ئێمە نازانین قسە لەگەڵ یەکتر بکەین!
7/13/2022 8:24:00 PM
رەهێڵ دزەیى
قسەکردن ئامرازی لێکتێگەیشتنە، بۆ ئەوەی بتوانین بەرامبەرکەمان لە
بیروبۆچوونی خۆمان بگەێیین و بەدحاڵی بوون ڕوونەدات، گرنگە قسەی لەگەڵ یەکتر بکەن.
قسە کردن و گوزارشت لە ناخ و هەڵوێستەکانمان ئاسان نییە ئەگەر ڕانەهاتبین و
توانای دەربڕینمان نەبێت. زۆرێک لە کێشەکانمان لەوەوە ڕوودەدات کە وەک پێویست
ناتواین ئەوەی لە ناخمان هەیە بە بەرامبەرەکەمان بڵێن.
کۆمەڵگای کوردی و شێوازی پەوەردەی کوردەواری گرنگی بەم لایەنە نەداوە و
بەڵکو بە پێچوانەوە بە شێوازێک منداڵەکانیان پەروەردە کردوە کە کەمترین قسە بکەن.
دایک و باوکی کورد کەمتری قسە لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن، تەنها ئەو کاتانە نەبێ کە
دوای شتێک دەکەن، بە تایبەتی لەم سەردەمەی تەکنەلۆجیا زیاتر بە ئامێری ئەلکترۆنی
سەرقاڵیان دەکەن. خێزانی کورد بۆ نیشان دانی ڕێز بۆ گەورەکان هەردەم داوا لە
منداڵەکان دەکرێت کە وەڵامی گەورەکان نەدەنەوە و ئەوەی هەستی پێدەکەن لە ناخی
خۆیان بهێلنەوەوە، ئەمەش وادەکات هەر لەمنداڵیەوە فێربکرێن هەستەکانیان لە ناخی
خۆیان بمێنێتەوە و دەرینەبڕن، ڕادێن زیاتر لەگەڵ خۆیان قسە بکەن لە جیاتی ئەوەی
لەگەڵ بەرەمبەرەکەیان قسە بکەن، کاریگەریەکانی بەردەوام دەبێت لە گەورەبونیشیان
توانای ئەوەی نەبێت بە گفتوگۆ و قسەکردنی هێمنانە کێشەکانیان چارەسەربکەن.
کێشە کۆمەڵایەتیەکان و کێشەکانی خێزان زۆرێکیان لەسەر بابەتی زۆر لاوەکێن،
لەبەر ئەوەی نازانین قسەی لەسەر بکەین و جیاوازیەکانی یەکتر قبووڵ بکەین و بۆچوونی
یەکتر بە هەند وەربگرین و گفتوگۆی لەسەر بکەین، زۆر کات کێشەکان بەرەو توندو تیژی
دەڕوات و هەندێ جار ئەنجامەکەی بە کارەسات کۆتایی دێت.
سستمی پەروەردە و فێرکردن ڕۆڵی گرنگی هەیە لەوەی لە منداڵیەوە وا فێربکرێن
بە بێ شەرم وسەربەستانە گوزارشت لە ناخی خۆمان بکەین و فێربین قسە لەگەڵ
یەکتربکەین.
ئەو سستەمەی پەروەردە و فێرکردنەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، سستمێکی
کلاسیکە، واتا مامۆستا ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە پرۆسەی فێرکردن، مامۆستا قسە دەکات
فێرخواز گوێدەگریت، لە ناخی خۆیدا دەیڵێتەوە، لێرەدا فێرخواز کەمترین قسە دەکات،
هەرکاتەک ویستی قسە بکات، مامۆستا پێدەڵێ گوێبگرە و بێدەنگ بە.
بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکمان هەبێ لێکتێگەیشتوو و کەمترین توندو تیژی تێدابێ،
گرنگە فێربین قسە لەگەڵ یەکتر بکەین و بیروبۆچونە جیاوازەکان قبووڵ بکەین و
بتوانین بەیەکەوە بژین و ولات بەرەو پێشەوەببەین، سستمێکی پەوەردە و فێرکردنی
هاوچەرخ و سەردەمیانەمان هەبێ، تێدا مێتودەکانی وانەبێژی پیشکەوتوو بەکاربهێندرێت
بۆ ئەوەی هەر لە منداڵیەوە فێربکرێن قسە لەگەڵ یەکتر بکەن.
لە سستمی پەروەردە و فێرکردنیێکی دیموکرات و هاوچەردا، فێرخواز ڕۆڵی سەرەکی
هەیە لە پرۆسەی فێرکردنی خۆی. مامۆستا چەندین ئامراز و میتۆدی وانەبێژی لەبەردەستە
بۆ ئەوەی بە شێوزێکی زانستیانە فێرخوازەکانی پەروەردە بکات و بە شێوازێک فێریان
بکات کە زانیاریەکان لەلایەن بمێنێتەوە و ببێت بە مەعرفەت و سودی لێببینن لە
ژیانیادا.
ئەو میتۆدانەی وادەکەن فێرخواز باوەڕی بە خۆی هەبێ و سەربەستانە و ئازادانە
گوزارشت لە بیروبۆچونەکانی بکات و بە شێوازێکی جوان و بەڕیزەوە قسە لەگەڵ
بەرامبەرەکەی بکات و فێربێت ڕای جیاواز
وەربگرێت زۆرن من لێرە بەشێکی ناو دەهێنم.
میتۆدی وانە گوتنەوەی فێرخواز. ئەم میتۆدە وادەکات فێرخواز باوەڕی بەخۆی
هەبێ و شەرم نەکات لەناو کۆمەڵێ خەڵک قسەبکات و توانای دەڕبڕینی هەبێ.
میتۆدی گرووپ. ئەم میتۆدە فێرخواز فێری کاری هاوبەش و پلان دانا و
بەڕێوەبردن دەکات.
میتۆدی ئەرگومێنت. ئەم میتۆدە یەکێکە لە باشترین میتۆد بۆ ئەوەی فێرخواز
فێربێت بێروبۆچونی خۆی بە شیوازێکی زانستیانە و داکۆکی کردن لە بۆچوەکانی بکات بە
هێنانەوەی بەڵگەی گونجاو بۆ ئەوەی بەرامبەرەکەی بە بۆچونەکانی ڕازی بکات.
میتۆدی بانکی. ئەم میتۆدە وادەکات فێرخواز کۆمەڵە وشەی باشی لەلا کۆببێتەوە
بۆ کاتی پێویست بەکاریان بێنێت.
میتۆدی گێڕانەوە. ئەم میتۆدە مامۆستا دەتوانێت ڕۆژانە یان چەند ڕۆژیک لە
حەفتەیەکدا بەکاری بێنێت، پێش ئەوەی دەست بە وانەکەی بکات، داوا لە فێرخواز بکات
بێت بۆ لای تەختەو ئەگەر مایکرۆفۆنێک هەبێ باشتر، بۆ ئەوەی بە ئازادانە باس لە ئەو
شتانە بکات کە ڕۆژی پێشتر یان لە پشووی حەفتە کردویەتی، یا باس لە هەر بابەتێک
بکات کە خۆی حەزبکات بیگێڕێتەوە.
میتۆدەکانی: شیکاری و تواناکاری، پلانڕێژی ، تیم و یاری و پێشبڕکێ، نەخشەی
بیرکردنەوە، سەرنجدان، هەڵسەنگاندن.
دیارە زۆربەی میتۆدەکانی وانەبێژی سەردەم هاوکارن بۆ ئەوەی نەوەیەکی
باوەڕبەخۆ وبەتوانا و بە مەعرفەت بەرهەمبێنێ.
دایک ڕۆڵی سەرەکی وگرنگی هەیە لەوەی وا لە منداڵەکانی بکات بەبێ شەرم
وئازادانە قسە بکەن و گوێ بگرن. ئەرکی دایک و باوکە، بە تایبەتر دایک چونکە زیاتر
لەگەڵ منداڵەکەیەتی بەبردەوامی قسەی بۆ بکات و گوێی بۆ بگرێت کە قسە دەکات، بە
وشەی ڕوون و ڕەوان، نەک وەک زۆرێک لە گەورەکان کە قسە لەگەڵ مندالێک دەکەن بە
زمانی منداڵانە ووشەکان دەردەبڕن، ئەوە هەڵەیەکی گەوەریە، بۆ نمونە لەجیاتی بڵێن
(پیس- یەع. خەتەر- بڤەیە. ئۆتۆمبیل- دیدە).
کۆمەڵگای کوردی بە دریژایی مێژوو زۆربەی کاتەکان لە شەڕدابووە بۆیە زمانی
دیالۆگی لاوازترە لە چەک، با بە هەمووا هەوڵبدەین قسەکردن و گفتوگۆ و یەکتر قبوڵکردن شوێنی توندوتیژی ناو
کۆمەڵگاکەمان بگرێتەوە وکێشەکانمان بە گفتوگۆ چارەسەربکەین وقسە لەگەڵ یەکتربکەی و
فێربین گوێ بۆ یەکتر بگرین و جیاوازیەکان وەک خۆی پەسندبکەین و لەگەڵیان بژین.