دەرچوون لە تاقیکردنەوەکان بەڵگەی فێربون نیە!
6/1/2020 11:06:00 AM
رەهێڵ دزەیى
وەک چۆن دەرچوون لە تاقیکردنەوەکان بەڵگەی فێربوون نیە، بەهەمان شێوە دەرنەچوونیش بەڵگەی فێرنەبوو نیە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی خوێندنگاکان مشتومڕ و پرسیارێکی زۆر لە سێکتەری پەروەردە و فێرکردن سەریهەڵداوە.
چۆن دەبێ کۆتایی بە ساڵی خوێندن بێت بێ ئەوەی تاقیکردنەوە بە خوێندکاران نەکرێت؟
چۆن تاقیکردنەوە بە خوێندکاران بکەین دوای ئەم ماوە زۆرە کە لە خوێندن دابڕاون؟ خوێندکارەکان هیچیان لەبیر نەماوە!
مشتومڕێکی یەکجار زۆر لەسەر گرنگی تاقیکردنەوەکان هەیە، وەک ئەوەی ئەگەر ئەم تاقیکردنەوانە نەکرێت خوێندکارەکان هیچ فێرنابن.
من پرسیار لە بەرپرسانی پەروەردە وفێرکردن دەکەم:
مەبەست لە خوێندن چیە؟
ئایا بۆ بەدەست هێنانی نمرەیە؟ یان بۆ پەروەردەکردن و فێربوون و گەیاندنی زانستە بە خوێندکارەکان؟
ئەگەر بۆ فێرکردنە، ئەوە دەبێ گرنگی بەلایەنی فێرکردن بدرێت، لە ڕێگای داڕشتنەوەی سستمی پەرەوردە لەسەر بنەما و فەلسەفەی سەردەمیانە، لەپێناو دروست کردنی تاکێکی هۆشیار و پڕ لە زانست و مەعرفەت، تاکێک باوەڕ بە خۆ وهەردەم گومان و پرسیاری لەلا دروستبێت وبە ئاسانی شتەکان وەک خۆی وەرنەگرێت.
لە وڵاتی نەرویج کە من ماوەیەکی زۆرە وەک مامۆستا کاری لێ دەکەم، تاقیکردنەوە بوونی نیە تا کۆتا ساڵی خوێندنی بنەڕەتی، واتا تەنها پۆلی سێی دواناوەندی تاقیکردنەویان هەیە(بەلام دەرنەچوون نیە)، ئەم تاقیکردنەوانەش بەشێوازیکی زۆر جێاوازترە لەوەی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. لەگەڵ ئەوەی تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵ و کۆتا ساڵ نیە بەڵام خوێندکارەکان ئەوەی دەبێ فێربن فێردەکرێن و لەلایان دەبێت بە زانست و لەبیری ناکەن نەک مانگێک دووربن لە خوێندن بەڵکو بۆ هەموو ژیانیان سوودی لێدەبینن و لەبیریان دەمێنێت.
لەیەکەم ڕۆژی دەست پێکردنی خوێندن تا کۆتا ڕۆژی خوێندن وانە دەگوترێتەوە لە پۆلەکان، کۆتا ڕۆژ بۆ ماڵئاوای کردن لەیەکتر خوێندکارەکان شیرینی لەگەڵ خۆیان دەهێنن بەیەکەوە لەناو پۆلدا دەیخۆن وکتێبەکانیان دەدەنەوە بە مامۆستاکەیان و هیوای هاوینێکی خۆش بۆ یەکتر دەخوازن، لە پایزدا هەموویان بەیەکەوە لە پۆلێکی بەرزتر دەست بە خوێندن و فێربوون دەکەنەوە.
کەواتە پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە. بۆ لە ولاتی نەرویج خوێندکار فێردەبیت وهەوڵدەدات زیاتر بخوێنیت لەگەڵ ئەوەی تاقیکردنەوە نیە؟ بەڵام لە هەرێمی کوردستان کە تاقیکردنەوە نابێت خوێندکارەکان کتێبەکان فڕێدەدەن و هیچ شتێکیان بیر نامێنێت؟ ئەمە بەرپرسانی پەروەردە وفێرکردن لە هەرێمی کوردستان دەبێ وەڵامان بدەنەوە.
سستمی پەروەردە و فیرکردن تاکەکانی کۆمەڵگا و شێوازی ژیان و بیرکردنەوەیان وپەیوەندیەکان وتەنانەت پەیوەندی خێزانیش ڕێکدەخات.
ئەرکی حکومەتە لە ڕێگای سستمی پەروەردە و فیرکردن هەیکەلی کۆمەڵگا داڕێژێت و بنیادیبنێت.
لە وولاتی نەرویج گرنگە هاوتەمەنەکان بەیەکەوە بخوێنن و لەیەک پۆلدابن و لەیەک دانەبڕێن، هۆکارەکان زۆرن، بۆ ئەوەی بەیەکەوە گەورەبن بەیەکەوە ساڵەکانی خوێندن و ژیان ببڕن، یادگاریەکانیان پێکەوەبێ، کە گەورە بوون لەگەل هاوتەمەنەکانیان ژیان پێکبنێن و هاوڕییەتی بکەن و سەرکەوتووبن، بۆیە بەدەگمەن دەبیندرێت کەسێک ژنێکی لەخۆی منداڵتر بهێنێت، یان کچێک شوو بە کەسێک بکات لەخۆی گەورەتربێت. ئەوە کاریگەری سستمی پەروەردەی وڵاتەکەیە وای لە پیاو کردوە کە هەرگیز بیر لەوە نەکاتەوە کە تەمەنی بوو بە شەست ساڵ کچێک بخوازێت تەمەنی بیست ساڵبێت بەلکۆ بە تاوانێکی گەورەی بزانێت، ژیان لەگەڵ ژنێکی شەست ساڵی دروست دەکات چونکە ئەو تێیداگات و شتی هاوبەشیان زۆرە کە دڵخۆشیان بکات، یان کچێک لە پێناو دەوڵەمەندی شوو بە پیاوێکی پیری پارە هەبوو بکات.
هەر منداڵێک لە دایک دەبێت پێش دایک و باوک بەرپرسیاریەتی حکومەتە کە پەروەردە وژیانێکی سەربەرزانەی بۆ دابین بکات، دەبێ حکومەت منداڵەکان بە هی خۆی بزانێت و هەستێت بەم بەرپرسیاریەتیە مێژوویەی سەرشانی بەرامبەر بە نەوەکانی داهاتوو، نەوەیەکی باش پێشکەش بە کۆمەڵگای دوای خۆی بکات.
وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن، تکایە بیر و تواناکانتان تەرخان بکەن بۆ فێرکردنی خوێندکاران، نەک چۆنیەتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان. با دەرنەچن لە تاقیکردنەوەکان بەلام لانیکەم فێریان کەن. فێریان بکەن چۆن ڕووبەڕووی ژیان ببنەوە، فێریان بکەن کە ئەوان سەرمایەکی گەورەی ئەم وڵاتەن دەبێ بە زانست و مەعریفەت وڵاتیان بەرەوپێش ببەن. پەروەردەیان بکەن و فێری ڕەوشت بەرزی و ڕێزیان بکەن، فێریان بکەن چۆن بڵین نا لەکاتێک کە دەبێت بڵین نا، فێریان بکەن چاوپۆشی لە وێرانکردنی کۆمەڵگا و وڵاتەکەیان نەکەن، فێریان بکەن کە مرۆڤ بوون و کەسایەتی مرۆڤ زۆر بەنرخترە لە پارە وسەروەت و سامان، فێریان بکەن نیشتمانی خۆیان خۆشبووێ و بیپاریزن نەک ناچاریان بکەن لێی هەڵبێن.
٣١/٥/٢٠٢٠