152وتار

کاریگەری مانگرتنی مامۆستایان لەسەر پرۆسەی خوێندن.

11/26/2023 10:12:00 AM
رەهێڵ دزەیى

 

 

سستمی پەروەردە و فێرکردن کاریگەری زۆری هەیە لەسەر گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی هەر وڵاتێک. ئەو وڵاتانەی گرنگی زۆر بەم کەرتە دەدەن و هەردەم لە هەوڵی باش کردنی سستمی پەروەردە و فیرکردنن، وڵاتانێکن بەردەوام لە گەشەکردندان و لە سەرجەم بوارەکان سەرکەوتوو، پێچەوانەکەشی ڕاستە.

 لە هەرێمی کوردستان نەتوانراوە گەشە بە سستمی پەروەردە وفێرکردن بدرێت، هێشتان کار بە سستمێکی دوواکەوتوو و کلاسیک دەکرێت. کەرتی پەروەردە کەرتێکە پەراوێزخراوە و گرنگیەکی ئەوتووی پێنەدراوە، حزبەکانی دەسەڵات بەکاری دەهێنن بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی کۆمەڵگا لە ڕێگای دانانی کەسانی لایەنگری خۆیان و کەسانێک ئینتمای تەواوی بۆ حزب هەبێ نەک بۆ پیشە پیرۆزەکەی.

لەبەر دواخستنی موچە و نەدانی شایستەدارەییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران، مامۆستایانی سنوری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣/٢٠٢٤ کە دەبوو لە ڕۆژی ١٣/٩/٢٠٢٣ دەست بە خوێندن بکەن بەپێێ ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن بڕیاری مانگرتنیان دا. مانگرتنی مامۆستایان هەر بەردەوامە وبڕیاریان داوە تا مافەکانیان بەدەست نەهێنن نەچنەوە ناو پۆلەکانیان.

ئەم مانگرتنە کاریگەر زۆری لەسەر خوێندکاران هەیە و دەبێ. خوێندکاران زەرەرمەندی سەرەکین.

خوێندکار بەپێێ ڕێنمایەکانی ڕێکخراوی یونیسێڤ مافی ئەوەی هەیە ساڵانە ١٩٠ رۆژ وانەی پێوترێتەوە و ئەو زانستانەی لەم ساڵەی خوێندن بە تەواوەتی فێربکرێت و بەشیوازێک کە زانستەکان لەلای ببێت بە مەعرفەت و سودی لێوەربگرێت ولە داهاتوو لەڕێگای ئەم مەعریفەتە خزمەت بە وڵاتەکەی بکات.

لە ١٣/٩ تا ئەمڕۆ کە ٢٥/١١ /٢٠٢٣ دەکاتە ٥٢ ڕۆژی خوێندن، لەگەڵ ئەوەی مامۆستایانی  سنوری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک ئەونێش مافە دارەییەکانیان وەرنەرگرتووە، مامۆستایان مانیان نەگرتووە و دەرگای خوێندنگاکان کراوەیە بەڕوو خوێندکاران، لە سنوری پارێزگای سلێمانی خوێندکارەکان لە خوێندن بێ بەش بوونە.

لە ساڵنامەی خوێندن کە وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن دایڕێژتوە و تێدا کۆی ئەو ڕۆژانەی خوێندن لە خوێندنگاکان بە خوێندکاران دەبێ بوترێتەوە. هەرچەندە ئەم ڕۆژانەی دەستنیشان کراوە کەمترە لە ستانداری جیهانی. لە ساڵنامەی خوێندن ١٣٥ ڕۆژ بۆ خوێندن دیاری کراو کە دەبوو ١٩٠ ڕۆژبێت. تەنها ١٦ ڕۆژ ماوە بۆ کۆتایی ڕۆژەکانی خوێندنی وەرزی یەکەمی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣/٢٠٢٤ تا ئیستا خوێندکارانی سنوری پارێزگای سلێمانی یەک وانەیان پێنەوتراوەتە.

پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر ئەو ١٦ ڕۆژەش تەواو بوو مانگرتنی مامۆستایان بەردەوام بو، وەرزی یەکەمی ئەم ساڵئ خوێندن تەواو بوو، چۆن وەزارەتی پەروەردە ئەو کاتە بۆ خوێندکارانی سنوری سلێمانی قەرەبوو دەکاتەوە؟

یان بە بڕیارێک ساڵێکی خوێندن بۆ خوێندکارانی سنوری سلێمانی کورت دەکەنەوە بۆ وەرزێک!

ئەم شێوازە پێمان دەڵێ کە وەزارەتی پەروەردە وفێرکردن گرنگ نییە لەلای خوێندکار چی فێردەبێ و تا چەند سوودی لە وانەکان وەرگرتوە، بەڵکو گرنگ نمرەیە و خوێندکار دەرچێ لە تاقیکردنەوە. ساڵانی پێشوی دەرخست کە لەمەش وەزارەتی پەروەردە وفێرکردن سەرکەوتوو نەبوون، ڕێژەی دەرچوان لەو ئاستە نەبووە کە بتوانین بڵێن سەرکەوتووبوون.

مامۆستایان مافی خۆیانە مان بگرن و داوای شایستەدارەییەکانی خۆیان بکەن، دەبوو خوێندکاران و خانەوادەکانیشیان پشتوانی لە ئەم مانگرتنە بکەن، بۆ ئەوەی زووتر حکومەت بە دەنگی مامۆستان بێت وخوێندکارانیش بی بەش نەبن لە خوێندن.

 موچە، هاوکاری کردن نییە لەلایەن حکومەت بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران، تا بە ئارەزووی خۆی بڕیاربدات کەی موچە دابەش دەکات و کەی نیوەی دەبڕێت، بەڵکوو ئەو موچەیە مافێکە بەرامبەر بەو ئەرکەی پێی هەڵدەستن دەبێ هەموو مانگێگ لە کاتی خۆی پێیان بدرێت.

ئەرکی حکومەتە زیاتر لە خەمی خوێندکاران بێت و خوێندن و ماندبوونی چەنیدن ساڵەیەیان ودواڕۆژیان نەکاتە بەشێک لە یاریە سیاسیەکانی نێوان حزبەکان و نێوان هەڕێم حکومەتی مەرکزی.

لەدەستدانی ساڵێکی خوێندنی خوێندکاران، دەبێتە گەورەترین شکست بۆ ئەم کابینەی حکومەتی هەرێم. ڕاستە خوێندکاران ساڵێکی خوێندنیان لەدەست دەچێ و گومانی تێدانییە ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن و بێ باکی دەسەڵات لەگەڵ خوێند و ئامانجی خوێندکاران دەبێتە مایەی بێ بەها کردنی خوێندن و بێ ئومێدی خوێندکاران کە لە ڕیگای خوێندن ئاواتەکانیان بەدەستبێنن، بەلام گاریگری گەورەتر لەسەر ئاستی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا زیاتر دەبێ. 

لەگەڵ دروست بوونی یەکەم پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تا کۆتا پەرلەمان، سستمی پەروەردە و فێرکردن بابەتێک نەبوو بە هەند وەرگیرابێ و گرنگیان پێنەداوە، هۆکارەکەش ئەوەیە، ئەندامانی پەرلەمان پێکاتبوون لە کادرانی حزبەکانی دەسەڵات.

 دەسەڵات هەر لە سەرەتاوە درکی بەوە کردبوو، بۆ مانەوەی خۆیان پێویستیان بە کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو و بێ زانست و مەعریفەتە. بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی دوواکەوتو و نەفام بەرهەم بێنن دەبێ سەرتا سستمی پەروەردە و فێرکردن ئیفلیج بکەن، ئەو بێ باکییەی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایان و بەدەنگەوەنەهاتنیان بەشێکە لە پرۆسەی ئیفلیج کردنی سستمی پەروەردە وفێرکردن و بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی ملکەچ و پرسیارنەکەر و بێ ئاگا لە ماف و ئەرکەکانی.

مەترسییە گەورەکە ئەوەیە، ئەگەر دەسەڵات ئاوا بێ باک بێت بەرامبەر بە مافی هاوڵاتیانی وهەوڵ نەدات متمانەی هاوڵاتیان بەدەستبهێنێت و دڵسۆزانە کار نەکات بۆ خۆشگوزەرانی وگەشەکردنی کۆمەڵگا ودروست کردنی نەوەیەکی ڕۆشنبیر وپڕ لە مەعرفەت، دوورنییە لەگەڵ ئەم غرورەی خۆیان خەون و ئاواتی گەڵێک لەناو ببەن.

ئەم هەرێمە ئاواتی نەک تەنها خەڵکی هەرێمی کوردستانە، بەڵکوو ئاواتی گەلێکە، چەندین ساڵە خەبات دەکات لەپیاناوی و لەو ڕێگایەدا چندەها شەهیدی بەخشیوە، هەرێمی کوردستان  وەک هەنگاوێک بەرەو بەدیهێنانی ئامانج و ئاواتەکانیانی دەبینن، بۆیە با دڵسۆزانە و بەرپرسیارانە ئەم هەرێمە ببپارێزین وگەورەی بکەین.



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن