو پێکەوەژیان بێت، لە پێناو دروستکردنی ژیانێک تێدا وەک دوو مرۆڤ تایبەتمەندی یەکتر بپارێزن  وئیزافەیەکی جوان بن بۆ یەکتر، بەشداری خۆشی و ناخۆشیەکانی یەکتربن، ڕێز و خۆشەویستی و تێگەیشتن لە یەکتر کۆیان بکاتەوە نەک پێویستی. بە یەکسانی ئەرک و پێداویستیەکانی ژیان دابەش بکەن لە نێوانیان، ببن بە هاوڕێ و هاوسەر و هاوژینی یەکتر، ڕێز لە حەز و خۆشیەکانی یەکتر بگرن، کەسایەتی یەکتر بپارێزن. بڕیارەکانی ژیانیان بەیەکەوە بدەن، مەبەستی سەرەکی بۆ پێکەوەژیان و تێگەیشتن و گونجاندن و خۆشەویستی بێت لە نێوان هەردوکیان، ئاستی بیرکردنەوەیان لەیەک نزیک بێت. هەنگاوەکانی دروستکردنی ماڵ و خێزان بەشداربن وەک یەک و لیی بەرپرسبن.

هەرکاتێک کچ و خێزانەکەی لە کاتی داواکاری کچکەیان داواکاریان هەبێ، کەم بێت یان زۆر، ئەوەیان دەکەوێتە بابی مامەڵەکردن. وەک کڕین و فرۆشتن هیچ جیاوازیەکی نابێت. کە داوای زێڕی زۆر یان کەم، داوای ماڵ یان هەر داوایەکی تر بکرێت لەلایەن خێزانی کچ، کوڕ و خێزانەکەی جێبەجێان کرد، وەک ئەوە وایە لەسەر کڕین و فرۆشتنەکە پێکهاتبن و لە پرۆسەی هاوسەگیری و هاوژینی دووردەکەوێتەوە و دەبێت بە پێکهاتنێک، لەسەر بنەمای داواکردن و جێبەجێی کردنی داواکاریەکان دروست دەبیت، بۆیە لە دوای گواستنەوە، بوکە خان لەسەریەتی هەموو داواکاریەکانی زاوا و خێزانەکەی جێبەجی بکات. لەم جۆرە هاوسەرگیریە، کچ لە پێناو چەند مسقال زێڕەک و مارەیەکی زۆر هەموو مافەکانی وەک مرۆڤێک لەدەست دەدات.

لە پێناو پێکەوا ژیانێکی بەختەوەر و لە سەربنەمای ڕێز و یەکسانی دروستکردنی خێزانیکی دروست، گرنگە شێواز و بیرکردنەوەی کۆمەڵگا بگۆڕی دەربارەی پرۆسەی هاوسەرگیری. نەک تەنها کچ دەست هەڵگرێ لە داواکاریەکانی، بەڵکو کوڕیش تێگەیشتنی بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری بگۆڕدرێت، هاوسەرگیری لە پێناو پێکەوەژیان دروست بکەن، نەک لە پێناو هەر هۆکارێکی تربێت. کچ و کوڕ ئازاد بن و بە ئازادانە بڕیار بدەن، بڕیارەکە هی هەردووکیان بێت، کەسیان لە سەرووی ئەوەیتریان نەبێت.

لە کۆمەڵگاکەمان چەندین کچ لە چاوەڕوانی ئەوەن کوڕێک داوایان بکات، تا بتوان خێزان دروست بکەن و ببن بە خاوەن منداڵیک. ئەوەیان یەکێکە لە کێشە سەرەکیەکانی کچی کورد، لەوانەیە لە زۆرلایەنی ژیانی سەرکەوتووبێت و توانیبێتی ژیانێکی باش بۆخۆی دروست بکات، بەڵام ناتوانێت خێزان دروست بکات، هۆیەکەشی ئەوەیە کوڕ خاوەن بڕیارە و ئەو دەبێ دەستپێشخەربێت، هەموو ژیانی بە حەزرەتی ئەوە بەسەر بەرێت منداڵێک لە باوەش بگرێت. 

هەر کاتێک بیرکردنەوەو ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگا  بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری گۆڕا، هەرکاتێک مرۆڤەکان بە ئازادی و یەکسانی بڕیاری هاوسەرگیریاندا و بەشداربوون لە دروستکردنی ماڵ و خیزان، ئەوکات کچیش دەستبەرداری داواکاریەکانی دەبێت و بەشداردەبێت لە دروستکردنی خێزانێکی بەختەوەر، لەسەربنەمای پاراستنی ماف و تایبەتمەندی یەکتر، نەوەیەکی ڕۆشنبیر و بەختەوەر بەیەکەوە پێشکەش بە کۆمەڵگا دەکەن.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن