1114وتار

کە ناوی پێشمەرگەمان دەبیست

3/5/2020 8:58:00 PM
رەهێڵ دزەیى



پێش ڕاپەڕین و کاتی ڕاپەڕین کە گوێبیستی ناوی پێشمەرگە دەبووم، لە زهنی خۆم بەم شێوەیە وێنای پێشمەرگەم کردبوو. پێشمەرگە وەک ئێمە مرۆڤێکی ئاسایی نەبوو، ئەو  لەسەرووی هەموومان بوون، هەموو حەز وئارەزوەکانی وەک مرۆڤێکی ئاسایی وەلانابوو تەنها وتەنها بیری لە کورد وکوردستان دەکردوە وهەموو هۆش و هزری تەرخان کردبوو بۆ چۆنیەتی ڕزگار کردنی وڵات وگەلەکەی.

 پێشمەرگە لە زهنی من و زۆربەی خەڵک ئاوا وێنامان دەکرد کە پارێزەی خاک وسەروەریەکانمان و ڕزگەرکەرمانن، پشت وپەنامان بوون. ئەو خاوەن جەستەیەکی بەهێز وئیرادەیەکی بەهێزتر بوو، خاوەن ڕەوشتیکی زۆر بەرزە کە ڕێگە نادات هیچ کەس  زەڕەیەک لە خاک و داهاتی تاکی و گشتی بدزێ. 
پێشمەرگە ئاوایە وئاوا بوو لەلامان، بۆیە ڕێزێکی زۆر وپایەیەکی بەرزیان هەبوو لەلای تاک بە تاکی کۆمەڵگا
.
کە شۆڕشی نوێ کوردی(ئەگەر بکرێ ناوی بنێین شۆڕش) دەستی پێکرد ئومێدی گەڕاندەوە بۆ خەڵک وخۆشی وئاسوودەیی پێبەخشین و دڵنیاییان پێداین کە بەتانیا نین، ئەوە پێشمەرگە قارەمانەکانن لە شاخەکانی کوردستان دەمانپارێزن.

 وردە وردە گەنجەکان ڕوویان لە شاخ دەکرد بۆ ئەوەی شەڕەفی کوردایەتی وناوی پیرۆزی پێشمەرگەیان پێببەخشرێت. سەرەتا کەسانی کوردپەروەر وخۆنەویست دەستیان پێکرد، بەڵام دواتر کەسانێکی زۆر خۆیان خزاندە ناویان بەهۆکاری  جیا جیا ڕوویان کردە شاخ، ئەوەی لە ترسی عەسکەری، یان بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی، یان دڵی بەکچێکەوە بوو نەیاندەداێێ لە خەفەتان ڕووی لە شاخ دەکرد، هەبوو کارێکی نایاسای کردبوو بۆ ڕزگاربوون لە سزای بەندکردن ڕوووی لە شاخ کردبوو. شاخ پربوو لە کەسانێک کە کورد و کوردستان یەکەمین خەمیان نەبوو، بەهەمووانیش دەگوترا پێشمەرگە! 


یەکەم ڕۆژی ڕاپەڕین زۆر تامەزرۆ بووم کە پێشمەرگە ببینم، دەبێ وەک ئێمە بن؟ وەک ئێمە قسە بکەن وبیر بکەنەوە؟ نا ئەوان زۆر گەرەترن، هیچ شتێک لەم ڕێبازەی هەڵیان بژاردوە لایان نادات. بەڵام بەداخەوە هەر لەیەکەم ڕۆژی ڕاپەڕین نائومێد بووم کە بینیم شارەکەم هەمووی تاڵان کرا، چۆن دەبێ پێشمەرگە ڕێگە بدەن ئەو خەڵکە دزی بکەن؟ چۆن ڕێگەیان دا شار تالان بکەن؟ ئەی ئەوان پارێزەری خاک و خەڵک نین؟ ئەی ئەوان نەهاتوون حکوم بگرنە دەست؟ ئەدی لە کوێ حکومداری دەکەن ئەگەر هەموو داموو دەزگاکا گشتیەکان و ئەم ئامێرانەی بەکار دەهێندران بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات، تاڵان بکرێن؟ 

ئەوانە هەر لە یەکەم ڕۆژی ڕاپەڕین تا ئێستا هەر خەریکی دزی وگەندەڵی و خیانەتن، لە پێناو خۆ دەوڵەمەند کردن کەسایەتی وئەم بیروباوەڕەی(ئەگەر هەیانبووبێت) هەیان بوو خستیانە ژێرپێیان. ئەمانەی ئێستا بە خۆیان دەڵێن بەرپرس لە یەکەم ڕۆژی ڕاپەڕین کە هاتنەوە ناو شارەکان، یەکەم کاریان گەڕان بوو بەدوا نامووسی خەڵک وکەنیزە وژنەکانیان زیاد کرد، دواتر دەستیان کرد بە دزین و تاڵان کردنی قوتی خەڵک و داهاتی سەرخان و ژێرخانی ئەم وڵاتە، هیچ ڕێز وەفایەکیان بۆ خوێنی شەهیدەکان و خەباتی پێشمەرگە دڵسۆز و ڕاستەقینەکان نەبوو.

ئەو کەسانەی گیانی خۆیان بەخت کرد بۆ پاراستنی خاک وخەڵک ئەوان پێشمەرگە بوون، ئەوان مرۆڤی ئاسیی نەبوون، زۆر بەرز وگەورە بوون، ئەوان و بەشیکی کەم لەم پێشمەرگانەی ئێستا ماون و لە سووچێکی ئەم ولاتە یان لە تاراوگا خەم لە خەبات و تێکۆشانی خۆیان و هەڤاڵەکانیان دەخۆن کە شەهید بوون، ئەوانەن کە تا کورد ماوە و مێژوو بە پیرۆزی و گەورەیی ناویان دەهێنێ. 

دڵنیابن شەهیدەکانی ڕێگای ئازادی هەردەم بە سەربەرزی وپیرۆزی لەناو گەلەکەیان دەمێنەوە مێژوو بە گەورەیی ناویان دە‌هێنی و هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان تەنانەت ئاوڕیش لەوانە نادەنەوە کە ئێستا خۆیان ناو ناوە بەرپرس، نەک بێنە بەردەرگاکانیان و گلەییان لێبکەن. ئێوە زۆر لەوە بچووکترن شەهیدانی ڕێگای خەبات وڕزگاری کوردستان، بتانکەن بە هەڤاڵ و هاوخەباتی خۆیان و گلەییتان لێبکەن. 

حاشا ئێوە پێشمەرگە نەبوون، ئێوە پارێزەری خاک وبەرژەوەندیە گشتیەکانی گەلەکەتان نەبوون، هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان خاوەن بیروباوەڕی کوردپەروەرانە نەبوون. ئەوەی بۆمان بەدیارکەوت، ئیوە کەسانێکی خۆپەرست وهەلپەرست داوێنپیس بوون، لە چەتەیەک زیاتر هیچی ترنەبوون، بەها وموڕاڵی کەسانی شۆڕشگێڕتان لێ بەدی نەکرا و ناکرێ. 

کاک نەوشێروان کە ئەندازیاری ڕاپەڕین و یەکێک بوو لەوانەی شۆڕشی هەڵگرساندەوە، لەدوای ڕاپەڕین بێئومێد بوو لێیان، دوورکەوتەوە، بۆی دەرکەوت ئەوانەی دڵسۆزی خاک وگەلەکەیانن زۆر کەمترن لە هەلپەرستەکان. ئەوانەی ڕێگر بوون لە جێبەجێ کردنی بەرنامە وپرۆژەکانی بۆ کروست کردنی وڵاتێکی ئاوادان و خۆشگوزەران زۆر زیاتر بوون لەوانەی هاوبیری بوون. هەر زوو بۆی دەرکەوت کە بەرهەمی ڕاپەڕین کەوتە دەستی دز و خائن وخۆفرۆشەکان، بەلام ویژدانی ڕێگەی پێنەدا وڵات بۆ ئەوانە بەجێبهلێت، بە ئەرکی سەرشانی خۆی هەستە بەرامبەر خاک بە گەلەکەی وبزوتنەوەی گۆڕان ی دروست کرد، بەخەڵک و جیهانی گووت ئەوانە گەندەڵ و دزن. شۆڕشێکی هۆشیاری بەرپاکرد، خەڵکی هوشیار کردەوە لەم دزیە و گەندەڵیەی لە قوت داهاتی خەڵک دەکرێت. پرۆژە وبەرنامەی جاکسازی وبەڕێوەردرنی دامودەزگاکانی حکومەت بەشیوەیەکی شەفاف خستە بەردەم دەسەڵات، کە هەر هەموو لە بەرژەوەندی خەلک دابوو. لە دوای خۆی جەندین کتێب نوسراوی و بۆ ئێمە و چەندین نەوەی تر بەجێهێشتوە کە لەهەر کاتێک کەسانێکی دڵسۆز حوکمی ئەم هەرێمەیان کەوتە دەست سوودی لێببینن. 

ڕەهێل دزەیی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن