663وتار

گەر ببمە وەزیر

1/15/2019 1:21:00 PM
سەردار قادر

ئەم ناونیشانە بۆ داواكردنی پۆستی وەزیریی نیە، هێندەی دەرخستنی بیركردنەوەی خودی خۆمە دەربارەی پۆستی وەزیریی لەم كابینە نوێیەی كە باس لە پێكهێنانی دەكرێت.
خەونی بوونە وەزیریی بۆ هەمووان ئاساییە، گەر كار بكرێت بۆ تێزە باوەكە، كە ئەویش كەسی شیاوە بۆ شوێنی شیاو.

وەزیر مەنسەبێكی سیاسییە، كاردەكات بۆ جێبەجێكردنی كارنامەی گشتی حكومەت و لە وەزارەتێكدا كار بۆ بەدیهێنانی خزمەتی گشتی دەكات.
وەزیر بەشێكە لە ئەنجومەنی وەزیران كە باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێكارەو خاوەن كارنامەی خۆیەتی بۆماوەی چوار ساڵ .
ئەمە تێزە باوەكانە، ئەوەی لە وڵاتی ئێمەدا بۆتە باوو لای خەڵكەوە دەبینرێت، پۆستی وەزیریی بەشێكە لە خەونی تاكەكان بۆ مووچەیەكی باڵا، بۆ خانەنشینێك، كە سەرچاوەی ژیانی هەمیشەیی بۆ دروست بكات ئەم بۆچوونە بۆ سەراپا نیە .

لە بارودۆخی ئێستادا ئەوەی دەبێتە پرسیار چ كەسێك بۆ وەزیری باشە ؟؟
ئەوەی ئێستا دەبێتە پرسیار ئایا وەزیر تەنها خۆی كلیلی چارەسەری گرفتەكانە یان كۆی كابینەكە ؟؟
ئەوەی ئێستا دەبێتە پرسیار: كە كارنامەی گشتی كابینە دەتوانێت وەڵامی گشتی چارەسەر بێت بۆ دواكاری هاوڵاتیان یان كاكی وەزیر؟؟؟
ئەوەی ئێستا بۆتە پرسیار: كابینەی نوێ فریادڕەسە یان وەك كابینەكانی پێشوو كۆمەڵێك قەرز بۆ كابینەی دوای خۆی جێ دێڵێت؟؟؟
ئەوەی بۆتە پرسیار: لایەنەكانی بەشداربووی كابینەی نوێ كارنامەكەیان كارە بۆ خزمەتگوزاری گشتی یان كابینەی رێكکە وتن بۆ بەشكردنی داهات و باڵابوونی بەرژەوەندی حیزب؟؟
گەر ببمە وەزیر:

كاردەكەم بۆ بەجێگەیاندنی كارنامەی گشتی حكومەت كە كارا بێت بۆ پرۆسەی چاكسازی وە كارا بێت بۆ خزمەتگوزاری گشتی بۆ هاووڵاتیان .
كاردەكەم شەفافانە بۆ پرەنسیپە گشتیەكان، كە چەسپاندنی حكومەتی هاووڵاتیبوونە
چۆن كاندیدەكان بۆ چوونە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا بانگەشە دەكەن، حەق وایە بەربژێرەكان بۆ پۆستە حكومیەكان خۆیان ئەجەندەی بەشداربوونیان لە حكومەتدا بخەنە روو .
تائێستا ریتمی باو بۆ دانانی پۆستە حكومییەكان مەكتەبی سیاسی یان خانەی راپەراندن و ئۆرگانی باڵای حیزب دایدەنێت . 
هەندێ جار لێژنەیەك ئەو كارە دەكات و دەرناچێت لە ویستی ئەم تەكەتول و ئەو تەكەتول .
لە باشترین حاڵە تدا پێوەر دادەنرێت بۆ بەربژێرەكان . 

ریتمێكی نوێ ئەوەیە كە بەربژێرەكان سیڤی پێشكەش دەكەن، كە ئەمەش رەوتێكی نوێیە بەس جێی داخە كە زۆرینە خۆی بە شایستەی كۆی پۆستەكان دەزانێت ؟؟
وە سیڤیەكان ئەوەندەی وابەستەی خەونە بۆ گەیشتن بە ئیمتیازاتی پۆست، ئەوەندە وابەستەی ئەرك نیە بۆ خزمەتی گشتی ؟؟

گەر ببمە وەزیر:
لە بواری كارەبادا هەوڵ دەدەم بەرنامەیەكی گشتگیر بۆ زیادكردنی كارەبای نیشتیمانی و كەمكردنەوەی نرخی مانگانەی ئەمپێری ما ڵان و دوكاندارەكان جێبەجێ بكەم . 
كارەبا بە هەر چوار سێكتەرەكەیەوە كە تەولید و گەیاندن و دابەشكردن و جبایەی پارەی كارەبایە، لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە بە گرێبەستی ئاشكراو شەفاف دوور لە قۆرخكاری بۆ كۆمپانیاكانی حیزب و هێنانەدی منافەسە تا ئاستی خزمەتگوزاری باش و نرخی كەمتر لەسەر حكومەت و هاووڵاتیان بەدی بهێنم . ئەوەش بە پرۆژەیەكی تەواو و خاوەن خشتەی زەمەنی بە كەڵك وەرگرتن لە ئەزموونی ناوخۆو دەرەوەو خستنە كاری گەنجانی وڵات لە رێگەی كەرتی تایبەت و كەرتی هاوبەشی نێوان حكومەت و كەرتی تایبەت .

گەر ببمە وەزیری دارایی:
كاردەكەم بۆ دابەشكردنی داهات بە شێوازی عەدالەت لەنێوان پارێزگاكان و ناوچەكان بەدەر لە سزای ناوچەیەك و پارێزگایەك ، كاردەكە م لەگەڵ كۆی وەزارەتەكان كە پێكەوە داهاتی گشتی زیاد بكرێت كە بارگرانی دروست نەكات بۆ سەر شانی هاووڵاتیان بەڵكو دابەزینی مەسرەفی حكومەت و زیادكردنی بودجە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان .
كاردەكەم بۆ دروستبوونی متمانە بە بانقەكان و جارێكی تر بانق بە متمانەوە كارەكان جێبەجێ بكات، كاردەكەم بۆ دانانی پلانی ستراتیجی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان .
گەر من و هاوڕێكانم لە هەر شوێنێكدا ببینە وەزیر یان بەرپرسی دەستە، كار بۆ پرۆژەكانی گۆران دەكەین كە پرۆژەی چاكسازییە .

من كە جێگری پارێزگار بووم دواتریش كە پارێز گار بووم بە وەكالەت، مووچەكەم دەدا بە گۆڕان و خەستەخانەی هیوا، كە وازیشم هێنا خانەنشینیم وەرنەگرت، ئێستاش هەمان بەرنامەم هەیە چونكە من بەهۆی بنەماڵەكەمەوە باری ئابووریم باشە دەزانم زۆرێك لە هاوڕێكانم هەمان بۆچوونیان هەیە، بەڵام باری ئابووریان باش نیە .
من نامەوێت وەزیر بم تەنها گۆشەنیگایە بۆئەوەی كێ ببێت بە وەزیر وە دەبێت چۆن كاربكات.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن