سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی ئه‌رکی خۆی جێبەجێ ناکات!
8/22/2019 9:58:00 PM
رەهێڵ دزەیى
سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی پله‌یه‌کی ئیدارییه که مامۆستا دوای ئه‌زموونێکی زۆر له کاری په‌روه‌رده‌یی و وانه‌بێژی و بڕینی پله‌کانی جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری و به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگا پێده‌گات، دوای ساڵانێک کار کردن له‌م بوارانه‌دا و ئه‌زمون و په‌یداکردنی شاره‌زایه‌کی زیاتر وه‌ک سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی سوود له تواناکانی وه‌رده‌گیرێت.
سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی له هه‌رێمی کوردستان ڕۆڵی چاو‌دێر ده‌بینێت، ئه‌م کاره‌ش زۆر دووره له ئه‌رکه‌که‌ی و بێ به‌هاکردنی ئه‌رکه‌کە‌ی و مامۆستای لێبه‌دی ده‌کرێت.
مامۆستا دوای ته‌واو کردنی کۆلێژی په‌روه‌رده‌و به‌ده‌ستهێنانی به‌کا‌لۆریۆس له بواری په‌روه‌رده و فێرکردن، دوای ئه‌وه‌ی وه‌ک مامۆستا قبوڵ ده‌کرێت متمانه‌ی پێده‌درێت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و ئه‌رکی په‌روه‌ردەو فێرکردنی خوێندکارانی پێده‌به‌خشرێ، به بوونی سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی به‌م ئه‌رکه‌ی ئێستا هه‌یه‌تی به‌هاو متمانه‌ی مامۆستا که‌م ده‌کاته‌وه.
سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی به‌م ئه‌زموون و شاره‌زایه زۆره‌ی هه‌یه‌تی ناکرێ ئه‌رکه‌که‌ی کۆبکرێته‌وه له‌وه‌ی سه‌ردانی خوێندنگاکان بکات و به‌بێ ویستی مامۆستا بچێت بۆ پۆله‌که‌ی و له دواوه‌ی پۆله‌که دا‌نیشێت و سه‌یری مامۆستاکه بکات بزانێت چۆن وانه‌که‌ی ده‌ڵێته‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ مامۆستایه‌که بکات.
ئه‌م شێوازه له چاودێریی ده‌رهاویشته‌ی نه‌رێنی زۆر زیاتره له ده‌رهاویشته ئه‌رێنیه‌کانی، له‌لایه‌ک مامۆستا زۆر شپرزه ده‌بێت و له بارودۆخێکی ده‌روونی زۆر ناجێگیر وانه‌که‌ی ده‌ڵێته‌وه، له‌وانه‌یه پێش ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی بێت بۆ پۆله‌که‌ی له‌گه‌ڵ خوێندکاره‌کان پێک‌بێت و وانه‌یه‌ک ئاماده‌بکه‌ن که زۆربه‌ی خوێندکاره‌کان بیزانن و چه‌ند خوێندکارێکی زیره‌ک ده‌ستنیشان بکات و پرسیار و وەڵامه‌کانیان پێبڵێت تا له‌پێش چاوی سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی به مامۆستایه‌کی باش و زیره‌ک ده‌ربکه‌وێت.
ئه‌م سیناریۆیه له زۆربه‌ی خوێندگاکان ڕووده‌دات، ئه‌مه‌ش له ڕووی په‌ر‌وەرده‌وه زۆر نادروسته.
خوێندکاره‌کان متمانه‌یان به توانا و ئاستی مامۆستاکه‌یان که‌م ده‌بێته‌وه، که ده‌بێ خوێندکار متمانه‌ی ته‌واوی به مامۆستاکه‌ی و زانیاری و تواناکانی هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م زانیاریانه‌ی مامۆستاکه ده‌یبه‌خشێت به خوێندکاره‌که‌ی ببێت به زانست و مه‌عریفه‌ت له‌لای له کاتی بێ متمانه بوون به مامۆستا و تواناکانی خوێندکار ناتوانێت متمانه به زانسته‌کانێش بکات کا مامۆستاکه‌ی پێده‌به‌خشێت.
مامۆستا هه‌ست ده‌کات که باوه‌ڕ به توانا‌و لێهاتوویی ناکرێت و هه‌رده‌م له‌ژێر چاودێری سه‌رووی خۆیه‌تی، ئه‌مه‌ش واده‌کات که هه‌ست به به‌رپرسیاریه‌تی نه‌کات.
له لایه‌کیتره‌وه سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یش هه‌ست ناکات که ڕێز و گرنگی به ئه‌زموون و شاره‌زاییه‌کانی ده‌درێت، هه‌وڵنادرێت تواناکانی وه‌ک پێویست به‌کاربهێندرێت.
ئه‌رکی ڕاسته‌قینه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی ئه‌وه‌یه ئه‌م ئه‌زموون و شاره‌زایه زۆره‌ی هه‌یه‌تی بیگوازێته‌وه بۆ مامۆستایان و سوودی لێوه‌ربگرن له ئه‌رکه‌که‌یان، هه‌روه‌ها ئه‌رکیه‌تی که به‌دوا تازه‌گه‌رییه‌کانی ئه‌م بواره‌و به‌دواداچوون بۆ سیستمه‌کانی وڵاتانی پشکه‌وتوو بکات له بواری په‌روه‌رده و فێرکردن، خوێندنه‌وه‌ی هه‌بێ بۆ مێتۆد و تیۆرییه‌کانی وانه‌بێژیدا.
بۆ ئه‌وه‌ی سوود له توانا و شاره‌زایی و ئه‌زموونه‌کانی سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌ی وه‌ک پێویست وه‌ربگرین، ده‌کرێت له ڕێگای وانه‌وتنه‌وه (محازەره) که هه‌موو حه‌فته‌یه‌ک چه‌ند کاتژمێره‌ک بۆ مامۆستایان شێوازی وانه‌بێژی و په‌روه‌رده‌ی دروست شیبکاته‌وه و به‌بەرده‌وامی تازه‌گه‌رییه‌کانی ئه‌م بواره به مامۆستایان بگه‌یەنێت.
هه‌روه‌ها سه‌رپه‌رشتی پڕۆژه‌و گۆڕانکارییه‌کانی سیستمی په‌روه‌رده و فێرکردن بکه‌ن و ڕاده‌ی سه‌رکه‌وتن و گونجاوی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگا وکولتووری گه‌له‌که‌مان ده‌ستنیشان بکه‌ن.
به‌مشێوه‌یه ئه‌رکی خۆیان به‌باشی و به‌جێده‌هێنن و سوود به بواره‌که ده‌گه‌یەنن و مامۆستاکانیش سوودمه‌ند ده‌بن له تواناکانیان و ئاگاداری نوێترین شێوازه‌کانی وانه‌بێژی ده‌بن و گه‌شه به تواناکانیان ده‌ده‌ن.
مایه‌ی داخه له داموده‌زگاکانی حکومڕانی هه‌رێمی کوردستان توانا‌و شاره‌زایی و پسپۆری خه‌ڵکانێکی زۆر به‌هه‌ده‌ر ده‌درێت به‌وه‌ی که له‌شوێن و بواری خۆی به‌کارناهێندرێن، سودیان لێوه‌رناگیرێت بۆ ئه‌وه‌ی ببن به به‌شێک له به‌ره‌وپێشچوونی وڵات و کۆمەڵگاکه‌مان.