759وتار

گرێبەست بۆ كارمەندانى حكومەت

8/24/2019 5:27:00 PM
سەردار قادر

 

ئەم بابەتە تەنها پێشنیارێكە بۆ بەردەست ئەندامانى پەرلەمانى كوردستان چونكە ئەم بابەتە پێویستى بە یاسایەكە لە پەرلەمانەوە دەربچێت.


لەم هەرێمەى ئێمە كارمەندانى حكومەت هیچ گرێبەستێكى نیە كە ئەرك و مافەكانى تێدا دەستنیشان بكات

لە هەرێمى كوردستان بڕێكى زۆرى داهاتى گشتى لە موچەدا سەرف ئەبێت بۆ كۆى كارمەندانى حكومەت كە بە پێى یاساى مەدەنى كارمەندان بەڕێوەدەچێت، لەم هەرێمەى ئێمە كارمەندانى حكومەت هیچ گرێبەستێكى نیە كە ئەرك و مافەكانى تێدا دەستنیشان بكات، تەدەروجى وەزیفى هەیە بە پێى یاساى خیدمەى مەدەنى.

لەم هەرێمەى ئێمەدا گەر گرێبەست بۆ كارمەندان دانرێت كە ئەرك و مافى بە رونى تێدا دیارى کرابێت، ئەو كات هەمو كارمەندێك لەگەڵ دامودەزگاكانى حكومەتدا مافەكانى بە شێوازى دروست پارێزراو ئەبێت، وە هیچ كاتێك حكومەت لە ژێر هیچ بەهانەیەك ناتوانێك مافەكانى كارمەندان دەستەبەر نەكات، بە نمونە پاشەكەوتى موچە؟.

وەك چۆن لە كەرتى تایبەتدا گرێبەست هەیە لە نێوان خاوەنكار و كارمەند، ئاواش دروستە هەمان پرەنسیپ لە كەرتى حکومیدا جێبەجێ بكرێت.


لە دونیادا وایە، لە گرێبەستدا كاتى دەوام و بڕى موچە لەسەر بنچینەى سەعاتى كار دائەنرێت

كارمەند كۆى مافەكانى لە موچە و مۆڵەت و بۆنوسى كار و گواستنەوەى بۆ شوێنى كار و ئاستى خێزانى و بونى مناڵ و شەهادە و زەمەنى كاركردن و تواناى بەشدارى لە پێشەوەچونى كار و بوارى كێبڕكێ و زۆرى تریش لە گرێبەستدا دیارى بكرێت.

هەروەها لە دونیادا وایە، لە گرێبەستدا كاتى دەوام و بڕى موچە لەسەر بنچینەى سەعاتى كار دائەنرێت، نەك پارەى مۆڵى مانگانە، واتە هەفتانە چەند سەعات كار ئەكەى وە سەعاتى بە چەند، ئەو كات لە بەشى كارگێرى و سەرچاوە مرۆییەكان لیستى موچە ئامادە ئەكرێت و لە بەشى دارایى و وردبینى كارى لەسەر ئەكرێت.

بەشێكى تر كە بۆ كارمەندان گرنگە و بۆ پرۆسەى كار رۆڵى گرنگى هەیە، ئەویش رۆڵى كارمەند لە پێشەوە چونى كار، ئەوەش بە هەڵسەنگاندن ئەكرێت جا بە شێوازى فۆڕم یان شێوازى راستەوخۆى دیالۆگ. بە داخەوە لاى ئێمە ئەم هەڵسەنگاندنە دەستەبەر ناكرێت .
گەر گرێبەست بكرێت بۆ كارمەندانى حكومەت بە شێوازێكى باش رێگە لە بندیوار و كارمەندى وەهمى و زۆرى تر ئەگیرێت، وە رێگەیەك ئەبێت بۆ كەمكردنەوەى بارگرانى موچە و مانەوەى داهات بۆ سێكتەرەكانى تر.

ئەم پێشنیارە شیاوە گەر وەزارەتى كارو و كاروبارى كۆمەڵایەتى بە هاوكارى كەسانى پسپۆر پڕۆژەى بۆ بنوسن و راڤەی لەسەر بكرێت و لە ئەنجومەنى وەزیران وەك پڕۆژەیەك بدرێتە پەرلەمانى كوردستان و لەوێ خوێندنەوەى بۆ بكرێت و لە دوا مەنزڵدا بە یاسا كارى بۆ بكرێت.

بە پێى یاساى خیدمەى مەدەنى، كارمەندى حكومى كە دائەمەزرێت بە پێ رۆیشتنى ساڵەكانى خزمەت موچەكەى بەرز ئەبێتەوە تا خانەنشینى، واتە لە كەمەوە بۆ زۆر. ئەوەى پرسیارە یان وەك پێشنیارێك ئایا گەر پێچەوانە بكرێتەوە لە زۆرەوە بۆ كەم بێت واتە كە گەنجێك کە دائەمەزرێت، سەرەتاى ژیانێتى پێوستەیەكانى ژیان لە شوێنى نیشتەجێبون و ئامرازى گواستنەوە ناو ماڵ و پێكهێنانى خێزان و سەفەر و زۆرى تر.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن