500وتار

بۆ یادی سلێمانی

11/14/2022 12:59:00 PM
سەردار قادر


چ بووترێت بۆ یادی شار؟؟
شارێك خامۆش ، شارێك سه‌ره‌پای ڕٍه‌ش پۆش، شارێك ده‌ستی نزای به‌رزكردۆته‌وه‌، ڕۆژ تائێواره‌ ترسێك به‌ شاره‌وه‌ دیاره‌ ، نزای بۆ ڕۆڵه‌كانێتی كه‌ شار خه‌ڵتانی خوێن نه‌كه‌ن ،كۆڵانه‌كانی شار حه‌په‌ساوه‌و شه‌وانه‌ خه‌و نایه‌ته‌ چاوی له‌ ترسی پێكدادانی نێوان براكان، هاوڕێكانی دوێنێی خه‌بات.. .

سلێمانی كوانوویه‌كی خامۆشه‌ ،بیری ڕابردووی ‌خۆی ئه‌كات.. . ئه‌م شاره‌ ئێستا ڕه‌شه‌باكه‌شی وون كردووه‌، ئه‌م شاره‌ ئێستا خانمێكه‌ ئێستا نازی نه‌ماوه‌، دایكێكه‌ خه‌م به‌ ده‌م و چاویه‌وه‌ دیاره‌، باوكێكه‌ پشتی چه‌ماوه‌ته‌وه‌و له‌ قه‌راغی جاده‌ی سه‌هۆڵه‌كه‌دا چاوه‌ڕێ یه‌ دوو عانه‌ به‌ فرۆشتنی كلێنكسی ده‌ستی بۆ ڕۆڵه‌كانی په‌یدا بكات.. .

سلێمانی ئێستا له‌ نێوان باڵه‌خانه‌ی به‌رزو ژێر پرده‌كه‌ خۆی ناناسێته‌وه‌.. .

سلێمانی ئێستا به‌ یاده‌وه‌ری ئه‌ژی.. .
ئه‌گه‌رێ بۆ چاخانه‌كه‌ی مام عه‌لی باوكی ئه‌كره‌می جوانه‌مه‌رگ،چاوه‌ڕێ یه‌ له‌وێوه‌ دیسان ڕوانگه‌یه‌ك سه‌رهه‌ڵ بداته‌وه‌.. .

ئێستا به‌رده‌م قوتابخانه‌ی ته‌تبیقات چۆڵه‌.. . چاوه‌ڕێ یه‌ كۆڕه‌كانی جارانی لێ بگیرێته‌وه‌.. . ئێستا شانۆی ئاماده‌یی سلێمانی و سه‌ركارێز چێوارو كه‌مال سابیر خۆیانی پێدا بكه‌ن و به‌رهه‌مێكی نوێ ی پێشره‌و ده‌ست پێ بكات.. .

ئێستا هه‌موان به‌ هێمنی گوێ ئه‌گرین بۆ به‌رهه‌مێكی نوێی تیپی سلێمانی له‌ قه‌سره‌كه‌ی تۆفیق قه‌زاز كوا كه‌مانه‌كه‌ی سه‌ركارو قه‌ره‌داغی؟؟

شارم ئێستا چاوه‌ڕێی كۆبونه‌وه‌یه‌كی نهێنی هاوڕێ باوه‌ر(جه‌باری حاجی ڕه‌شید) و هاوڕێكانێتی. .. شارم چاوه‌ڕێ یه‌ قسه‌یه‌كی خۆشی كوڕانی شار هه‌موان بێنێته‌ پێكه‌نین. .. ئێستا قسه‌ی خۆشیش هیجره‌تی كردووه‌.. .

سلێمانی مه‌لعەبە‌كه‌ چۆڵه‌ و نه‌ قاشه‌ كالیارو نه‌ ئاوی ده‌ستی مناڵه‌كان كڕیاری هه‌یه‌.. .

سلێمانی نه‌ دیوه‌خانی بابانی بیرماوه‌و نه‌ هیممه‌تی شێخی نه‌مر. ..

سلێمانی ئێستا زانکۆكه‌ی زۆربه‌ی ڕۆژه‌كانی خۆپیشاندانی كیژان و كوڕانی شاره‌و بۆ مافێكی ئاساییان وه‌ڵام نادرێنه‌وه‌.. .

سلێمانی ئێستا كیژۆڵیه‌كی شه‌رمنه‌ له‌ سه‌هۆڵەكه‌ به‌ده‌م خه‌ونی پرته‌قاڵیه‌وه‌ سه‌یری كوڕی هاوڕیی گیرفان به‌تاڵی ئه‌كات و خه‌ونه‌كانیان به‌ده‌م خه‌مه‌وه‌ ئه‌بێته‌ هۆنراوه‌یه‌كی بێ تامی شه‌رمن.. .
له‌ سلێمانی ئێستا سالم دێته‌وه‌ و گوزه‌رێك ئه‌كا به‌ شه‌قامه‌كه‌یدا و وێڵه‌ بۆ بیستنی ووشه‌یه‌ك ڕۆحی زیندوو بكاته‌وه‌و نایبیستێ. ..
سلێمانی ئێستا برسی ئه‌كرێت ، سزا ئه‌درێت سلێمانی ئێستا خه‌ونێكه‌و به‌ دزیه‌وه‌ باس ئه‌كرێت. ..
سلێمانی لێمان ببوره‌ به‌و ده‌رده‌مان بردی. .. .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن