هەنگاوێک بەرەو لەناوچوونی قەڵای هەولێر
1/31/2023 9:02:00 AM
رەهێڵ دزەیى
هەر کە ناوی شاری هەولێر دەبیستین، قەڵاکەی دێتەبەر
چاومان. هەولێر و قەڵای هەولێر دووانەیەکن لەیەک جیاناکرێنەوە. مێژوی دروستبوونی قەڵای
هەولێر هاودەنگی لەسەرنییە، بەڵام ئەوەی سەلمێندراوە بۆ چەند هەزار ساڵێک دەگەڕێتەوە
و لە سەردەستی ئاشوریەکان دروست کراوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (ناسا) ئەمریکی،
قەلای هەولێر کۆنترین شارە کە تا چەند ساڵێک لەمەوبەر بە بەردەوامی مرۆڤ تێدا ژیاوە.
ئەم پیرە قەڵایە شاهدی چەندین شارستینی بووە توانیتی مانەوەی خۆی بپارێزی، لەوانە
شارستانیەتی(سۆمەری،بابلی،فارسی،ساسانی،ئیسلامی).
دوو بۆچوون هەیە لەسەرچۆنیەتی دروست کردنی قەڵای
هەولێر. یەکەمیان ئەوەیە کە بەدەست کرد دروست کرابێ، دووەم بۆچوون ئەوەیە کە گردەکە
بوونی هەبووبێ و شارەکەیان لەسەر دروست کردبێ. بۆچوونی دووەم زیاتر هاوکۆکی لەسەرە.
لە دەشتی هەولێر چەندە گردی دی بوونیان هەیە و هەبووە و بەکارهاتووە بۆ ژیان.
یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەی قەڵای هەولێر تا ئێستا،
بەردەوام بوونی ژیان بووە بە دریژایی مێژوو. وەک باسمان کرد چەندین گردی دی بوونیان
هەبووە لە دەشتی هەولێر وەک شوێنی نیشتەجێ بەکار هاتووە بۆ ماوەیەکی دوورودێژ، هەر
لەگەڵ نەمانی ژیان تێدا لەناو چووینە، بۆ نمونە گردی (قالینج ئاغا).
گردی قالینج ئاغا چەند کیلۆمەترێک لە قەڵای هەولێر
دوورە، نزیک گەڕەکی سەیداوەیە. لەگەڵ ئەوەی ئەم گردە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر
لە چوارهەزار ساڵ پێش زایین، کەل و پەلەکانی دۆزراوەتەوە گەواهی ئەوەدەدەن ئەم گردە
چەندین شارستنی بیییوە و بۆ ماوەیەک دوورودرێژ ژیان تێدا بوونی هەبووە، بەڵام ئێستا
تەنانەت بەشیکی زۆری خەڵکی هەولێرش هیچی لەسەر نازانن.
دەبوو ئەوە بپارێزین کە باپیرانمان بەدرێژایی مێژوو
هەولێریان وەک کۆنترین شار لە جیهان کە ژیانی تێدا بەردەوام بووە هێشتبۆوە. هەر
بوونی مرۆڤ تێدا وایکردوە قەڵاتەکە پارێزراوبێت و لەبەرامبەر دووژمنان بوەستنەوە لە
لەناوچوون ڕزگاری بکەن. نەمامانی ژیان لە قەڵای هەولێر هەنگاوی یەکەمە بۆ لەناوچوونی
قەڵای هەولێر. دوای چەندها ساڵی تر وەک گردی قالینج ئاغا تەنها ئاسەواری دەمێنێت
وباس دەکرێت کە قەڵایەک هەبوو هەولێری پێدەناسرا.
ناسنامەی هەولێر قەڵاکەیەتی، بۆیە گرنگ بوو ئەوە
بپارێزین لە دەورووپشتی قەڵای هەولێر باڵەخانەی بەرز دروست نەکرێت، بۆ ئەوەی هەر میوانەک
یان گەشتیارێک سەردانی شاری هەولێری کرد لە دوورەوە قەڵا و مێژووی و کلتووری هەولێر
ببینێت.