316وتار

بۆ چی گرنگە مەنهەجی خوێندن نەمێنێ؟

6/24/2024 11:19:00 AM
رەهێڵ دزەیى

لە سستێمی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی کوردستان، مەنهەج هەیە، واتا لە هەر پۆلێک و بۆ هەر بابەتێک کتێبک ئامادەکراوە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن، مامۆستا و فێرخواز پابەندی ئەو کتێبەن و ئەوەی لەم کتێبە هاتووە دەبێ بیخوێنن و تا کۆتایی ساڵی خوێندن دەبێ هەموو لاپەڕەکانی ئەو کتێبە بخوێنن. زۆربەی کتێبەکان قەبارە گەورەن و ئەو ڕۆژانەی تەرخان کراوە بۆ خوێندن لە هەرێمی کوردستان، کە لە ستەنداری جیهانی کەمترە، لەگەڵ زۆری بابەتەکانی ناو کتێبەکە یەک ناگرنەوە و کاتی زۆر زیاتری پێویستە تا مامۆستا بتوانێ بەشێوازێکی سەردەمیانە و زانستیانە فێرخواز فێر بکات، ئەمەش وا لە  مامۆستا دەکات زۆرێک لە بابەتەکانی مەنهەج بە پەلە و بێ ئەوەی مافی خۆی پێبدرێت و فێرخواز بە باشی لێی تێبگات بیڵێتەوە. 

مەبەست و ئامانجی سەرەکی فێرگاکان(قوتابخانە-خوێندنگا) ئەوەیە فێرخواز بە قۆناغ زانستەکانی فێربکرێن. هەر بۆلێک  لە پۆلەکانی خوێندن و بە گوێرەی تەمەن و گەشەکردنی فێرخواز ئەو بابەتانەی دەبێ و دەکرێ فێربێت دەستنیشان دەکرێت. 
لەو سستەمانەی مەنهەج بوونی هەیە، زانستەکان لە کتێبەک یان زیاتر دەستنیشان دەکرێت بۆ ئەوەی مامۆستا پابەندی بێت بۆی نییە لێیدەرچێت، فێرخوازەکانی فێربکات. 

مەنهەج  لایەنە نەرێنیەکانی زیاترە لە ئەرێنیەکانی. 

 لە بوونی مەنهەچ مامۆستا کاتی ئەوەی نییە بە شێوازێکی سەردەمیانە و مێتۆدەکانی وانەبێژی( دیداکتیک) بەکاربێنێت بۆ ئەوەی ئەو زانستە بەشێوازێک بگەێینێت بە فێرخوازەکانی و فێری بن، زیاتر مامۆستا پەنا بۆ مێتۆدی بانکی دەبات، فێرخواز زانیاریەکان ئەزبەر دەکات نەک تێیبگات. 

لە بونی مەنهەج مێتۆدی بانکی ڕۆڵی سەرەکی هەیە، مامۆستا زانیاری دەبەخشێت و فێرخواز کۆیدەکاتەوە، کەمتر تێگەیشتن و ئاشانابوون بوونی هەیە. مامۆستا سەنترە و فێرخواز ڕۆڵی نییە لە پرۆسەی فێربوونی خۆی. 

لە بوونی مەنهەج فێرخواز تەنها لەو زانیاریانەی لەناو کتێبەکە بوونیان هەیە تاقی دەکرێتەوە و هەلی ئەوەی نییە بەدوا زانیاری زیاتر دابگەڕێ و پرسیار و گومان و ئەرگومێنتی هەبێ، بەڵکو گرنگ ئەوەیە بتوانێ وەڵامی ئەو پرسیارانەی مامۆستا ئامادەی کردوە دەربارەی ئەو زانیاریانەی لە مەنهەج هەیە و نمرەی بەرز بەدەسبێنێت. 

بوونی سستمی پەروەردە و فێرکردن لە هەر وڵاتێک بۆ ئەوەیە نەوەکانی فێری زانست و مەعرفەت بکات، فێربوون گرنگترینە. 

مامۆستا دەبێ ئازادبێت چ شێوازێک و چ ئامرازێک بەکاردەهێنێت بۆ فێرکردنی فێرخوازەکانی، لە بەرامبەردا ئەرکی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنە، (پلانی فێربوون) لە سستمێکی پەروەردە و فێرکردن جێگیربکات. لە پلانی فێربوون دەستنیشان بکرێت لە هەر پۆلێک و لە هەر بابەتێک فێرخواز دەبێ چ فێربێت تا کۆتایی ساڵی خوێند، لە پەرلەمان کۆدەنگی لەسەر  پلانی فێربوون بدرێت. 

 ئەگەر پۆلی یەکی سەرەتای بە نمونە بێنینەوە، وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن لە پلانی فێرکردن دەستنیشانی بکات لە بابەتی زمانی کوردی فێرخوازی پۆلی یەک لە کۆتا ساڵ دەبێ چ فێربووبێت، هەروەها لە بابەتی ئینگلیزی و زانست و بیرکاری، مامۆستا لێرە ئازادە چ ئامرازێک بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی فێرخوازەکەی فێر بکات، بە هەمان شێوە بۆ پۆلەکانی تر. لێرە هەلی بەکارهێنانی میتۆدە جیاوازەکانی فێرکردن زیاتر دەبێ لەبەردەم مامۆستا. فێرخواز ڕۆڵی زیاتری دەبێ لە پرۆسەی فێربوونی خۆی، لە هەمووی گرنگتر لە کۆتایی ساڵی خوێندن فێرخواز ئەو زانستانەی دەبوو فێربێت، فێربووە و لە زاکرەی درێژخایەنی جێگیربووە و لەلای بۆتە مەعرفەت و دەتوانێت بەکاری بهێنێت و سودی لێوەربگرێت لە ئەزمونەکانی ژیانی. مامۆستا لەگەڵ فێرکردن کاتی زیاتری دەبێت و دەتوانێت ئەو مێتۆدانە بەکاربێنێت بۆ ئەوەی ببێت بە بەشێک لە پەروەردە کردن و دروست کردنی کەسایەتی فێرخوازەکە، کە لە بوونی مەنهەجێکی زۆر بواری پەروەردە زۆر قەدیس کراوە. 

کار بکرێت بۆ نوسین و ئامادەکردنی کتێبی جۆراو جۆر لە هەر بابەتێکی خوێندن لە لایەن نوسەرانی بوارەجیاجیاکان، لەلایەن وەزارەتی پەروەردە پەسندبکرێت، بۆ ئەوەی مامۆستا چەندین چاوکی جیاجیای لەبەردەست دابێت و ئەو چاوکەی پێی باشترینە هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی سودی لێوەربگرێت لە پرۆسەی فێرکردنی فێرخوازەکانی. 

نەمانی مەنهەج بابەتێکی حەتمییە، تەنها کات و کاری زیاتری دەوێ لەلایەن کەسانی پەروەردەیی و شارەزایانی زانستی پەروەردە و فێرکردنی هاوچەرخ. دەکرێ لە هەرێمی کوردستان کاتی زیاتر بخایەنێ تا کەسانێکی دڵسۆز و بەتوانا و شارەزا بەرپرسیارتی ئەو کەرتە وەردەگرن، بەڵام لە کۆتایی دەبێ ئەو سستەمەی ئێستا بوونی هەیە گۆڕانکاری گەورە بەخۆیەوە ببینێت و سستمێکی دیموکرات و هاوچەرخ و پێشکەتوو بێتە کایەوە کە شایستەی گەلی کوردبێت و نەوەکانمان بە شێوازێک فێربکرێن و پەروەردە بکرێن بتوانن کۆمەڵگا و نەتەوەکەمان بەرە پێش ببەن و داهێنان و دیموکراتی و ئازادی و دادپەروەری بۆ گەلەکەمان فەراهەم بکەن. 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن