471وتار

لە ووڵاتى من خەونیش یاساغە

1/5/2021 9:41:00 PM
سەردار قادر


خەون، خۆزگە، لە دایك بوونمانەوە لەگەڵمان لە دایك ئەبێت، كێ هەیە شەوێك لە سەربان بە دیار ئە ستێرەكانەوە خەونێك، خۆزگەیەك نەیگایەنبێتە ئەوپەرى جوانى؟؟

كێمان هەیە خەونى بە ئازادیەوە نەبینى بێت، كێمان هەیە خەونى بە گەیشتنى بە كەنارێكى هێمن نەبینى بێت .

خەونى فەرمانبەرێك وەرگرتنى موچەكەیەتى تا خوانێكى گەرم و گور بخاتە بەردەم مناڵەكانى .

خەونى ئەو دەرچووەى زانكۆ ، دامەزراندنێتى و لە یەكەم موچەى خزمەتێك بگەیەنێتە دایە و باوەى .

خەونى پێشمەرگەیەك كە سەربەرزانە بەو شەقامەدا بروات و خەمى گیرفانى نەبێت.

خەونەكان زۆرن كامیان هاتە دى ؟؟
خەیاڵ و خەون بۆتە شەرم بۆ تاكەكان ، بۆ ئەو كەسانەى تا ئێستا ویژدان لایان زیندووە ؟؟

خەون چۆن هیجرەت ناكات كاتێك ژیان بۆتە سەربووردەى خەم و ئازار .

هەواڵى رۆژ كۆى خەونەكان وێران ئەكات
لەم ووڵاتەى مندا بێ ئومێدى بۆتە هەستى ڕۆژانەمان .

ئەمە رووخان نیە ، ئەمە كاڵ بوونەوەى چەمكەكان نیە بەس گێرانەوەى رووداوەكانى رۆژە!!!

ئەو گەنجە چۆن ئیوارە وەختێك دیاریەك بباتە یەكەم ژوانى خۆشەویستەكەى ، كە كارى نیە و بابەى خانە نشینى چاوەرێ ى موچەكەیەتى ؟؟

خەون چۆن ئەمێنێت ؟؟
ئەو میدیایە بۆتە مەنزڵگاى ناشرین كردنى ئەو سەركردە گەنجە كە باوەرى بە دەربارى سوڵتان نیە و ئامۆزاكان بوونەتە میرەكانى بابانى شارم رۆژێك عەجەم و رۆژێك ڕۆم ؟؟؟

خەونى سیاسیە گەنجەكان چۆن ئەمێنێ ؟؟؟

ئەو خۆپیشاندانە قوربانى ئەبێت و دوا وێستگەى تەنها ئەم ناوچەیەو نارواتە ئەوبەرى ووڵات ، ئیتر وەهمى گۆڕان و هاوار كردن ئەبێتە پرسیار لاى هەموان ؟؟
خەونى گەنجەكان چى لێ دێت ؟؟
ئەو بزاوتە بە كۆمەڵێك پاكێجەوە دێتە مەیدان و بانگەشەى گۆڕان لە ژیانى هەموان ئەكات و كاریزماى سەركردەیەك ئەى لاوێنێ؟؟ دواى كۆچى سەركردە و بەشدارى لە دەسەڵاتدا زۆرێك لە خەونەكان كاڵ ئەبێتەوە و پرسیار دروست ئەبێت لە سەر كۆى هەنگاوەكان .
خەون وێڵ ئەبێت ؟؟؟
ئەو رێكخراوە سیمینارێك ئەكات لە سەر مافەكانى مرۆڤ ، لە هەمان كاتدا دەنگى تەقە ئەبیسترێت و گەنجى هەژارى شارم ئەبنە قوربانى ؟؟
خەونى ئازاد بوون چى بەسەر دێت ؟
هەر خەونە هەڵئەوەرێ ، هەر ترسە لە رووى هەموان ئەبینرێت ، هەر قەڵەمەو ئەبنە خزمەتكارى دەربارى سوڵتانە گەنجەكان ، هەر سەفەرە بەرەو غەریبى ئەبێتە خەونى پرتەقاڵى ....
گەر خەونەكان بنێژرێن سەراپاى ووڵاتم ئەبێتە گۆرستان
گۆرستانى ووڵاتى من جەستەى تێدا نیە ، كۆى رەنگە جیاوازەكانى خەونە .

دارى ووڵاتى من وەك خەونى  مرۆڤەكانى ووڵاتم  زوو  بە پاییز ئەگەن . لە بەهاهاریشدا ئەوان بێ گەشەن ؟؟

ئاوى ووڵاتى من لە هاوینیشدا ئەیبەستێت ، بە بارتەقاى خەونەكان بەستوویەتى ؟؟
لە ووڵاتى مندا ، جوانیەكان وەك خەونى مناڵیمان وایە ، كەمى دێتە دى
هەڵسانەوە بە چى ئەكرێت ؟؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن