1488وتار

بزوتنەوەی گۆڕان براوەی یەکەمە

10/16/2021 6:51:00 PM
رەهێڵ دزەیى


یەکێک لەئامانجە هەرە سەکیەکانی بزوتنەوەی گٶڕان لە پێناویەوە دروست بوو هوشیار کرنەوەی کۆمەڵانی خەڵک بوو لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئامانجی سەرەکی ڕەوانشاد نەوشیروان مەستەفا ئەوە بوو کە  کۆمەڵگا وشیار بکاتەوە، ماف و ئەرکەکانی خۆیان بزانن و پەیڕوەی بکەن. 

یەکەم هەنگاو ئەوە بوو ماهییەتی دەسەڵاتی بۆ کۆمەڵانی خەڵک ئاشکرا کرد و بە خەڵکی گووت گەندەڵی و دزیەکی زۆر دەکرێت، ئەو پارە زۆرەی دەدزرێت مافی ئێوەی هاوڵاتیە.
 بەهای بۆ دەنگی دەنگدەر گەڕاندەوە، پێش دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژاردن ئەو بەهایەی نەبوو، حزبەکانی دەسەڵات زۆر بێ منەت و لە خۆبایی ببوون و حسابیان بۆ هاوڵاتی نەدەکرد، خەڵک بە کۆمەڵ دەچوون بۆ سەر سندووقی دەنگدان بێ ئەوەی بزانن بۆچی و لە پێناو چی دەنگ دەدەن، بەڵام کە بزوتنەوەی گۆڕان دروستبوو سیاسەتی بە مێگەل کردنی کۆمەڵگای تێکشکاند کە دوو حزبی دەسەڵات کاریان بۆ دەکرد، هاوڵاتیانی هوشیار کردەوە لە بەها و گرنگی و کاریگەری دەنگی خۆی، دواتر بینیمان بەرپرسەکانی دوو حزبی دەسەڵات دەرگا بە دەرگا دەگەڕان بۆ ئەوەی هاوڵاتی دەنگیان پێبدا و دوای تەواو بوونی هەڵبژاردنەکان بەرپرسەکان بەخۆیان شەقامەکانیان پاکدەکردەوە لە پۆستەرەکانیان.
ئەگەر بەراوردێکی ئاستی هوشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵک بکەین پێش دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان و دوای بزوتنەوەی گۆڕان، بە ڕوونی درک بە بەرزبوونەوەی ئاستی هوشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵانی خەڵک دەکەین، هاوڵاتی ئێستا حزبی سیاسی وەک ئامرازێک دەبێنێت بۆ بەدی هێنانی ئامانجە نەتەواییەتی وپێداویستیەکانی کۆمەڵگا لە خزمەت گوزاری و خۆشگوزەرانیدا.
گۆڕان توانی وا لە هاوڵاتی بکات، هوشیاری لەلا دروست بێت لەسەر باری ئابووری هەرێمەکەی و ڕاوبۆچوونی خۆی هەبێ، دەسەڵات نەتوانێت بە ئاسانی بە ئارەزووی خۆی داهاتی ئەم هەرێمی بۆ بەرژەوەندی حزب و کەسانی ناو حزب بەکاربهێنێت، ئەوە بزوتنەوەی گٶران بوو ئاشکرای کرد کە دوو حزبی دەسەڵات لەو پارەی لە بەغداوە دەهات بۆ هاوڵاتیانی هەرێم وەک برا لە نێوان خۆیان بەشیان دەکرد و بەشێکی کەمی بۆ هاوڵاتیان بەکاردەهات. پێش دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان کەس زانیاری نەبوو لە شێوازی سەرف کردن و بەکارهێنانی داهاتی نەوەت و چۆنیەتی فرۆشتنی لە هەرێم. بزوتنەوەی گۆڕان بوو، گەندەڵیەکانی دەسەڵاتی بە هاوڵاتیانی ناساند و وشەی گەندەڵ و گەندەڵکاران بوو بە ناسنامەی هەر کەسێک خیانەت لە قوتی خەڵک بکات. 
بزوتنەوەی گۆڕان بەها و گرنگی بۆ هەستیارترین دامەزراوە گێڕاوە کە پەرلەمانی کوردستانە. پێش دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان دوو حزبی دەسەڵات کەسانێکیان لە پەرلەمان دادەنا ولائی تەواویان بۆ ئەوان هەبوو هەر یاسایەک لە بەرژەوەندی ئەوان با، بە دەنگی ئەندامەکانیان تێیاندەپەڕاد، پەرلەمانیان قۆڕخکردبوو، پەرلەمانیان تەنها بۆ ئەوە دانابوو تا شەرعیەت بە شێوازی حکومڕایەکەیان بدات، هەر ناکۆکیەکی نێوان دوو حزبی دەسەڵات ڕوویدابا مەترسی شەڕی ناوخۆ دەهاتەوە مەیدان.
 گەورەترین سەروەری بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە کە خەباتی چەکداری گۆڕی بۆ خەباتی مەدەنی، بۆ یەکمجار لە هەرێمی کوردستان و عیڕاق و ناوچەکەش بزوتنەوەیەکی مەدەنی دروستبێت لەناو ئەو هەموو هێزی چەکداریەدا بیەوەی بە خەباتی مەدەنی ئامانجەکانی بێنێتەدی، بە خەڵکی گووت دەکرێ بە بێ ئەوەی خوێنی نەوەکانتان ببەخشن لە ڕێگای خەباتی مەدەنی ئامانجەکانتان بەدیبێنن. 
بۆ یەکمجار بزوتنەوەی گۆڕان کۆمەڵە پەرلەمانتارێکی بوێر و ئازای ناردە پەرلەمانی کوردستان بەرامبەر دەسەڵات وەستانەوە و داکۆکیان لە مافەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد و مۆدێلێکی مەدەنیانە و شارستیانەیان نیشانی کۆمەڵانی خەڵک و جیهاندا، و ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینەیان دروست کرد کە نمونەی نەبوو لە ناوچەکە. 
بەرنامەیەی بزوتنەوەی گۆڕان و ئامانجەکەی کە هەموو لە بەرژەوەندی کۆمەڵای خەڵک و بەدیهێنانی حکومڕایەکی دیموکرات و پاراستنی شکۆی هاولاتی و دابین کردنی خزمەتگوزاری و بەختەوەری بۆ هەرێمەکە وای لە حزبەکانی دەسەڵات کرد درک بە مەترسیەکەی بکەن لەسەر مانەوەی خۆیان، بۆیە هەر لە گەڵ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان بە هەموو هێزو تاوانایان کەوتە دژایەتی بزوتنەوەی گۆڕان تەنانەت هانایان بۆ هێزی دەرەکیش برد، بێگوومان بزوتنەوەی گۆڕان و شێوازی کارکردنی لەگەڵ بەرژەوەندی وڵاتانی ئیقلیمیش نەدەهاتەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان براوەی یەکەمە  چونکە توانی کۆمەڵگا بگۆڕێت، توانی وا لە هاوڵاتی بکات بە دەنگەکانی بەو حزبانە بڵی ئێمە ئێوەمان ناوێ دەبێ بەخۆتان بچنەوە. هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەی عیڕاق باشترین بەڵگەیە، حزبێک بۆ ماوەی دەیان ساڵ خۆی بە دەسەڵات وباڵادەست بزانێت لە ناوچەیەک وبە هێزی مادی و چەک کۆنتڕۆڵی هەموو جومگەکانی ئیداری وعەسکەری و ڕێکخراوەیی کردبێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنە تەنها سەتا هەشتی دەنگەکان بەدەستبێنێت، ئەوە بەرهەمی هوشیاریارکردنەوەی دەنگدەرە. 
بزوتنەوەی گۆڕان تەنانەت وای لە خەڵک و هەوادارانی کرد کە هەڵە لەئەویش قبووڵ نەکەن، لەگەڵ ئەوەی من تێبێنی زۆرم لەسەر برۆسەی دەنگدانەکە هەیە، بەلام لە کۆتایی خودی بزوتنەوەی گۆڕانیش بەر سزای دەنگدەرکەوت، بە دەنگەکانیان ئازارێکی ئەوتۆیان بە بزوتنەوەیەکەیان گەیاند کە ببێت بە ژانی لە دایکبوونێکی نوێ. 
بزوتنەوەی گۆڕان یەکەمە، چونکە ئازایانە و بوێرانە دانی بە هەڵەکانی نا و بەرپرسیاریەتی هەڵگرت، جوانترین نمونەی پێشکەش کرد کە لە هەرێم و عیڕاق و ناوچەکەش نمونەی نەبووە، بۆ یەکەم جارە سەرکردەکان بەرپرسیاریەتی هەڵگرن، تاوانەکە نەخەنە ئەستۆی هاوڵاتیان. 
لە کۆتایی شەڕی ناوخۆ کە لە نێوان پارتی ویەکیتی بوو، بووە هۆی کوژانی کۆمەڵەکی زۆر لە گەنجان و سووتانی جەرگی دایکان وبێوەژن کردنی کۆمەڵەکی بێژوماری ژنان ئەم هەرێمە، بەڵام لە کۆتایی شەڕەکە دوو سەرکردەکەی ئەم دوو حزبە بوێری ئەوەیان نەبوو دان بە ئەو کارەساتە گەورەیە بێنن کە بەسەر ئەم هەرێمەیان هێنابوو کە ئاساوارەکەی تا ئێستاش ماوە، هاتن گووتیان، ئەون بێتاوانن و ئەوە خەڵک بوون وایان کرد ئەم شەڕە دروستبێت، خۆیان بێ بەری کرد. سەرکردەی ڕاستەقین دەبی بوێر بێت لە کاتی شکست بەرپرسیاریەتی هەڵگرێت، لە کاتی سەرکەوتنیش شانازیەکەی بۆهەوڵ و ماندبوونی هەمووان بگەڕێنێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن