هەنگاوەکانی بە کلتور کردنی خوێندنەوە
11/7/2022 9:28:00 AM
رەهێڵ دزەیى
خوێندنەوە یەکێکە لە ئامرازە گرنگەکان بۆ بەرزکردنەوەی
ئاستی وهوشیار وزانستی مرۆڤ. زانست سەلماندویەتی خوێندنەوە گەشە بە هز و توانای بیرکردنەوە
بەهێزتر دەکات، هەروەها خوێندنەوە دەرگاێک بۆ مرۆڤ دەکاتەوە کە لە ڕێگایەوە تێڕوانیی بۆ ژیان فراوانتربێت و فەنتازیای
گەشەبکات. خوێندنەوە وا لە مرۆڤ دەکات ئاشنای خۆی بێت و حەز و ئارەزوەکانی گەشەپێبدات
وبەرەو سەرکەوتویان ببات، هەر لەم ڕێگایەوە دەتوانرێت مرۆڤ کەسایەتی خۆی دروست
بکات و بەهێزی بکات وئاستی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی و زانستی بەرەوپێشببات. پێچەوانەکەشی
ڕاستە، نەخوێندنەوە مرۆڤ بیرتەسک و نادووربین و هوشیاری گشتی کەم دەبێت و کۆمەڵگا
بەرەو دواکەوتووی و ناهۆشیاری دەبات.
ئەو کۆمەڵگایانەی گرنگی بە خوێندنەوە دەدەن و هەوڵ
دەدەن خوێندنەوە بکەن بە بەشێک لە کلتوریان، توانیویانە کۆمەڵگایەکی پیشکەوتوو
دروست بکەن لە رێگای دروست کردنی تاكێکی هوشیار و بە مەعرفەت و ئازاد، توانیویانە
حکوڕانێکی دیموکرات ودادپەروەر فەراهەم بکەن، توانیویانە خۆشگوزەرانی بۆ گەلەکەیان
بەدەستبێنن.
گرنگی خوێندنەوە شتێکە بەهاکەی زۆر گەورەیە، بۆیە
وەک (خۆراکی رۆح و بێماری هزر) ناوی دەبەن، پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا کۆمەڵگای کوردی
تا چەند گرنگی بەم لایەنەداوا، یان دەدات؟
ئایا کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی خوێندەوارە و
دەخوێنێتەوە؟
بێگومان وەڵامەکە ئاشکرایە لای هەمووان! نەخێر
ئێمە کۆمەڵگایەکین نەمانتوانیوە خوێندنەوە بکەین بە بەشیک لە کار و ئەرکی ڕۆژانەمان
و بیکەین بە بەشێک لە کلتوری خۆمان. ئێمە کۆمەڵگایەکین زیاتر گوێبیستین، هەواڵەکان
و ڕوداواکانی خۆشی و ناخۆشی وتەنانەت زانیاری و زانستەکانیش لە ڕێگای وتی وتی و گوێبیستەوە
وەردەگرین، کەمترهەوڵدەدەین لە رێگای باوەڕپێکراو و نوسراوەکان زانیاری بەدەستبێنین.
حزبەکانی کوردستان ڕۆڵی نەرێنیان هەبوو لە
شکاندنەوەی نوسەر و رۆشەنبیری کورد، بە پێشکەش کردنی دەسکەوتی مادی و مەعنەوی بۆ بەشێک
لە نوسەران، بۆ کڕینی وڵائیان و نوسینی ئەوبابەتانەی لەبەرژەوەندی حزبەکەیان یان کەسێکی
دەست ڕۆیشتووی ناو حزب. ئەمەش وایکرد خوێنەوار و نوسەر ئەم بەهایەی هەیبوو وەک پێشەنگ
و باوەڕپێکراو لەناو کۆمەڵگە کەمبێتەوە.
بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو بەکلتور کردنی خوێندنەوە
بنێین لە کۆمەڵگاکەمان گرنگە هەموو دەزگاکانی حکومەت و کۆمەڵگا هاوکاربن و کار بۆ
ئەوە بکەن چۆن بتوانن خوێندنەوە بکەین بە کارێک هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا بەگرنگی
بزانێت و ببێت بە خوو لەلای و دواتر ببێت بە کلتور.
بۆ هەر چاکسازی وگۆڕان کاری لە کۆمەڵگا و دب و
نەریت و کلتور، یان بەرەوپێشچوون و باشکردنی حکومڕانی لە هەر کۆمەڵگایەک دەبێ لە
سستمی پەروەردە وفێرکردن دەستپێبکەین، هۆیەکەی ئەوەیە لە وێوە دەکری کار لەسەر تاکەکانی
کۆمەڵگا بکرێ و بەو ئاڕاستەیە پەروەردە بکرێن لەگەڵ ئامانج و مەبەستی دیاری کراو بێنەوە.
قوتابخانە و مامۆستا ڕۆڵی کرنگیان هەیە بۆ ئەوەی
کتێب و خوێندنەوە لەلای فێرخوازەکان خۆشەویستبکەن. سەرەتای دەستپێکردنی دەوامی خوێندن
پازدە خولەکی یەکەم وانەی هەموو ڕۆژێک بۆ خوێندنەوەی کتێبێک تەرخان بکرێت، فێرخواز
بۆ خۆی کتێبک هەڵبژێت، بێگومان دەبێ هەموو قوتابخانەیەک کتێبخانەی هەبێ و کتێبی جۆراوجۆر
و بە نرخی تێدابێ، بۆ ئەوەی فێرخوازەکان بتوانن لەناو کتێبەکان ئەو کتێبە هەڵبژێرن
کە حەزی لێدەکەن بیخوێننەوە. حەفتانە فێرخوازەکان کتێبەک بخوێننەوە و بۆ حەفتەی
داهاتوو باس لە ناوەرۆکی کتێبەکە بۆ فێرخوازەکانی پۆلەکەیان بکەن. قوتابخانە کێبڕکی
دروست بکات، ئەو فێرخوازەی زۆرترین کتێب بخوێنێتەوە خەڵات بکرێت.
لەسەر ئاستی خێزان.
خێزان ڕۆڵی گرنگی هەیە بۆ ئەوەی نەوەیەک بەرهەم
بێنیت حەز بە خوێندنەوە و بەدوای زانیاریەکان دا بگەڕێت. لەبری ئەوەی خێزان زیاتر
گرنگی بە گۆڕینی ناو ماڵ بدات و ببێت بە چاولێکەری و هەر ماویەی مۆبیلیاتی ناوماڵ
بگۆرێت، کتێبخانە بکرێت بە بەشێکی بنەڕەتی ناو ماڵ و گرنگی پێبدرێت، لە نەبوونی ببێت
بە شتێکی نامۆ. هەر لە تەمەنی یەکەم ساڵییەوە شەوانە پێش خەوتنی منداڵەکانیان دایک
و باوک کتێب یان حەکایەتێک بۆ منداڵەکەیان بخوێننەوە، کە گەورەتر بوون و فێری خوێندن
و نوسین بوون، کاتێک دیاری بکرێت ئێواران هەموو ئەندامانی خێزان تێدا کتێب بخوێننەوە.
لە کاتی پشوو منداڵکان ببەین بۆ شانۆگەری یان کۆنسێرتی میوزیک.
با دیاریەکانمان بۆ منداڵەکانمان و دۆست و هاوڕێکانمان
کتێب بێت.
مزگەوت و مامۆستاکانی ئایینی بێبەش نین لە بەرپرسیاریەتی
بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا. یەکەم ووشە کە بۆ پێغەمەبەرمان دروودی خوای لەسەربێت هاتۆتە
خوارەوە وشەی(اقراء) بوو، واتا بخوێنەوە، بە ئەمرە پێوتراوە بخوێنەوە. مزگەوتەکان
دەبوو کتێبی زیاتر و بابەتی هەمەرەنگی تیابێت، گرنگی زیاتر بە خوێندنەوە و تێگەیشت
لە ناوەڕۆکی کتێبەکان تەنانەت لە ناوەڕۆکی قورئانی پیرۆزبدەن، نەک گرنگی بە لەئەزبەر
کردنی حەدیس و ئایەتەکان بدەن بێ ئەوەی بیخوێنەوە و لە ناوەڕۆکەکەی تێبگەن.
لەسەر ئاستی حکومەت
حکومەت لە ڕێگای گشت دەزگاکانیەوە رۆڵی گرنگی هەیە
بۆهەنگاونان بەرەو بە کلتورکردنی خوێندنەوە لە کۆمەڵگاکەمان.
لە سەردەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاپکراوە
کوردیەکان گەشەیەکی زۆری بەخۆوە بینیوە، لەو ماوەیەدا کتێبێکی یەکجار زۆر چاپکراوە
و زۆرێک لە کتێبی بیانی وەگێڕدراوە بۆ سەر زمانی شیرینی کوردی، بەلام وەک پێویست کۆنتڕۆڵ
نەکراو، بەشێک لەم کتێبانە وەک پێویست نین و خزمەت بە کۆمەڵگا و زمان و ئەدەبی
کوردی ناکات. بەشێک لەو کتێبانەی وەرگێڕدراون بەزمانێکی کوردی زو ناخۆش وەگێڕدراون،
خوێنەر ناتوانێت چەند لاپەڕەیەکی لێبخوێنتەوە، ئەمەش وادەکات حەزی خوێندنەوە لاواز
بێت لەلای.
دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نییە لەم
بوارە، بەڵکو دەتوانین بڵێن کاریگەری خراپیان هەیە لە دواخستنی کۆمەڵگا و مەشغول
کردنی گەنجان بە بابەتی لاوەکی. دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە وڵاتە پێشکەوتووەکان یەکەم
دەرگایە بۆ هۆشیارکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی مەعرفی وکۆمەڵایەتی تاکەکانی کۆمەڵگا،
کەچی لە هەرێمی کوردستان ڕۆڵی پێچوانە دەگێڕن و بێ ئەوەی چاودێری بکرێن لەلایەن
حكومەت و دەزگاکانی.
ئەو کۆمەڵگایانەی خوێندنەوە بۆتە کلتور لەلایان،
کۆمەڵگایەکی ووشیارن و چاوکراوەن. ئاگاداری گۆڕانکاریەکانی وڵاتەکەیان و جیهانن و ڕای
خۆیان هەیە لە گۆڕانکاریەکاندا. ئەو کۆمەڵگایانەی دەخوێنەوە هەردەم نەوەیەکی باوەڕبەخۆ
و سەربەخۆ وپرسیاکەر و گۆمانکەر پێشکەش بەکۆمەڵگا دەکەن، نەوەیەک بەخۆیان نوێنەری
خۆیان هەڵدەبژێرن وبەشداردەبن لە شیواز و جۆری حکومڕانی وڵات.
بۆ ئەوەی بتوانین نەوەیەکی هوشیار و پڕ لە زانیاری
و زانست، نەوەیەکی باوڕبەخۆ و ئازاد و سەربەست، نەوەیەک ڕێگەنەدات کەسانێک یان
گروپێک کۆمەڵگا و خەڵک بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربێنن، بەرهەمبێنین و پێشکەش بە کۆمەڵگاکەمان
بکەین، دەبێ خوێندنەوە بکەین بە کلتور.