بۆچی پێویستە پەروەردەی خێزانی بوونی هەبێت لە سستمی پەروەردە وفێرکردن؟
3/15/2022 10:45:00 PM
رەهێڵ دزەیى
پەروەردەی خێزانی،
یەکێکە لەم بابەتەنەی ئەرکئ خوێندنگایە کە فێری فێرخوازەکانی بکات، بۆ ئەوەی زانیاری
زانستی ودروست لەسەر ڕەگەزی خۆیان و بەرامبەرەکەیان لەلا دروستبێت ولەسەر ئەم بنەمایە
مامەڵە لەگەڵ یەکتربکەن. لە بوونی زانیاری دروست و زانستیانە لەسەر ڕەگەزی خۆیان و
بەرامبەرەکەیان، زۆرێک لە کێشە کۆمەڵایەتیەکان کەم دەبنەوە و لەناودەچن.
ناسین و پەیوەندی
لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەرغەریزەیەکە لە مرۆڤ بوونی هەیە وەک غەریزەکانی تر، دەبێ بە شیوازێکی
زانستی و تەندروستی و کراوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. کە کۆکین لەسەر ئەوەی ناسین و پەیوەندی
لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر غەریزەیە و لە هەموو مرۆڤێک بوونی هەیە و دەستکرد نییە، دەبی
بە شێوەیەکی تەندروست وئاسایی باسی لێوە بکەین و هەوڵ بدەین زانیاری دروست لەسەر پەیدابکەین،
و بێ شەرم قسەی لەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی دووربین لە کاریگەریە نەرێنیەکانی.
منداڵ هەر کە
فام دەکاتەوە پرسیاری زۆری لەلا دروست دەبێت بۆ ئەوەی شارەزا و ئاشنای دەورووپشتی
خۆی بێت و بتوانێت مامەڵەی لەگەڵ بکات، ئەگەر بێت و وەڵامی دروستی دەستنەکەوێت لەلایەن
کەسە نزیکەکانی، یان کەسانی نزیکی ئەو کەش و هەوایە دروست نەکەن کە منداڵ بێ ترس
پرسیار بکات و متمانەی بدرێتی کە وەڵامی دروستی دەست دەکەوێت، ئەوە پەنا دەبات بۆ
کەسانی تر هاوتەمەنی خۆی، لەم کاتەدا وەڵامی نادروست و هەڵەی دەست دەکەوێت، بۆ ماوەیەکی
زۆر کاریگەری دەبێت لەسەر ژیان و کەسایەتی.
خوێندنگا ئەو شوێنەیە
کە دەبێ خوێندکار هەموو ئەو زانیارییانەی دەربارەی ڕەگەزی خۆی و بەرامبەرەکەی و تەندروستی
سێکسی (تەندروستی سێکسی واتا، زانیاری دەربارەی ڕەگەزی خۆی و ئەو گۆڕانکاریانەی
دروست دەبێت لە کاتی هەرزەکاری و هەروەها لە ڕەگەزی بەرامبەر، و ئەو نەخۆشیانەی
تووشیان دەبێت و چۆنیەتی خۆپاراستنیان لێی، شێوازی پەیوەندی نێوان هەردوو ڕەگەز،
پاراستنی خۆیان لە دەستدرێژی سێکسی، پاراستنی و خاوەنداریەتی جەستەیان) دەستدکەوێ.
گرنگە زانستی( ڕۆشنبیری
سێکسی(الثقافە الجنسیە) یان پەروەردەی خێزانی) ببێت بە بەشێک لە سستمی پەروەردەی هەرێم
کوردستان، تێدا وەڵامی ئەو هەموو پرسیارانەی لە هزری منداڵ و هەرزەکاراندا هەیە
بدرێتەوە و بەشێوازێک پەروەردە بکرێن بە کراوەیی باس لەم زانستە بکەن وەک هەر
زانستێکی تر کە گرنگە ئاشنای ببن و دووربکەونەوە لە هەر کێشەیەک لە نەبوونی زانیاری
توشیان ببێت.
زانیاریەکان بە
پێی تەمەن و گەشەکردنی منداڵەکان و قۆناغەکانی ژیانیان جیاوازی دەبێت. وانەکان لە
قۆناغی سەرەتاییەوە دەست پێدەکات و ئەو زانیارییانەی گرنگن بۆ ئەم قۆناغە بە شێوازێکی
کراوە و بەڕێزەوە بە خوێندکاران دەگەێیندرێت. باس لە لەشی مرۆڤ و چیاوازی نێوان جەستەی
نێر و مێ و گەشەکردنی دەکرێت. ڕێکارەکان و
چۆنیەتی پاراستنی جەستەی خۆیان. لە کاتی دەستدرێژی سێکسی ، یان ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژی
سێکسی چۆن بەرگری لە خۆیان بکەن و لەم کاتەیە هانا بۆ کێ بەرن وبە کراوەیی قسیان بۆ
بکەن.
لە قۆناغی ناوەندی،
وانەکان بەرەوپێشی بەخۆیان دەبینن و زیاتر قوڵدبێتەوە، باس لە پەیوەندی نێوان نێر
و مێ وهەستەکانیان بەرامبەر بە یەکتر و شێوازی خۆ پاراستن. ئاشنا بوون بە جەستەی خۆیان
و ئەو گۆڕانکارییانەی لە جەستەیان ڕوودەدات وبە کراوەیی و بە بێ شەرم باسی لێبکرێت.
گرنگی جستەی مرۆڤ و خاوەنداریەتی لەلایەن خۆیانەوە. گرنگە فێر بکرێن کە جەستەیان مۆلکی
خۆیانە و کەس بۆی نییە بەبێ ڕەزامەندی خۆیان دەستی لێبدات. زانیاری دەربارەی پەیوەندی
نێوان ڕەگەزەکان لە کۆمەڵگادا و داب ونەریتی کۆمەڵگا وڕێپدراو و ڕێپنەدراوەکان بە
دروستی بدرێت بە خوێندکار. ئەو نەخۆشیانەی لە ڕیگای سێکسی نا دروست توشی مرۆڤ دەبێت،
هەروەها ئە و نەخۆشیانەی دەکرێ مرۆڤ توشیان بێت لە کۆئەندامی زاوزێی نێر و مێ دا.
لە قۆناغی
دواناوەندی زانیاریەکان بە تەواوی پێیان دەبخشرێ بۆ ئەوەی زانیاریەکی دروست و
زانستی دەبارەی ڕۆشنبیری و تەندروستی پەیوەندی نێر و مێ، بۆ ئەوەی لە کاتی هاوسەرگێری
بتوانن پەیوەندیەکی دروست و لە سەر بنەمای زانستی دروست بکەن لەگەڵ یەکتر و بتوانن
بە شێوەیەکی کراوە و دوور لە شەرم باس لە حەز و ئارەزوەکانیان بکەن و بتوانن ژیانێکی
بەختەوەر بۆ خۆیان و خێزانەکەیان دروست بکەن، بەشێکی زۆری کێشەکانی خێزانی کورد و
نەگونجانیان لە ئەنجامی ئەوەیە کە پەیوەندیەکی دروست و کراوەیان نییە، ژن و مێرد
ئاشنای جەستەی یەکتر و پێداویستیەکانی یەکتر نین.
بوونی کارمەندی
تەندروستی لە خوێندنگاکان یەکێکە لە کارە گرنگ و پێویستیەکان. کارمەندی تەندروستی
ئەو کەسەیە کە بەڕێز و کراوە ونهێنی پارێیزییەوە دەبێ مامەڵە لەگەڵ خوێندکارەکان
بکات و هەردەم دەرگای کراوە بێت بۆ خوێندکاران لە کاتی پێویستیان پێی بوو.
گەشەکردنی منداڵەکان
جێاوازی هەیە، بۆیە کارمەندی تەندروستی ئەرکیەتی ئەو منداڵانەی زووتر گەشەدەکەن لە
گرووپێکی بچووک کۆیان بکاتەوە و لە دەرەوەر پۆل ئەو زانیارییانەی بە گرنگی دەزانی
پێیان بدات.
لە بوونی ڕووبەڕووبوونەوەی
دەستدرێژی سێکسی یەکێک لە خوێندکارەکان ، کارمەندی تەندروستی بە هاوکاری بەڕێوەبەری
خوێندنگا و دایک و باوکی خونێدکارەکە، بە شێوەیەکی نهێنی کار لەسەر بابەتەکە بکات
وهاوکاری خوێندکارەکەبن و بۆ ئەوەی کاریگەریەکەی کەم بێت وڕێنمایی بکرێت چون لەم ڕووداوانە
خۆی بپارێزێت و هانا بۆ کێ بەڕێت.
سستمی پەروەردە
و فێرکردن تەنها بۆ ئەوە نییە کە ئەندامانی کۆمەڵگا فێری خونێدن و نووسین بکات، بەڵکوو
بۆ ئەوەیە نەوەیەکی تەندروست و باوەڕ بەخۆ و پرسیارکەر پێشکەش بە کۆمەڵگا بکات، پەروەردەی
خێزانی و ڕۆشنبیری و تەندروستی سێکسی یەکێکە لەم زانیاریە گرنگانەی کاریگەری زۆری
هەیە لەسەر کەسایەتی مرۆڤ، چی نێر بێت یان مێ، ڕۆشنبیری و ئاشنا بوونیان بە هەست و حەزەکانیان و جەستەی خۆیان و بەرامبەرەکەیان
وا دەکات بتوانن کۆنتڕۆڵی هەست و حەزەکانیان بکەن و بە ڕێڕەوێکدا نەڕوات لە ژێردەستیان
دەرچێت و ببێت بە ماییەی کێشەی گەورە بۆ خۆیان و دەورووبەریان، بەڵکو وادەکات پەیوەندیەکانی
نێوان مرۆڤەکان بە شیوازیکی دروست وبەڕێزێکی زۆرەوە دروست بێت.