503وتار

ووڵاتى بێ دەنگى

2/17/2021 12:50:00 PM
سەردار قادر

ئەم بەڵایە چیە رووى تێ كردووین ؟؟

ئەبێت هیچ نەڵێن ، ئەبێت بێ دەنگ بین ، ئاخر ئەبێت بترسین لە گروپى مێسنجەر و وەتس ئەپ و ڤایبەر، لە نوسەرەوە ئەمان كاتە تیرۆریست .

لە خەم خۆرى خاك و نیشتیمانەوە ئەمان كاتە دوژمن و تیرۆریست .

نەكەن نامەیەك وەڵام بدەنەوە ، نەكەن لایكێك بكەن بۆ نوسینێك ؟؟
ئەوان ئێمەیان ئەوێت بێ دەنگ  بین ، زۆر نەرۆن باسى خەمى گشتى بكەن ، تەنها بۆمان هەیە دەسكەوتەكان باس كەین ، هەموو ئازارەكان بە خۆشى و سەفاوە باس بكەین .

نەكەن پرسیار بكەن ، نەكەن باسى گرفتەكان بكەن ، سبەى لە دادگا لێت ئەپرسنەوە ؟؟؟

چۆن داواى موچەت كرد ؟ چۆن باست لە دەربار كرد ، سەركردەى ووڵات بۆت نیە باس بكەى ، ئێوە تابوورى پێنجن ، ئێوە تیرۆریستن !!!!

نەك پرسیار بكەن ، خەونیش بۆتان نیە ببینن ....

كە خەبەرتان بوەوە ، بڵێن ئەوە چى بوو ، خوا بمان گرێت ئەم خەوە دەغەزارە چى بوو بینیمان .

خۆزگە ئەم پێشكەوتنى تەكەنۆلۆجیایە لە ووڵاتى ئێمە نە ئەما ، ئاخر بە پەنمان ئەدات .

ووڵات ئەبێت بێ دەنگ بێت ، هیچ نوزەیەك نابێت ببێت ، نەوت ئەنێرێت بۆ بەغداد یان نا تۆ بۆت نیە بپرسى ،سەركردەمان لە هەموو خەم خۆرترە ، موچە دواكەوت بڵێ شوكر بۆ خوا ئێمە بەرگەى هەموو شت ئەگرین بەس سەركردەمان ساخ و سەلامەت بێت.

ئەوەتى دونیا هەیە عەوام هەر بووەو ئەبێت بێ دەنگ بین ....

ئەوەتا چاكسازى ئەكرێت ئیتر پرسیارى چى ئەكەن . مێسنجەر  بۆتە مەنزڵگاى چاكسازى ؟؟؟؟
گومان بۆ ئەكەن ، ئەوەتا بەغداد مافمان ناداتێ ، ئێوە بۆ پرسیار ئەكەن ، ئەوانەى گومان ئەكەن ئەبێت دادگایى بكرێت .

ببورن ئەو رۆژە چوومە خۆ پیشاندانێك ، ببورە نەم پرسى كوا مۆڵەتەكە ، دەستم هەڵوەرێ نەم كرد وێنەكان خۆم بیهێنم ، ئەزانم وێنەتان زۆر گرتین بۆ كاتى دادگا ؟؟؟

ئەوترێت بۆ خۆ پارێزى لە كۆرۆنا باشترین كار بێ دەنگیە ؟؟؟؟
لەم دەڤەرە ئاوێنە و هاووڵاتى لە دایك بوو !!!

كە چوونە ئەوبەر مۆبایلەكەت زۆرینەى شت بسرەوە ، تەنها لایكى گۆرانى بهێڵنەوە ، گروپەكان جێ بهێڵە..

دەست خۆشى بنێرە بۆ ئەو خانمە كە جوانكاریەكەى وا كردووە گۆرانى شاعیر لە ژ ێر پەچەوە ئەو هۆنراوە جوانەى نوسى ، گەر بمایە ئەبوایە ئێستا چى بۆ ئەم خانمانە بنوسێت ؟؟؟

لایكت لەوە تێ نەپەرێت .
بێ دەنگ بن ، ئەوە قسەى سەركردە پر حیكمەتەكانن ، ووڵات بدەنە دەست سەركردەكان .
نەتان بیستووە كە وەسفى كەسێك ئەكرێت ئەووترێت زۆر بێ دەنگە ، نەتان بیستووە كە باسى جوانى خانمێك ئەكرێت ئەوترێت زۆر بە ویقار و بێ دەنگ و شەرمنە .....
زۆر حەزتان لە قسەیە بە هێمنى بچنە شوێنیك دوور لە چاوى خەڵك و دەزگاكان ، زۆر باش ئەبێت مۆبایلەكان بكوژێننەوە ، بە بادە خۆتان مەست كرد ، گەر قسەیەك تان كرد پرسیارێكتان كرد ، دواتر بڵێن خوا ئەم بادیە بگرێت ، بە پەنى داین و دەردە دڵێكمان كرد.
بێ دەنگ بن .....
ئەمە دوا قسەى ووتە بێژ بوو ...
بێ دەنگ بن ...
ئەمە دواقسەى كۆبوونەوەى دەڤەرى ئەو بەر بوو ، ئەوان خەریكى خۆپارێزى هاووڵاتیانن ....
بێ دەنگ بن ...

ئەمە دوا دروشمى قۆناغەكەیە .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن