760وتار

پۆست لە نێوان رابوردو و داهاتو

3/26/2019 7:47:00 PM
سەردار قادر

لەم كاتەدا كە لایەنە سیاسییەكان لە پرۆسەیەكی بەردەوامی دانوستاندان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، هەر لایەنێكی سیاسی لە ناو خودی پارتەكەدا خەریكی پێكهێنانی لیژنەن بۆ دانانی كاندیدەكان. لە هەمو لایەك ئەوە ئەبیسترێت كە پێوەر دائەنرێت بۆ كاندیدەكان و هەوڵێك هەیە كە بەشێوەیەكی گشتی جۆرێك لە كاری دامەزراوەیی لەو پرۆسەیەدا جێبەجێ بكرێت.

 

پێوەر بۆتە زاراوەیەك كە لە گوتاری لایەنە سیاسییەكان ئەبیسترێت، ئەو ئەزمونەی كە تاكی كوردی هەیەتی لە دانانی كاندیدەكان لە كۆمەڵێك خاڵدا خۆی ئەبینرێتەوە:


# ئەو كەسەی پۆست وەرئەگرێت لە باشترین حاڵەتدا ئەبێت ئینتیمای هەبێت بۆ حیزب.

 

# ئەو كەسەی كاندید ئەكرێت ئەبێت لە حیزبیشدا ئینتیمای بۆ باڵێك یان تەكەتولێك هەبێت و نزیك بێت لە رابوردودا لە بڕیاردەر بەدەستانی ناو بۆتەی حیزب.

 

# گەر پێوەر پێوەرێكی دادپەروەر بێت، ئەبێت كەسی كاندید كراو لە پێشودا تێوە نەگلا بێت لە كەیسی گەندەڵی، دور بێت لە كەیسی گواستنەوەی سەنگەر.

ئەوەی ئەبینرێت هەڵسەگاندنی كاندید لەسەر رابوردوە كەمترین هەڵسەنگاندن لەسەر داهاتوە؟ دڵسۆزی بۆ حیزب بۆ تەكەتول بۆ سەركردە بۆتە پێوەر؟ گەر پرسیار بكرێت لەسەر داهاتوش هەمان مەنزڵگە پرسیاری لە سەر ئەكرێت، ئایا لە داهاتو هەر موخلیسی حیزب و تەكەتول و سەركردە ئەمێنێت؟ پۆست بۆتە شوێنگەی بەرەكەتی خەبات، ئەوترێت لە رابوردو تێكۆشەر بوەو دڵسۆز بوە بۆ حیزب؟ ئەوەی نابێتە جێی پرسیار ئایا لە داهاتو ئەو كەسە چ رۆڵێكی هەیە لە كابینە؟ ئایا لەوێ شەڕ بۆ حیزب ئەكات؟ لەوێ خەریكی كار ئەبێت پرۆژەی پێیە بۆ ئەو پۆستەی كە كاندید كراوە؟ رۆڵی چیە لە كارنامەی ئەنجومەنی وەزیران؟ یان ئەنێنرێت شەڕ بۆ حیزب بكات؟

 

بەگشتی پێوەرەكان لە بۆتەی رابوردو ئەسوڕێتەوە نەك لە داهاتو.لە رابوردوش كەمترین پرسیار ئەكرێت لەسەر كارەكانی پێشو، ئایا سەركەوتو بوە لە كاری پێشو؟

 

سەركەوتو بە چ پێوەرێك؟ پۆست چەند بەرپرسیارییە ئەوەندە زیاتر بۆتە ماف و دەستكەوت، ئەمە بۆچونێكی گشتیە، پۆست لە وڵاتی ئێمەدا زادەی بەرەكەتی خەباتە، پۆست دەرئەنجامی دەنگی دەنگدەری .. گیرفان بە تاڵ و پركەری گیرفانی خاوەن پۆستە!

پۆست و ئەركەكانیمان زۆر بە ئاسانی بینیوە و هەمیشە بوین و ئامادەین بۆ وەرگرتنی، جا پۆست لە هەر بوارێكدا بوبێت و خۆمان بە شایستە زانیوە و پۆستمان بە پچوك زانیوە دەرهەق توانای زە بەلاحمان!

 

حەقی خۆیەتی كە هەڵسەنگاندن بۆ رابوردو بكرێت هێندەی ئەوەش حەقی خۆیەتی كە لێكدانەوە بۆ داهاتو بكرێت كە ئایا ئەو كاندیدە بەڕێزە ئەتوانێت لە داهاتو چی بكات بۆ خەمی گشتی؟ شەڕكەرێك ئەنێری بۆ شەڕ بۆ خەمی گشتی یان شەڕ بۆ حیزب و تەكەتول و باڵ و سەركردە؟ كەسێك ئەنێری كە كار ئەكات بۆ خزمخەتگوزاری گشتی و خەمی وڵات و هاوڵاتیەتی یان هاوڕێیەكە لەوێ پشتە بۆ حیزب و سەركردە؟ كەسێك ئەڕوات بۆ داهاتویەكی جوان یان كەسێكە لە رابوردو تێكۆشەرێكی ماندونەناس بوە؟ 

 

هاوڵاتی چاوەڕێی خزمەتە پێویستیەكانێتی نەك كام كاك و كام خانم ئەبێتە وەزیر؟ هاوڵاتی پێویستی بە ژیانی پڕ كەرامەتە نەك كێ ئەڕوات و كێ ناڕوات؟ لەدەرئەنجامی لافاو و بومەلەرزە بمانپارێزن! شەقامەكانمان بەرین بكەن و چاك بكەنەوە، موچەكان وەك خێر پێمان مەدەن وەك مافی خۆمان پێمان رەوا ببینن، كارەبای نیشتیمانی زیاد بكەن و بە دادپەروەری بەشی بكەن بەسەرماندا بۆ گشت شارەكان. وارسی شەهیدەكان بەڕێزەوە سەیر بكەن نەك وەك موراجعی ئیزعاج؟رێز لە رۆژنامەنوسەكان بگرن و روبەری ئازادی فراوان بكەن نەك قەڵەم و كامێراكانیان بشكێنن. وڵات ئاوەدان بكەنەوە نەك زەویەكان بەش بكەن لە نێوان خۆتاندا، كۆمپانیا زەبەلاحەكان بۆ حكومەت دروست بكەن نەك تەنها حیزب خاوەن هەمو شتێك بێت.

زانكۆ و قوتابخانەكان فراوان بكەن بۆ پەروەردەیەكی دروست نەك بەشێك بێت لە هەژمونی حیزب. كەمئەندامان وەك هاوڵاتی ئاسایی ببینن ئەوان بەشێكی ئەم كۆمەڵگایەن .دەرمان تەنها وەك كاسبی حیزب مەبینن، بەڵكو وەك ئەرك بۆ خزمەتی گشتی ببینن. نەخۆش بكەنە سەنتەری خزمەت لە سیستەمی تەندروستی. ئەمانە داوای خەڵكن ئەمانە داوای دەنگدەرن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن