1469وتار

سیاسەتی بە مێگەل کردنی گەل!

3/28/2020 5:23:00 PM
رەهێڵ دزەیى



چەمک وجۆرەکانی سستەمی سیاسی زۆرن، بۆ پێناسەی چەمکی سستەمی سیاسی دەبێ جیاوازی لە نێوان چەمکی حکومەت وچەمکی سستەمی سیاسی بکەین. چەمکی سستەمی سیاسی فراوانتر وگشتگیرترە لە چەمکی حکومەت، لەبەر ئەوەی حکومەت بەشێکە لە سستمی سیاسی، ئەم بەشەش تایبەتە بە دەزگا فەرمیەکان کە کردارەکانی یاسادانان و جێ بەجیکردن  و دادوەری و کارگێڕی تێدا ڕوودەدات، بەڵام بەشیکی زۆری چالاکیە سیاسیەکانی دەوڵەت لە دەرەوەی دەزگاکانی حکومەت بەڕیوەدەبردرێت، کە خۆی لە پارتە سیاسیەکان دەبێنێتەوە. ئەوەی پارتە سیاسیەکان جودا دەکاتەوە لە سەندیکا وڕێکخراوێکی  نا سیاسی ئەوەیە کە پارتی سیاسی ئامانجی گەیشتنە بە دەسەڵات ومانەوەی لە دەسەڵات بۆ زۆرترین ماوە

لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کورد لە باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١، هەلێک ڕەخسا بۆ کورد کەوا ببێت بە خاوەن حکومەتی خۆی وخۆی حکومڕانی خۆی بکات. ئەگەرچی پارتە سیاسیەکانی کورد دروشمی دیموکراتیان کردە بنەمای سستمی بەڕێوەبردنی هەرێمەکەیان، بەلام  لەواقیعدا پەنایان بردە بەر دەسەڵاتێکی دیفاکتۆ، بۆ بە یاسا کردنی دەسەڵاتەکەیان دوای ساڵێک هەستان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن ، بۆ ئەوەی دەریخەن کەوا گەل حکومی خۆی دەکات، لە ڕیگای هەڵبژاردن نوێنەرانی خۆی هەڵدەبژیرێت. یەکەم حکومەتی کوردی لە باشوری کوردستان دامەزا، ئەمش بووە مایەی دڵخۆشی وسەربەرزیەکی زۆری بۆ کورد

.
بەڵام وەک باسمان کرد زۆرترین چالاکیە سیاسیەکان لە دەروەری حکومەت ئەنجام دەدرێت. حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان خۆی دەبێنێتەوە لە دوو پارتی سەرەکی (پارتی دیموکراتی کوردستان ویەکیەتی نیشتمانی کوردستان) کە خاوەن هێز و پارە و چەکدارن،  لە دەرەوەی حکومەت بەرناومە و پلان خۆیان هەبوو بۆ دەست بەسەرداگرتنی تەوای دەسەڵاتەکان لەم هەرێمە ، کاری جدیان کرد بۆ زامنکردن و بەردەوم بوونی دەسەلاتەکانیان
.
بۆ بەدەست هێنانی ڕایگشتی و کۆنتڕۆڵ کردنی کۆمەڵگا ومانەوەی خۆیان و بەردەوام بوونیان لە دەسەڵات، پەنایان برد بۆ شیوازی جیاجیا. بۆ ئەوەی گەل دەستەمۆ بکەن،سەرەتا دەستیان برد بۆ قووتی خەڵک، زۆرینەی خەڵکیان گۆڕی لە کەسێکی بەرهەم هێنەر بۆ کەسێکی مشەخۆر. لە ڕێگای پشتگوێخستنی و ئاوادان نەکردنەوەی لادێکان، دەست بەسەرداگرتنی بنکەکانی گومرگ بۆ بازرگانی کردن بەگشتی وهاوردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، توانیان کەرتی کشتوکاڵ ئیفلیج بکەن وچوتیاران ناچار بکەن کە لادێکان چۆڵ بکەن و ڕوو لە شارەکان بکەن

.
 تیکدان و تالان کردنی کارگەکانی کە بوونیان هەبوو لە هەرێمەکە وبە هەزاران فەرمانبەریان هەبوو. بە بیانوی بازاڕی ئازاد، کەرتی بازرگانی کردنیان  قۆرخ کرد. هیچ بوارکی  کارکردن وکاسبیان  بۆ خەڵک نەهێشتەوە. لەبەرامبەردا دەرگای دامەزراند لە ڕێگای تەزکیەی حزبی بۆ خەڵکانێکی زۆر کرایەوە، بە شیوەیەک بەدەگمەن ماڵێک هەبی لە هەرێمی کوردستان کەسێکی بۆ دانەمەزرابێت. گەڕانەوە بۆ سەردەمی خێڵ، لەڕێگای هاندانی کەسانی دیاری  ناو کۆمەڵگا، پێدانی پارەیەکی زۆر وکردنەوەی دیواخانە بۆیان و کۆکردنەوەی خەڵک لەدەوریان و بەم شیوەیە توانیان وەلائی و پابەندبوونی خەڵکانێکی زۆر بۆ حزبەکەیان زامن بکەن

.
خانەنشینکردنی خەڵکانێکی زۆر بە پەلەی بەرز ودامەزراندی وەهمی(بندیوار) ئەمانە هەموو وایکرد کە زۆرینەی خەڵکی ئەم هەرێمە بە یەکێک لەم ڕێگایانە پەیوەست  و پابەندببن بە یەکێک لەم دووحزبە ونەتوانن بەهیچ شیوەیەک لێیان دەربازبن. داخستنی هەموو دەرگاکانی بژێوی ژیان وکردنەوەی تەنها یەک دەرگا وای لە خەڵکەکە کرد کە بە هەموو شتێک ڕازی بن و توانای بەرهەڵستیان نەبێ، ئەمەش وای لە دەسەڵاتداران کرد کە بە ئارەزوو و بۆ بەرژەوەندی خۆیان یاری بە بژێوی خەڵک بکەن

.
دەزگاکانی ڕاگەیاند وڕێکخراوەکانی مەدەنی، ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری هەیە لەسەر ڕای گشتی، هەر بۆیە دەسەڵاتدارنی هەرێمی کوردستان پارەیەکی زۆرریان بەکارهێنا لە بواری ڕاگەیاند وە خەڵکانێک کە سەر بەحزبەکانی خۆیان بوون خزاندیانە ناو ڕێکخراوەکانی مەدەنی. کاری جدیان کرد بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگا، دەکرێ بڵێن کەوا دەسەڵات تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتووبوو لە سیاسەتی بە مێگەل کردنی گەل

.
لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەموو جیهان دووچاری قەیرانی ئابووری بووە. پێشبینی دەکرێت کە ئەم  قەیرانە درێژەی هەبێت تا ماوەیەکی زۆر دوای کۆنتڕۆڵ کردنی ئەم ڤایرۆسەش. باروودۆخی عیراق وهەرێمی کوردستان خراپتردەبێت، چونکە ئەوان پێش ئەم ڤایرۆسە لە قەیراندابوو، ئەمەش پێماندەڵێ کە باروودۆخی هەرێمی کوردستان بەرەوخراپتر دەڕوات. چاوەڕوان دەکرێت حکومەتی هەرێم نەتوانیت موچەی فەرمانبەرنی بدات.
ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەسەڵاتدارانی هەرێمی ڕووبەڕووی چەند پرسیارێکی گرنگ کردۆتەوە
.
ئایا سستمی سیاسەتی بەمێگەل کردنی گەڵ، ڕاست بوو؟
ئایا دەتوانن ئەم خەڵکەی کە بەرهەم هێنەر بوون و کردمانن بە مشەخۆر، جارەکی تر بیانکەنەوە بە بەرهەم هێنەر؟
کە نەمان توانی موچەی ئەم خەڵکە بدەین، وەلائیان بۆمان دەمێنی؟ یان سەردەمی دەسەلاتمان بەرەو لاواز و لەناوچوون دەچێت؟



ئەگەر نرخی نەوت بەرزنەبێتەوە و ئەم قەیرانە ئابووریە بەردەوام بێت وحکومەت نەتوانێت موچە بدات، دەسەڵادارانی هەرێم ڕووبەڕوو کێشەی گەورە دەبنەوە. بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانیان لەگەڵ خەڵک، دوو بژاردەیان لەبەردەستە، یان دەبی دەرگای ژێرزەمینەکان بکەنەوە و بەردەوام بن لە دانی موچە بەخەڵک. یان پارەکۆکراوەکانیان کە لە دزینی ژێرخانی ئەم هەرێمە دەستکەوتووە بپارێزن وخەڵک لێگەڕین بە تەنیا ڕووبەڕووی برسیەتی وهەژای ببنەوە، بەمەش بەردەوامیان لە دەسەڵات دەخاتە ژێرپرسیار.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن