ئەرکی ماڵەوە وەک سزایەک بۆ قوتابیان!
10/3/2021 10:35:00 PM
رەهێڵ دزەیى
لە ساڵی ١٩٥٠ مامۆستای ئیتاڵی (ڕۆبێرتۆ نیفلز) هەستا بە داهێنانی ئەرکی ماڵە
وەک سزایەک بۆ قوتابیەکانی. لەگەڵ ئەوەی چەندین بیرۆکەی باش و سوودبەخش بوونیان هەبوو
بەڵام هەموو جیهان ئەم بیرۆکەیەی مامۆستا ئیتاڵیەیان پەیڕەوکرد. ڕۆبێرتۆ نیفلز، ویستی
قوتابیەکانی خۆی سزابدات، بەڵام بەم بیرۆکەیەی قوتابیانی هەموو جیهانی سزادا. پێدانی
ئەرکی زۆر لەلایەن مامۆستا بەقوتابیەکانی، هەڵاتنی مامۆستایە لە ئەرکەکەی.
ئەم ماوهیەی ڕۆژانە منداڵ لە قوتابخانە بەسەری دەبات، بەسە بۆ ئەوەی فێربکرێت
مامۆستا ئەم زانیاری و زانستانەی بە گرنگی دەزانیت و لەپلانی فێرکردنی خۆی بۆ
قوتابیەکانی دایناوە جێبەجێ بکات. کاتەکانی تری دوای قوتابخانە، بۆ ئەوەیە منداڵ
منداڵی خۆی پەیڕەوبکات.
منداڵ پێویستە منداڵی خۆی وەک خۆی بەسەر بەرێت، نەک هەموو ڕۆژەکەی بە خوێند
و جێبەجی کردنی ئەرکەکانی قوتابخانە لە ماڵەوە جێبەجێ بکات.
ڕۆژانە ئەگەر قوتابی پێنج وانەی هەبێ ئەوە پێنج مامۆستا ئەرکی بۆ دادەنێت لە
ماڵەوە ئەنجامی بدات. کەواتە قوتابیەکی بنەڕەتی دوای تەواو بوونی کاتی قوتابخانە دەبێ
چەند کاتژمێر بەکار بهێنێت تا ئەم ئەرکەی لەلایەن پێنج مامۆستا پێسپێردراوە ئانجامی
بدات؟
ئایا کاتی دەمێنێت لەگەڵ هاوڕێکانی یاری بکات و منداڵی خۆی پەیڕەوبکات؟ ئایا
کاتی هەیە بچێت بۆ خولێک گەشە بە ئارەزوو و بەهرەکانی بدات؟
چەندین شتی تر کە منداڵ حەز دەکات و گرنگە بیکات، کاتی بۆیان هەیە؟
گرنگە مامۆستاکان هەماهەنگی لەنێوایان هەبێ، و ئاگاداری ئاستی قوتابیەکانیان
بن لە دەرسەکانی تر کە مامۆستای جیاجیا دەرسیان پێدەڵێنەوە. مامۆستاکان حەفتانە بەیەکەوە
پلانی حەفتانەیان دابڕێژن بەجۆرێک ئەرکی زۆر و قورس نەخەنە سەر قوتابیەکانیان.
خێزان کە منداڵ دەنێرێت بۆ قوتابخانە بۆ ئەوەی لەم ماوەیەی لە قوتابخانەیە
ئەوەی پێویستە فێریبێت، فێربکرێت، نەک مامۆستا ئەرکێکی زۆر و قورس بەسەر قوتابیەکە
دابسەپێنێت و دایک و باوک لە هەندێ کات دا ناچار بکات ماڵ بە ماڵ بگەڕێن تا کەسێک
بدۆزنەوە یارمەتی منداڵەکەیان بدات لەم ئەرکەی لەلایەن مامۆستاکەی پێدراوە و ئەنجامی
بدات.
گرنگە منداڵ منداڵی خۆی بژیت، ڕۆژانە کاتێکی کەم بۆ خوێندن و کاتێکی زیاتر
بۆ منداڵی خۆی بەسەر ببات، نەک هەموو ژیانی ببێت بە خوێندن و کەمترین ئەزمون و زانیاری
وەربگرێت.
ناکرێت لە کاتی
پشووەکان منداڵ بنێردرێت بۆ خولی فێربوون، ئەی ئەرکی قوتابخانە فێرکردن نییە؟ بۆ دەبێ
لە پشوەکان لە بری ئەوەی بە چالاکی خۆش و سەفەر بەسەری ببەن دەیانێرن بۆ خوێندن و
فێرکردن.
با منداڵەکانمان قۆناغەکانی ژیان وەک پێویستە بەسەری بەرن، با تام لە منداڵی
خۆیان بکەن، با هەستە توڕە و توندهکانی هەرزەکاری وەک خۆی دەڕببڕن، با بێبەش نەبن
لە ئەزمونەکانی هەرقۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانیان، ئەم ئەزموونانەن کەسایەتی منداڵەکانمان
دروست دەکەن. ژیان تەنها خوێندن و فیرکردن نییە لە قوتابخانە، بەڵکوو قوتابخانەیەکی
گەورەترهەیە کە زیاترمان فێردەکات و سوودی زیاترمان پێدەدات بۆ ئەوەی بتوانین ڕووبەڕووی
ئەستەنگەکای ژیان ببیەوە وتام لە خۆشیەکانی ژیان وەربگرین.
وەزارەتی پەروەردە وفێرکردن لەسەریەتی پلانی خوێندن بۆ هەر پۆلێک دیاری
بکات، لە کۆتاتی هەر ساڵی خوێندنی هەر پۆلێک قوتابی دەبێ ئەم ماوەیە چی فێربووبێت
و مامۆستا پابەند بکات کە هەر هەموو قوتابیەکانی فێرکردبێ. بێگومان وەزارەت لەسەریەتی
پێداویستیەکانی فێرکردن و کات و پۆلی شیاو و شایستەداراییەکان بۆ مامۆستا دابین
بکات.
کەواتە بۆ ئەوەی
بتوانین هەلی فێربوون بۆ منداڵەکانی کۆمەڵگاکەمان دابین بکەین و بەشێوازێک هەموو ژیانی
زەوت نەکرێت، دەبێ هەماهەنگی و دڵسۆزی لە نێوان دەزگاکانی حکومەت هەبێ و کاری جدی
بکرێت بۆ بەرەوپێشچوونی کەرتی پەروەردە و فێرکردن کە کۆڵەکەی کۆمەڵگایە.
لە بوونی سستمێکی دیموکرات و هاوچەر دەتوانین نەوەیەکی هوشیار و باوەڕبەخۆ
و بەتوانا و پڕ لە زانست وخاوەن کەساییەتیەکی سەربەخۆ پێشکەش بە کۆمەڵگا بکەین،
کاسانێک پێشکەش بە کۆمەڵگا دەکەین کە بتوانن وڵات بپارێزن وڕێگربن لەوەی لایەنێک یان
حزبێک ماف و قوتی خەڵک بخوات، رێگردەبن لە بوونی گەندەڵی، بەڕێگایەکی دیموکراتیانە
حکومەتێک هەلدەبژێرن کە خزمەتکاری خەڵک بێت، نەک حکومەتێک گەلەکەی بچەوسێنێتەوە، بێبەشیان
بکات لە ئازادیەکان، لە پێناو بەرژەوەندی حزبێک یان کەسانێکی دیاری کراو.