هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی خوێندنی ئۆنلاین
5/11/2020 7:22:00 PM
رەهێڵ دزەیى
ئەو فەلسەفەییەی کە سستمی پەروەردە و فێرکردن لەسەری بنیادنراوە، ئەوەیە کە ڕێگامان پێدەدات لە سنووریدا گۆڕانکاری و گەشە بە مۆدێل و مێتۆدەکانی فێربوون بکەین.
فەلسەفەی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی کوردستان فەلسەفەی کلاسیکە. لە سستمی کلاسیکدا خوێندکار فێر ناکرێت کە بەرپرسیاربێت لە پرۆسەی فێربوونی خۆی وە ڕۆڵێکی هەبێ لەم پرۆسەیەدا، ئەمەش وا لە خوێندکار دەکات بەدوای فێربووندا نەگەڕێت. ، مامۆستا ڕۆڵی سەرەکی هەیە وتەنها مامۆستا بڕیار لەسەر شێوازی وانەبێژی وئەو زانیاریانەی دەبێ بدرێت بە خوێندکار، بڕیار دەدات چۆن وچی و کەی خوێندکارەکە فێربیت.
خوێندنی ئۆنلاین ئامادەباشی زۆری پێویستە تا سەرکەوتوو و سوودبەخشبێت، لەسەرووی هەموویانە دەبێ فەلسەفەی سستمی پەروەردە وفێرکردن بگۆڕدرێت بە فەلسەفەی مۆدێرن، کە لە زۆربەی وولاتانی پێشکەوتوو زۆر لەمێژە پەنایان بۆ بردوە دوای ئەوەی درکیان بە خراپی ونەگونجاوی فەلسەفەی کلاسیک کردوە. لە فەلسەفەی مۆدێرندا خوێندکار سێنتڕاڵە و خۆی بەرپرسیارە لە پرۆسەی فێربوون، ئەم مۆدێل ومێتۆدانەی بەکاردەهێندرێن وا لە خوێندکار دەکات بەدوای زانیاریەکاندا بگەڕێت، مامۆستا ڕۆڵی چاودێری وڕێنمای کردنە.
پەنا بردن بۆ خوێندنی ئۆنلاین لە هەرێمی کوردستان تەنها بەهەدەردانی کات و پارەیەکی زۆرە. وەزارەتی پەروەردە لە ڕاگەیاندنەکانیدا دەڵێ:-
زۆرێک لە وڵاتان پەنایان بۆ خوێندنی ئۆنلاین بردوە. لەوانەیە ڕاست بێت، بەلام کامەن ئەم ووڵاتانەی سوودیان لەم مێتۆدە وەرگرتوە؟
ئەم وڵاتانەن کە مێژوویەکی درێژیان هەیە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە بواری خوێندندا. ئەم وڵاتانەن کە ئامادەباشی زۆریان کردوە، وەک دابین کردنی کۆمپیوتەر و پێداویستیەکانی تر بۆ سەرجەم خوێندکاران و مامۆستایان. ئەم ووڵاتەنی کە سستمی ئینتەرنێتی باش وسەرکەوتوویان هەیە وبە بێ بەرامبەر لەبەردەستی مامۆستا وخوێندکاراندایە.
خوێندنی ئۆنلاین بە گشتی سەرکەوتوونیە، تەنانەت لە ووڵاتە پێشکەوتوەکانیش، ئەگەربێتو بەتەنیا پەنای بۆببەین، بەڵام ئەگەر وەک یاریدەدەرێک بەکار بهێندرێت بۆ خوێندی ئاسایی دەکرێ سوودبەخشبێت بۆ قۆناغەکانی دواناوەندی وزانکۆ وپەیمانگەکان، کەمترین سوودی دەبێت بۆ قۆناغی بنەڕەتی.
ناکرێ چاوەڕوان بین لە هەرێمی کوردستان خوێندنی ئۆنلاین سەرکەوتووبیت، لەکاتێکدا حکومەت نەتوانێت پێداویستیەکان ئامادە بکات. کە بڕیاری خوێندنی ئۆنلاینیاندا لە خۆیان نەپرسی چەند خوێندکار لەم هەریمە خاوەن کۆمپیوتەری خۆیەتی؟ چەند خێزان توانای ئەوەیان هەیە ئینتەرنێت دابین بکەن بۆ منداڵەکانیان تا بتوانن سوود لە خوێندنی ئۆنلاین وەربگرن؟
ئایا خوێندنی ئۆنلاین بۆ لادێ و شارۆچەکەکانیشە یان تەنها بۆ شارەگەورەکانە؟
ئەگەر بۆ هەموو هەرێمی کوردستان بێت، ئەوە دەبێ ببپرسین، ئایا بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە ئاگاداری ئەوەن نین کە ئینتەرنێت بوونی نیە لە لادێ و شوێنە دوورەدەستەکان؟
باری گوزەرانی زۆرێک لە خەڵکی لادێ وشار وشارۆچکەکان هی ئەوە نیە کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت بۆ مندالەکانیان دابین بکەن.
لەبەر ئەوەی خویندکاری هەرێمی کوردستان فێرنەکراون خۆیان بەرپرسیار بن لە پرۆسەی فێربوونی خۆیان، ئەوان تەنها گوێگر بوون لە ناو پۆلێدا کە مامۆستا بە هەموو ئەرکەکە هەستاوە، دەبینین کەمترینیان هەوڵدەدەن سوود لە خوێندنی ئۆنلاین وەربگرن، تەنانەت لە زۆرێک لە شار وشارۆچکەکان خوێندکاران ئەرکی ئەوە ناکێشێن بچن کۆدی بەکارهێنانی خوێندنی ئۆنلاین لە خوێندنگاکانیان بهێنن.
گرنگە لەوکاتانەی وەزارەتی پەروەردە وفێرکردن بڕیارێکی لەم شێوەیە دەدات پێشوەخت هەموو پێداویستیەکان بۆ خوێندکاران و مامۆستایان دابین بکات و هیچ بارگرانیەکی مادی نەخاتە سەر خێزانی خوێندکاران، بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەست بێنێن.
سەردەمی و شێوازی ژیان لەگەڵ بوونی نەخۆشیەکی وەک نەخۆشی کۆڕۆنا، لە هەموو جیهان وای کرد کە حکومەت وسیاسەتمەداران و تەنانەت تاکەکانی کۆمەڵگاش چاوێک بە ئیش و کارەکانیان دا بگێڕنەوە وگۆڕانکاری تێدابکەن. هیوادارم حکومەت و وەزارەتی پەروەردە وفیرکردن لە هەرێمی کوردستان چاوێک بە فەلسەفە و کۆی سستمی پەروەردە وفێرکردندا بگێڕنەوە وبوجە و دڵسۆزیەکی زیاتری بۆ تەرخان بکات، ئامادەباشی وپلانی پێشوەختی هەبێ بۆ هەر ڕووداوێکی لەناکاو.