ئەوەیە كێشەكە
11/9/2019 4:01:00 PM
رەهێڵ دزەیى
هەر كۆمەڵگایەك خاوەنی كولتوورو
دابونەریتی تایبەت بەخۆی هەیە، كۆمەڵگای كوردیش وەك هەر كۆمەڵگایەك كولتوورو
دابونەریتی خۆی هەیە، لەسەر بنەمای ئەم كولتوورە پەیوەندیو شێوازی مامەڵەكردنی
تاكەكان لەنێوان یەكتر داڕێژراوە.
سنورێك هەیە بۆ شێوازی هەڵسوكەوتو پەیوەندییەكان لە كولتووری
كوردیدا، ئەمەش وادەكات كە پەیوەندییەكان بە ئاڕاستەی تەندروست نەڕوات.
مرۆڤەكان لەدەرەوەو لەناو كۆمەڵگا كەسایەتیەكیان هەیە كە
هەوڵدەدەن باشترینی خۆیان نیشانی بەرامبەرەكەیان بدەن، ئەم ماوەیە كە لەدەرەوەی
ماڵەوەن جۆرێك لە نمایش دەكەنو ڕووی ڕاستەقینەی كەسایەتی خۆیان تاڕادەیەك
دەشارنەوە، ئەمەش وادەكات وردەكاری كەسایەتی بەرامبەرەكەت نەبینیتو وەك خۆی
نەناسیت.
پەیوەندییەكان لە دەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری تەنیا ڕووكەشە، كچو
كوڕ تەنیا ئەم لایەنەی یەكتر دەبینن كە بینراوە یان بەرامبەرەكەی دەیەوێ پیشانی
بدات، زۆرجاریش تەنیا لایەنە باشەكانن كە دەبیندرێت، ئەمەش وادەكات هەردوولا ئەشقی
یەكتربن.
مرۆڤەكان ناتوانن بەبەردەوامی نمایش بكەن، بۆیە كە دەگەڕێنەوە
ناو ماڵەكانیان دەگەڕێنەوە بۆ كەسایەتیو خوڕەوشتەكانی خۆیان. هەندێ وردەكاریو
تایبەتمەندی هەیە لە كەسایەتی هەریەك لەئێمە تەنیا ئەوانە دەیبینن كە لەگەڵمان
ژیان دەكەن. دەكرێت كەسێك لەدەرەوەی ماڵەكەیو لەناو كۆمەڵگا كەسێكی زۆر خۆشەویستو
میهرەبانو خاوەن كەسایەتیەك بێت كە سەرنجی هەمووان بۆ خۆی ڕاكێشی، بەڵام لە ناو
ماڵو خێزانەكەی كەسایەتیەكی پێچەوانەبێت، كەسێكی دڵ پیس، ڕەزیل، ڕارا، چەندین
سیفاتی تر كە وادەكات ئاسان نەبێت بگونجێت لەگەڵیا.
كچو كوڕەكان ئەم كەسایەتیەی یەكتر دەبینن كە لەدەرەوەی
ماڵەكەیان هەیانەو هەر لەسەر ئەم بنەمایە هۆگری یەكتر دەبنو پەیوەندی خۆشەویستی
بەیەكەوەیان دەبەستێتەوەو لە ماوەیەكی زوو بڕیار دەدەن كە ئەم كەسەیە پاڵەوانی
خەونەكانمەو دەمەوێ ژیانم لەگەڵی بەسەربەرم. دوای ماوەیەك لەدوای هاوسەرگیری
كەسایەتیە ڕاستەقینەی هەردوولا بۆ یەكتر ئاشكرا دەبێت.
لێرەدا ئاستی بیركردنەوەو هۆشیاری كەسەكان كاریگەری زۆری دەبێت
بۆ ئەوەی بتوانن شێوازێك بدۆزنەوە كە بتوانن پەیوەندییەكەیان ببپارێزنو
جیاوازییەكانی نێوانیان كەم بكەنەوەو ژیانێكی خۆش بەسەربەرن بەیەكەوە.
جیاوازییەكان لە نێوان تاكەكان زۆرن، لە هەندێ كات ئەستەمە
ڕێگایەك بدۆزنەوە كە لەیەك نزیك ببنەوەو بگونجێن لەگەڵ یەكتر، لەم كاتەدا باشترین
چارەسەر جیابوونەوەیە.
پێش هاوسەرگیری پەیوەندییەكان زیاتر لە ڕێگای هەستەكانو
دەربڕینی لە ڕێگای وشەكانو گۆرانیو شعرەكانی ئەم شاعرانەی كە باس لە ئەشقی پاكو
بێگەرد دەكەن، بەڵام لەدوای هاوسەرگیری ڕووبەڕووی بەرپرسیاریەتی خێزانو ژیان
دەبێتەوەو گۆرانیو شیعرەكان شوێنیان كەمدەبێتەوەو لەشوێنیاندا پەیوەندییەكە
دەگۆڕێ بۆ پەیوەندی ڕاستەوخۆ، لەهەندێ كات لەگەڵ ئەوەی ژنو پیاوەكە خۆشەویستیەكی
زۆر هەیە لە نێوانیانو كەسایەتیەكانیان نزیكە لەیەكتر، بەڵام لە كاتی پەیوەندی
سەرجێییو كرداری خۆشەویستی ناگونجێن، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی كێشە
لەنێوانیان، زۆرێك لە كێشەكانو نەگونجانی هاوسەرەكان دەگەڕێتەوە بۆ نەگونجانیان
لە كاتی سەرجێیدا.
جیابوونەوە باشترین چارەسەرە لەكاتی نەگونجاندا. هێشتا لەناو
كۆمەڵگای ئێمەدا جیابوونەوە نەبۆتە بابەتێك كە قبووڵ كراو بێت. لە كلتووری
كوردەواریدا بەچاوێكی جیاواز سەیری ژنێك دەكرێت كە جیابووبێتەوە لە مێردەكەی،
زۆرجار ئەم تێڕوانینەی كۆمەڵگا وا لە ژنان دەكات كە بەرگەی هەموو ئەم ناخۆشیانە
بگرن كە تووشیان دەبێتەوەو بەردەوام دەبن لە ژیان لەگەڵ كەسێك كە هیچ شتیك كۆیان
ناكاتەوەو بەهیچ شێوەیەك ناگونجێن بەیەكەوە، هەروەها پیاوەكانیش بەهامانشێوە لە
ترسی تانەی كۆمەڵگا، یان هەندێجار كە ژنەكە داوای جیابوونەوە بكات، ئەمە پیاوەتیان
بریندار دەكاتو سووردەبن لەسەر بەردەوامی پەیوەندییەكە لەگەڵ ئەوەی كە دەزانێت
ناتوانن ژیانێكی ئاسوودەو بەختەوەر بەیەك ببەخشن.
ژیان بەیەكەوە جوانە، بەڵام بەڕێزوخۆشەویستیەوە جوانترو پڕ
بەهاتر دەبێت، با ڕێز لە یەكترو لە بڕیارەكانی یەكتر بگرین، كە نەمانتوانی وەك
هاوسەر بەیەكەوە بین با وەك دوو هاوڕێ یان وەك دوو مرۆڤ ڕێز لە بوونو كەسایەتیو
خۆشی یەكتر بگرینو یەكتر قبووڵ كردن بكەین بە فەرهەنگ.