193وتار

گەر گۆڕان بەشداری هەڵبژاردن نەکات؟؟

9/4/2024 11:57:00 AM
سەردار قادر

سەردار قادر

بزوتنەوەی گۆڕان لە نێوان بەهێزی و بێهێزیدا، هەمیشە پرسیار روبەرووی دەبێتەوە، گۆڕان کاتێک وەک ئۆپۆزسیۆن کاری دەکرد خاوەنی جەماوەرێکی بێشومار و دەنگدەرێکی گەورە بوو، بەڵام کاتێک بەشداری کرد لە حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، وردە وردە دەنگ هەرەسی هێنا، ململانێی گەورە کەوتە ناو بونیادی گۆڕانەوە، زاراوەی ڕازی و ناڕاز زۆر بە گەورەیی بە بزواتەکەوە دیار بوو...

کاتێک رێکخەری یەکەم رەوانشاد کاک نەوشیروان کۆچی دوایی دەکات، بزوتنەوەکە بەرگەی بێ سەرکردەی یەکەم ناگرێت، گورزی کوشندەی بەردەکەوێت، لەوەشەوە دیسان ململانێی گەورە روبەڕووی جەستەی گۆڕان دەبێتەوە، زاراوەیەک دەبڕن بە باڵی کۆمپانیای وشەو باس لە تەوریسی سیاسی دەکرێت.

کەدواجار هەوڵی جیاواز دەدرێت بۆ هەڵسانەوە و ئاشتکردنەوەی شەقام کە بەداخەوە سەرناگرێت لەبەر مانەوەی گۆڕان لە دەسەڵاتی حوکمڕانی و ناڕازی و شەقام بەردەوام دەبێت، گۆڕان لە نێوان بەرداشی هەردوو هێزی دەسەڵات گەورەترین بەرکەوتەیی بەردەکەوێت، سزای دەنگدەری لە هەموو لا زیاتر بەردەکەوێت.

رێکخەری دووەم و خانە وەک هەڵوێستێک ئیستقالە دەدەن بەڵام بە پراکتیک بەو شێوازە نییە و رێکخەر وەک خۆی کار دەکات و سەراپای هەڵوێستەکان شکست پێدەهینێت.

تا دوا فرسەخ هەڵبژاردنی رێکخەر و خانەی نوێ باس دەکرێت لە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

ئەوەی پرسیارەو بە دوای وەڵامدا وێڵە؟؟
گەر گۆڕان بەشداری هەڵبژاردن نەکات؟؟
گۆڕان خۆیان لە هەموو لایەک ئەزانن بارودۆخیان چۆنەلای دەنگدەران، گەر بەشداری نەکەن ئەگەری هەندێ خاڵ هەیە رووبدا لەوانە:
1.  سەرەتایە بۆ پرۆسەی ئاشتبوونەوە لەگەڵ هەڵسوڕاوەکانیان و دەنگدەرانی.
2.   گەڕانەوەیە بۆ ئۆپۆسزیۆنی واقیعی و نزیکییە لە خەمی تاکی کوردی و شەقامی کوردی.
3.  دەرچوونە لە ناعەدالەتی حوکمڕانی و بوونە قوربانی بەهۆی دەسەڵاتەوە.
4.  خاوبوونەوەی ململانێی ناو باڵی گۆڕانە و دروستبوونی خیتابی هاوبەشە لە نێوان لایەنەکانی ململانێی ناو گۆڕان.
5.  خۆئامادەکردن و خۆرێکخستنەوەی خودی گۆڕانە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

گەر ئەم هەڵوێستە وەرگرن، ئاساییشە خۆیان و دەنگدەرانیان بە پلانی ئاشکرا کار بۆ لیستێک بکەن کە خیتابیان نزیکەو لە بەرەی شەقام و ئۆپۆزسیۆنن.

لیستێک کە زۆرینەیان هاوڕێی دێرینی بزاوتەکەن، کۆی هەوڵەکان بۆ دروستکردنەوەی ئۆپۆزسیۆنی واقیعی بێت و بەهێزکردنەوەی دەنگی ناڕازی بێت.

هەوڵدانە بۆ گەڕانەوەی بەها گشتییەکان و خەمی گشتی..
ئەکرێت و روشی داوە لایەنێکی سیاسی بەهەر هۆکارێک بێت خۆی بەشداری هەڵبژاردن نەکات بەڵام دەنگی بۆ لایەنێک بێت کە پرنسیپی گشتی کۆیان دەکاتەوە و هزریان نزیکە.
رۆژانی داهاتوو وەڵامەکان دەردەکەون.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن