223وتار

قۆناغی منداڵی کاریگەری لەسەر دروست بوونی کەسایەتی مرۆڤ، درێژخایەنە

5/18/2024 5:17:00 PM
رەهێڵ دزەیى

سەرەتا بزانین کەسایەتی چییە و چ دەگەێینێت. ئایا هەموو زیندەوەرێک کەسایەتی هەیە؟ 

 

ئایا مرۆڤ ئازادە لە دروستکردنی کەسایەتی خۆی؟ بەو شێوەیەی دەیەوێت ئاوا دروستی بکات. 

 

کەسایەتی،  پێکهاتوە لە کۆمەڵە بیر و بۆچون و حەز و ئارەزو و داب و نەریت، مرۆڤێک لە مرۆڤێکی تر جیادەکاتەوە. 

 

کەسایەتی مرۆڤ بە بەردەوامی لە جولە و هەوڵدان دایە لەپێناو پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان حەزەکانی مرۆڤ و سروشت و یاساکانی کۆمەڵگا کە سەپێنراوە لەسەری. پێناسەی کەسایەتی ئاسان نییە تەنانەت لەلایان زانایانیش، تا ئێستا زۆر لایەنی گرنگ لە کەسایەتی و هەڵس و کەوتی مرۆڤ نەزانراوە و هۆکارەکەی دەستنیشان نەکراوە، بۆ نمونە ئەگەر لە شاعرێک بپرسیت چۆن ئەو هۆنراوە نایەبەت نوسیوە؟ لەوەڵامدا دەڵێ نازانم، هەروەها لە داهێنەرێک بپرسیت چۆن ئەم داهێنانەت کردوە؟ هەمان وەڵامی شاعرەکەت پێدەڵێ، ئەوەش ڕاستە بۆ هەر مرۆڤێک بەهرەیەکی تایبەتی هەیە و داهێنان دەکات. بێگۆمان کە ڕۆمانەکانی شکسپیر دەخوێنینەوە پرسیار دەکەین، چۆن توانیویەتی ئەو شاکارانە بنوسێت؟

 

لە ناو هەموو ئەو زیندەوەرانەی لەسەر زەوی هەن، تەنها مرۆڤ کەسایەتی هەیە. 

 

هۆکاری زۆر هەیە کاریگەری دەبێت لەسەر دروستکردنی کەسایەتی مرۆڤ. زانایانی بواری دەروونناسی و کۆمەڵناسی بۆچوونی زۆر و جیاوازیان هەیە لەسەر کام لە هۆکارەکان زیاتر کاریگەری و زاڵ دەبێ بۆ دروستکردنی کەسایەتی تاک. 

 

ئەو هۆکارانەی زۆربەی زانایان لەسەری کۆکن، هۆکاری کۆمەڵەیەتی و هۆکاری بایولۆجییە. کام لەم هۆکارانە هێزی زیاترە و زاڵ دەبێت؟ 

 

هۆکاری کۆمەڵایەتی و ئەو ژینگەی مرۆڤ لێی دەژیت کاریگەری زیاتری هەیە لەسەر دروستکردنی کەسایەتی مرۆڤ، بێگومان هۆکارە بایۆلۆجیەکان کاریگەری هەیە لەسەر هەڵس و کەوتی مرۆڤ. کەمی و زیاد بوونی ڕژێنەرەکانی لەشی مرۆڤ کاریگەری دەبێ لەسەر هێمنی و توڕەی و بێهێزی و زیرەکی مرۆڤ، بەڵام چواردەوری مرۆڤ دەتوانێ بە ڕێژەیەکی زۆر لەم کاریگەریانە کەم بکاتەوە. 

 

مرۆڤێک لە جیناتی داهەیە زوو هەڵچوون و توڕەبوون، بەڵام لە ناو کۆمەڵە کەسێکی هێمن دەژێت، دەورووپشتەکەی کاریگەریان دەبێت لەسەری، بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی توڕەیەکەی بکات و ببێت بە کەسێکی هێمن. 

 

کەسێک لە ناو ژینگەیەک ژیابێ کە پێیوابێ شەڕەفی ژن بە بەکارهێنانی حجاب بەندە، زۆر قورسە بتوانی ئەم بۆچوونەی بگۆڕیت، تەنها ئەگەر کەسەکە بگوازییەوە بۆ ناو کۆمەڵگایەکی تر کە بۆچوونی جیاوازە ئەوکات دوای ماوەیەکی دەکرێ بۆچونی بگۆڕدرێت. 

 

بە هۆکاری ئەوەی کۆمەڵگا و خێزان کاریگەری سەرەکییان هەیە لەسەر دروستکردنی کەسایەتی مرۆڤ، بۆیە گرنگە ئەگەر بمانەوێ ببین بە خاوەن کۆمەڵگایەکی تەندروست، تاکەکانی خاوەن کەسایەتیەکی بەهێز و دوور لە توند و تیژی و سەرکەوتوو داهێنەربن، دەبێ کار بکەی لە پێباو داڕشتنێ سستمێکی پەروەردەی سەردەمیانە کە لەگەڵ ئەم پێشکەوتنانەی ئەمڕۆ لە جیهان ڕوودەدات بگونجێ. 

 

قۆناغی منداڵێ کاریگەری درێژخایەنی هەیە لەسەر کەسایەتی تاک، هەچەند سەرکەوتووبێت و داهێنانت کردبێت و پلەی بەرزی بەدەستهێنابێ، ناتوانێت ڕزگاری بێت لەو ڕووداو هەراسانکردنەی لە قۆناغی منداڵی بەسەرهاتووە.  زانای گەورە(پاستۆ) کە میکرۆب ی دۆزیەوە، کەسێک بوو کێشەی هەبوو لە قاچێکی دەشەلی، لە سەردەمی منداڵێ منداڵەکانی هاوتەمەنی گاڵتەیان پێدەکرد، ئەوەش وایلێکردبوو هەست بە کەمی بکات، ئەو هەستە بەردەوام بوو لە گەڵی تەنانەت دوایی ئەوەی سەرکەوتن و داهێنانی گەورەشی بەدەستهێنا، نەیتوانی لەو هەست بەکەمییە قوتاری بێت. 

 

وەک باسمان کرد قۆناغی منداڵی گرنگە بۆ دروست کردنی کەسایەتی مرۆڤ، بۆیە ئەرکی دەسەڵاتە لە ڕێگای داڕشتنی سستێمێکی پەروەردەی هاوچەرخ،  شێوازێێکی یەکگرتووی پەروەردە پەیڕەوبکات. فێرگاکان و خێزان هاوکاربن لە پێناو پێشکەش کردنی پەروەردەیەکی یەکگرتوو و ژینگەیەکی هێمن و دوور لە توندوتیژی و هەراسانکردن بۆ منداڵەکان دابین بکەن. 

 

سستمی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی کوردستان لایەنی پەروەردە و دروستکردنی کەسایەتی تاکی کۆمەڵگای پشتگوێخستوە، وەک ئەوەی یەکێک لە ئەرکە سەرکیەکانی، وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن نەبێ. 

 

زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو، کۆکن لەسەر ئەوەی پەروەردە پێش فێربوون، ئەوەش وایکردوە بگەن بە ئاستێکی بەرز لە پێشکەوتن لە زۆربەی بوارەکان، خۆشگوزەرانی و دادپەروەردی فەراهەم کەن بۆ گەلەکەیان. 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن