24.1 ڕۆژی جیهانی پەروەردە و فێرکردنە
1/21/2024 9:09:00 PM
رەهێڵ دزەیى
پەرەوردە و فێرکردن گرنگی و بەهایەکی زۆری هەیە لە لای زۆربەی نەتەوە و وڵاتان بۆیە گرنگیەکی زۆری پێدەدەن، بوجەیەکی زۆری بۆ دابین دەکەن، لە درکپێکردنیان کە سستمێکی پەروەردە و فێرکردنی باش حکومڕانی و کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و هۆشیار بەرهەمدێنێت.
بوونی سستمێکی پەروەردە و فێرکردنی دیموکرات و هاوچەر دەبێتە هۆکاری دروست کردنی نەوەیەکی ڕۆشنبیر و باوەڕبەخۆ و بە مەعرفەت و پرسیارکەر و گومانکەر، بوونی نەوەیەکی لەم شێوەیە سستمێکی حکومڕانی پێشکەوتوو و دیموکرات دابین دەکات و خۆشگوزەرانی و ئازادی و مافی مرۆڤ بە کۆمەڵگاکەی دەبەخشێت.
لە هەرێمی کوردستان کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە هەموو بوارەکان زیاتر پشتگوێخراوە و وەک پێویست گرنگی پێنەدراوە. دوای ئەو هەموو ساڵە لە حکومڕانی کوردی، نەتوانرا ئەو سستمە کلاسیکە کۆنە بگۆڕدرێت و سستمێکی هاوچەرخ و پێشکەوتوو داڕێژرێت کە لەگەڵ کۆمەڵگای کوردی بگونجێت و کۆمەڵگا و هەرێمەکەمان بەرەوگەشەکردن ببات. هۆکارەکان زۆرن، سەرەکیتریان دەست تێوەردانی حزبەکانی دەسەڵاتە. دەسەڵات بەمەبەست ئەم کەرتەیان بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی نەوەیەکی لاواز و ملکەچ، نەوەیەک فێرنەکرێت پرسیاربکات و گومان لە ڕووداوەکان بکات و بەدوای ڕاستیەکان بگەڕێت.
مامۆستایانی سنوری پارێزگای سلێمانی هەڵوێستیان وەرگرت بەرامبەر بەم نادادیەی بەرامبەر بە مافەکانیان دەکرێت و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردوە، لەگەڵ ئەوەی وەرزی یەکەمی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ و ژمارەیەکی زۆر لە فێرخوازانی ئەو ناوچەیە بێ بەش بوون لە خوێندن، بەڵام ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە دەسەڵات بێ باکانە هیچ هەڵویست و گرنگیەک بە بێ بەشبوونی ئەو ژمارە زۆرە لە فێرخوازان لە زانست و خوێندن نادات. لەدەستدانی ساڵێکی خوێندن کاریگەریەکانی درێژخایەن دەبێت لەسەر گەشەکردنی کۆمەڵگا، هەر ئەوەنییە فێرخوازان ساڵێکی خوێندنیان لەدەستبدەن.
ڕۆژی جیهانی پەروەردە و فێرکردن با ئەوڕۆژەبێت کە هەڵوێستەکی یەکگرتوومان هەبێت و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەیەک دەنگ دژی نادادی و بێ باکی دەسەڵات بەرامبەر بەم کەرتە گرنگ و هەستیارە بوەستینەوە، وا لە دەسەڵات بکرێت و پێبوترێت ئەم هەرێمە و نەتەوەکەمان پابەندە بە باشی و گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە و فێرکردن بۆیە دەبێ هەموومان سستمی پەروەردە و فێرکردن بپارێزین و ڕێگانەدەین بەکاربهێندرێت بۆ بەرژەوەندی حزبی.
بوونی سستمێکی پەروەردە و فێرکردنی باش زامنی حکومڕانێکی ڕەشید و پێشکەوتووە، بۆیە گرنگە لە هەرێمی کوردستان کەرتی پەروەردە و فێرکردن گرنگترین سێکتەربێت و لە ئەولەوییاتی بەرنامەی حکومەتبێت.
ئەگەر لەگەڵ دەستپێکردنی دەسەڵاتی کوردی وەک پێویست گرنگی بدرابا بە سستمی پەروەردە و فێرکردن ئێستا زۆرێک لەو قەیران و کيشانەی هەرێم دووچاری هاتووە بوونی نەدەبوو و بێگومان دەمانتوانی هەرێمێکی ئارام دروستبکەین و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری و ئازادی بۆ هاوڵاتیان فەراهەم بکرێت، کۆمەڵگا دابەش نەدەبوو بۆ دوو بەش بەشێکی خاوەن پارەیەکی زۆر( پارەی دزراوی خەڵک) و بەشێکی چەوساوە و مافخورا و بێ موچە.