کاریگەری دیوەخان لەسەر لاوازی هەستی پەیوەستبوون بە نیشتمان
2/6/2023 8:39:00 PM
رەهێڵ دزەیى
کۆمەڵگای کوردی وەک زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی تر بە قۆناغی جیاجیا تێپەربووە وەک
قۆناغی کۆموونەی سەرەتایی، کۆیلایەتی و قۆناغی دەربەگایەتی و خەریکە هەنگاو دەنێ بەرەو
قوناغی سەرمایەداری.
لە قوناغی دەرەبەگایەتی کە تا ئێستاش ئاسەواری ماوە، کەسانی پارەدار و خاوەن
زەوی، هێز و دەسەڵاتی زۆریان هەبوو. لەگەڵ ئەوەی تێبینی زۆرم هەیە لەسەر ئەو سەردەمە
و مامەڵەی خاوەن دەسەڵات و ئاغاکان لەگەڵ خوارخۆیان، بەڵام دەمەوێ تیشک بخەمە سەر
دیاردەیەک لە ئێستادا سەری هەڵداوەتەوە و بە شیوازێکی جیاواز کار بۆ بە کۆیلەکردنی
تاکی کورد دەکات، ئەویش دیوەخانە، مەبەست لێ گەڕانەوە بۆ سەردەمی دەرەبەگایەتی و دەرنەچوون
لە قسەی ئاغاکان، خاوەنی بیر وکەسایەتی خۆیان نەبن.
دیوەخان لە چەند ژوورێک پێکدێت، ئەو ژوورەی لە ئەوانی تر گەورەترە بۆ پێشوازی کردن لە میوانان
و ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر بەکار هاتووە.
لە سەردەمی دەرەبەگایەتی کە مێژوەکەی زۆر دوورنییە، دیوەخان وەک یانەیەکی کۆمەڵایەتی
و ڕۆشنبیری وسیاسی و ئاینی و تەنانەت بۆ کاری سەربازیش بەکار هاتوە و پلانی شەڕ و
هێرش کردن و ڕووبەڕووی دوژمن لە دیوەخانەکان داڕێژراوە. سەرۆک هۆز یان ئاغای خاوەن
دیوەخان خاوەن کەسایەتی بەهێز و میوان دۆست بوو، بەرپرسیار بوو لە خەڵکەکەی و کێشەکانیانی
چارەسەر دەکرد وخاوەنداری دەکردن.
دیوەخان ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە بەرەوە پێشچوونی هونەری کوردی و پاراستنی، ئێواران
کۆڕی شیعر وگۆرانی دەبەسترا. لە دەشتی هەولێر دیوەخان ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە بەروپێشچوون
و پاراستنی حەیران. هەندێ لە ئاغاکان بەشیک لە دیوەخانەکەیان دەکردە قوتابخانە تا
منداڵەکانی دێیەکەی بێ بەش نەبن لە خوێندن و ڕۆشنبیری.
ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، هەندێ لە خاوەن زەوی وکەسایەتی دیار و ئاغاکان هاندەدرێن بۆ دانانی دیوەخان، لە بەرامبەردە
مانگانە یارمەتی مادی دەدرێن لە لایەن بەشێک لە پارتە سیاسیەکانی هەرێم، بۆ ئەوەی
لەم ڕێگایەدا خەڵکانێک لەدەوری خۆیان کۆبکەنەوە و لە ڕێگای خاوەن دیوەخان وابەستەی
خەڵک بۆ پارتەکەیان مسۆگەربکەن. پارتەکان گرنگی بە دیوەخان و خاوەنەکەی دەدەن و زۆرێک
لە کارەکان لە ڕێگای خاوەن دیوەخان جێبەجی دەکەن، بۆ ئەوەی خەڵکەکە ناچار بکەن پەیوەستبن
بە دیوەخان و لەم ڕێگایە دڵسۆزی و وابەستبوونیان بۆ خێل و عەشیرت دەبێت نەک بۆ نیشتمان.
جیاوازی ئاغاکانی کۆن و ئێستا ئەوەیە ئاغاکانی کۆن خاوەن کەسایەتیەکی بەرز
و بەڕێزبوون سەریان شۆڕ نەدەکرد بۆ پارە یان دەسەلات، ئەوانەی ئێستا زۆر لاوازن و
خۆیان بەکەمتر دەزانن بەرامبەر بە ئەو پارتەی کاریان بۆ دەکەن وپارتەکانیش بەو بەهایە
مامەڵەیان لەگەڵ ناکەن کە باب و باپیرانیان هەیانبوو.
ئەگەر جاران خەڵک گلەیی لە هەندێ لە ئاغاکان هەبوو کە جوتیارەکان دەچەوسێنەوە،
ئەوە ئێستا خاوەن دیوەخانەکان ئامرازی دەستی حزبەکانن بۆ چەوسانەوەی هەموو چین و
توێژەکانی کۆمەڵگا. دیوەخانی کۆن، بۆ میوانداری و پیاوەتی بەکاردەهات، دیوەخانی ئێستا
لە پێناو بەرژەوەنی ئاغا و حزب بەکاردێت و بۆ بە کۆیلەکردنی کۆمەلگا ئەنجامدراوە.
وەک چۆن هێزەکانی پێشمەرگە سەر بە پارتەسیاسیەکانن، دڵسۆزیان بۆ پارتەکانە و لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندی پارتەکەی خەبات
دەکات، ئاواش کەسانی ئاسایی لە ڕێگای دیوەخان کۆنتڕۆڵ دەکرێن.
هەرکاتەک یاسا سەروەربێت و کاری تاکەکانی کۆمەڵگا بە دادپەروەرانە ئەنجام
بدرێت و خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی دابین بکرێت، ئەوکات تاک هەست بە هاوڵاتی بوونی
خۆی دەکات و ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بە نیشتمانەکەی ئەنجام دەدات و دڵسۆزی و وابەستبوونی
تەنها بۆ نیشتمانەکەی دەبێت و بە هەموو شیوەیەک دەیپارێزی.
ئەوەی لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو کراوە و کاری بۆ کراوە، ئەوەیە کە تاکی
کورد زیاتر پەیوەستی خێل و پارتە سیاسیەکان بێت، کار و ئیشەکانی لەم ڕێگایانە جێبەجێ
دەکرێت و ئەمەش وای کردوە هەستی هاوڵاتی بوون و هاونیشتمانی زۆر لاوازبێت، خەڵکەکە
ئەوەندی هەست دەکات بەشێکە لە خێل و عەشیرەت ئەوەندە پەیوەستی نشتمانەکەی نییە.
بێگومان دەسەڵات ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە دروست کردنی ئەم پەیوەست بوونە بە خێل
و پارتە سیاسیەکان.
ناسنامەی مرۆڤ بەخۆی دیاری دەکات، کام لە بەهاکان گرنگتر بێت لەلای و لە
ناو کۆمەڵگا و لەلای دەسەڵات، ئەوەیان سەرەتا دەبێتە ناسنامەی، بەهاکانی تر دواتردێن.
بۆ نمونە کەسێک کە بەرەو وڵاتێکی تر دەگوازێتەوە، ئەگەر زمانەکەی یان وڵاتەکەی پایەکی
بەرز و بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت لەم وڵاتەی بۆی چووە ئەوە بە شانازیەوە کە پێناسەی
خۆی دەکات دەڵێ من لەم نەتەوە و ئەو زمانەم هەیە، بەڵام ئەگەر بەبێ بەها و ئەو ڕێزەی
نەبێت ئەوە زمان و نەتەوەی خۆی دەشاردتەوە وهەوڵ دەدات بە زمانی وڵاتە تازەکە قسە
بکات و دەیکاتە پێناسەت خۆی. بەهەمانشێوە هەرکاتێک دەسەڵات زیاتر بەهای بۆ پارتی سیاسی
و دیوەخان دانا، هەستی هاوڵاتی بوون لاواز دەبێت. لەسەردەمی ڕژێمی بەعس، کورد چەوساوەبوو
بۆیە کە پێناسەی خۆی دەکرد سەرەتا دەیگوت من کوردم دواتر ناوی ئاین و پیشە وناوچەکەی
دەهێنا.
تەنها ئەوانەی ئاستێکی ڕۆشنبیری بەرزیان هەبێ درک بەوە دەکەن دەسەڵات بە چ
پلانێک کاردەکات. ئاستی ڕۆشنبیری تاکی کورد لە ڕێگای بوونی سستمێکی پەروەردە و فێرکردنی
خراپ و کلاسیک لە دۆخێکە هی ئەوە نییە ئیرەیمان پێببەن و چاوەڕوانی ئەوەیان لێبکەین
درک بەم پلانەی دەسەڵات بکات و دژی بوەستێتەوە.
بۆ ئەوەی هاوڵاتی و هاونیشتمانی دروست بکەین کە وابەستەی خاک و نەتەوەکەیان
بن و بیپارێزن و بە شانازیەوە بیکەن بە پێاسەی خۆیان، پێویستمان بە حکومڕانێکی دیموکرات
هەیە، حکومەتێک خزمەتگوزاری و دادپەروەری و یەکسانی دابین بکات بۆ هاوڵاتیەکانی. پێویستمان بە حکومەتێک هەیە داهاتی
وڵاتەکەی نەدات بە چەند کەسێک بۆ بە کۆیلەکردنی خەڵکەکەی و گەرانەوەی سەردەم دەرەبەگایەتی
کە لە زۆربەی ولاتان ئاسەواری نەماوە لە پێناو بەرژەوەندی و مانەوەی خۆی.