بۆ كوێ ئەرۆى جەنەراڵ ؟
10/23/2019 4:39:00 PM
سەردار قادر
بۆ كوێ ئەرۆى جەنەراڵ ؟ ئەم لەشكرەى پاییزت بۆ كێ جێ ئەهێڵى ؟ئەم گەڵا رێزانە كێ سەرەو كارى بكات ؟ ئاخر جەنەراڵ لە م شەرە ناهەموارە ئەم لەشكرى خەمى پاییزە چۆن یێ سەركردە جێ ئەهێڵى ؟
گەڵاى پاییزمان جارانێ بێ ناز نەبوون ، تۆیان هەبوو جەنەراڵێك چاوەرێیان بوو بۆ كوێ ئەرۆى ؟؟
تۆش هیلاك بووى لەشكرێك لە گەڵاو لەشكرێك لە گەنجانى ئێوارانى سەهۆڵەكەو چایەكى سەرخەڵوزى سەهۆڵەكە تەنیا جێ ئەهێڵى ؟؟
بۆ كوێ ئەرۆى هاورێ
ئاخر پێش چەند رۆژێك شارم پر بوو لە خەم بۆ نەتهێشت كەمێك ئیوارەى شارمان هێمن بێت ، بۆ نەتهێشت شارەكەت لە چاوەروانى مەرگى شەرفاناندا هەناسەى خەم هەڵمژێت .
چاوەرێ ى باڵاى بەرزت بووین لە خۆپیشاندانەكاندا بتبینین ، زۆرمان پێویست بە لەشكرى پاییزت بوو لاشەى شەهیدانى رۆژئاوا داپۆشێت ، بۆ وات كرد هەمویان روو لە ئیسكان و سەیوان بكەن ئەمرۆ رەشەباى شار مەوداكەى تێك چووە هەرچى گەڵاى شار هەیە روو لە گۆرەكەت ئەكات.
شەقامەكان ئەمرۆ هەموو خاوێنن و سەرقەبرانى شارم بۆتە دارستانێك لە گەڵاى رەنگ زەردى وەریو .
جەنەراڵ بۆ تووشى غوربەتت كردین لە ووڵاتدا ئیتر كەس پێویستى بە هیجرەت كردن نیە ، هەمووان لە ووڵاتدا غەریبین .
كۆچ مەكەو لە سەهۆڵەكە ئێواران گەورەترین غەریبى دونیاى
ئەم شارەمان بێ خەم هەڵناكات قەدەرى شارە بە خەمەوە بژى
ئەم شارەمان میزاجى كوردەوارى تێك چووە هەى دەروێشى پاییز
ئەم شارە بۆتە پرسەى هەمیشەیى
لەوێ را قەڵەمەكەى خانى ناس لەوێ را دووگەنجى میدیاكارى دەم وچاو پر لە خەندە لێرە را چەنەراڵەكەى پاییز .......
ئیتر هەموان چاوەرێ ى وەیشومەى هەواڵى نوێن
لە رۆژئاوا بێت یان لە ماڵێكى هەژار نشینى شارم یان شیوەنى عەشقێك لە زەمەنى فەنا بووندا
...
بۆ كوێ ئەرۆى جەنەراڵ