1295وتار

با یادەکەی مەزنترکەین

5/22/2021 9:56:00 AM
رەهێڵ دزەیى


ئەمساڵ یادی چوارەمین ساڵی لە دەستدانی سەرکردەیەکی مەزنی گەلەکەمان کردەوە. سەرکردەیەک، سیاسەتمەدارێک، مێژووناس و مێژوونوسێک، سەرتاپای ژیانی تەرخان کرد بۆ داکۆکی کردن لە گەل و خاکەکەی. بە پێی قۆناغەکانی ژیانی شێوازی خەباتی گۆڕیوە تا لە کۆتا قۆناغ گۆڕانکاریەکی گەورەی لە گۆڕەپانی سیاسی هەڕێمی کوردستان خوڵقاند بە گۆڕینی خەباتی چەگداری بۆ خەباتی مەدەنی و دروست کردنی یەکەم ئۆپۆزسیۆنی چالاک و کارا. سەرکردەیەک، خەمی ئەو ژیان و گوزەرانی خەڵک بوو، خەونی ئەو کوردستانێکی  پێشکەوتوو خاوەن حکومەتێکی دادپەروەر و دیموکرات بوو، کوردستانێک ماف و شکۆی هاوڵاتیانی تێدا پارێزراوبێت. 

هەموو ساڵێک کە یادی ڕۆژی کۆچی کاک نەوشیروان دەکرێتەوە کەسانێکی زۆر لە گۆڕانخوازان وکەسانی بێلایەن وتەنانەت ئەندام و لایەنگری پارتەکانی تری هەرێمی کوردستان ئارەزووی ئامادە بوونی ئەم یادە دەکەن. ئەمەش پێماندەڵێ کە کاک نەوشیروان تەنها موڵکی لایەنێک نییە بەڵکوو موڵکی هەموو کوردە، بۆیە گرنگە یادەکەی ببێت بە یادێک هەموو کورد کۆکاتەوە.

پێشنیاری من بۆ ئەم یادە ئەوەیە: یادکرنەوەکە بکرێت بە ڤستیڤاڵێک چالاکی هونەری وئەدەبی وکەلتووری وفەرهەنگی وسیاسی لەم ڕۆژە ئەنجام بدرێت.

ئەو ڕۆژە لە گردی زەرگەتە، شوێن دابین بکرێت بۆ چالاکییە جیاجیاکان، تاووتوێی بەرهەمە ئەدەبیەکانی ساڵ بکرێت وباشترین بەرهەمی ساڵ دەستنیشان بکرێت و بەرهەمەکانی گەنجان بخرێتە بەرچاو، شوێنی تایبەت بۆ کتێبخانەکان دیاری بکرێت ئەو ڕۆژە بێن لەوێ کتێبەکانیان لێ بفرۆشن. کۆڕو سیمینار ئەنجام بدرێت لەسەر بابەتەکانی کەلتوری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی. نمایشی شانۆ و تابلۆی هونەری و کاری دەستی ژنان و گەنجان بکرێت. منداڵان بێ بەش نەبن لەم ڕۆژەدا. بەم شیوەیە دەبێتە یادێت بۆ چەندین ساڵ بە شەوقەوە چاەوەڕوان دەکرێت.

ئەم شێوەیەی ئێستا یاد دەکرێتەوە لە چوارچێوەیەکی تەسکی داخراوە، کەسانێکی زۆر ئارەزوویان هەیە بەشداربن لەم یادە لە خۆشەویستیان و ڕێزلێگرتنی خەباتی زۆری کاک نەوشیروان، بەڵام لە بەر هەر هۆیەک بێت ناتوانن یا نایانەوێ بێن، ئەمە وایکردوە کە یادەکە تەنها ئەندامان ولایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان بەشدارن بن.

کاک نەوشیروان بە گەورەیی ژیا و لە لوتکە مرد، با یادەکەی بە گەورەیی و مەزنی بمێنێت و ببێت بە کۆکەرەوەی هەموو خەڵکی کوردستان، یادەکەی گەڕانەوەیەک بێت بۆ گرنگی دان بە کەلتوور وئەدەب وهونەری ڕەسەنی کوردەواری، ئەمەش ڕۆحی کاک نەوشیروان ئاسوودەتر دەکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن