رێکەوتن‌و رێنه‌كه‌وتنی هەرێم له‌گه‌ڵ عێراق
10/6/2019 10:54:00 PM
ئەنوەر كەریم
یه‌كێك له كێشه گه‌وره‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا نه‌بوونی یاسای نه‌وت‌و غازه. دوای ئه‌وه‌ی ساڵی 2005 ده‌ستووری عیراق په‌سه‌ند كرا، چۆنیه‌تی په‌ره‌پێدانی سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ی عێراق به‌پێی دەستوور خرایه ئه‌ستۆی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێـم‌و عێراقەوە.
تائێستا چه‌ند جارێك هه‌وڵدراوه بۆ ئه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و غاز تێپه‌ڕێنرێت له په‌رله‌مانی عێراق، به‌ڵام هه‌رجارەو كێشه‌یەکی بۆ دروستبووه‌و به‌ئه‌نجام نه‌گه‌یشتووه. به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان ئه‌م یاسایه‌ی له ساڵی 2007دا تێپه‌ڕاند له په‌رله‌مانی كوردستان و له‌و كاته‌وه هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان دراونه‌ته ده‌ست حكومه‌تی هه‌رێم‌و سه‌رپشكی كرد له‌وه‌ی كه چۆن وزه‌ی هه‌رێم گه‌شه پێبدات.
وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان كه‌وته واژۆكردنی گرێبه‌ستی به‌رهه‌می هاوبه‌ش PSA به ئاره‌زوی خۆی گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانیه‌كانی نه‌وتدا واژۆ دەكرد كه به‌هه‌ده‌ردان‌و گه‌نده‌ڵی‌و ناشه‌فافیه‌كی زۆر هه‌یه له‌م پڕۆسه‌یه‌دا .
باسه گه‌رمه‌كه ئه‌وه‌یه ئایا حكومه‌تی هه‌رێم 250 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا ڕاده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی ده‌كات؟ هه‌رچه‌نده ئه‌مه‌ش ده‌یان كێشه‌ی هه‌یه له چۆنیه‌تی ڕاده‌ستكردنی ئه‌و نه‌وته به‌عێراق. ده‌یان پرسیار دروست ده‌بێ له‌نێوان عێراق‌و كورستاندا، به‌ڵام راده‌ستكردنی نه‌وته‌كه ده‌بێته هۆی به‌ره‌و پێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كان له نێوان كابینه‌ی نۆهه‌م‌و حكومه‌تی عێراق كه سه‌رۆكوه‌زیران عادل عه‌بدولمهه‌دی به‌پیاوێكی میانڕه‌و دۆستی كورد ناسراوه.
تائێستا به‌كرده‌وه عەبدولمەهدی ئه‌مه‌ی سه‌لماندووه كه دۆستی كورده‌و ڕاده‌ستكردنی نه‌وت، تاڕاده‌یه‌ك دۆخی هه‌رێم باش ده‌كات دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه داراییه‌ی ساڵانی ڕابردوو ته‌واوبوو.
پێده‌چێ هه‌ندێ كێشه هه‌بێ له لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ هێزه عێراقییه‌كاندا کە ئایا ڕازی ده‌بن کوردستان وه‌ك هه‌رێمێكی خاوه‌ن فیدڕاڵبێ؟ زۆریان واده‌ڵێن ئه‌وه‌ی كه ڕوویداوه تائێستا تێپه‌ڕیوه ناچارییه‌و بووه به‌ئه‌مری واقیع.
ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له هێزه عێراقییه‌كان پێیانوایه هه‌رێم ده‌بێ نه‌ك ته‌نیا 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ستی عێراق بكات، به‌ڵكو هه‌موو نه‌وته‌كه‌ی ڕاده‌ست بكات. له‌یاساكانی بودجه‌ی ئه‌مساڵ‌و ساڵی رابردووش‌دا به‌ده‌ق ماده‌ی تایبه‌ت به ئه‌وه هاتووه كه هه‌ر زیاده‌یه‌ك له‌و 250 هه‌زاره پێویسته داهاته‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ گه‌نجینه‌ی گشتی له به‌غدا، به‌بێ ئه‌وه‌ی شایسته‌ی كۆمپانیاکنی نه‌وت له بودجه‌ی عێراق بده‌ن ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ دەستووردا ناتەبایە.
هه‌میشه له یاساكانی بودجەدا داوای داهاته ئیتحادییه به‌ده‌ستهاتووه‌كان له‌هه‌رێم ده‌كه‌ن، ئه‌وان وایده‌بینن كه داهاته‌كانی باج‌و گومركییه‌كان ده‌گرێته‌وه‌و داوای ته‌سویه‌ی ساڵانی رابردوو ده‌كه‌ن به‌وجۆره‌ی كه دیوانی چاودێری عێراق ئه‌نجامی بدات. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی هه‌رێم نه‌درێته‌وه به عێراق ئه‌وا له پشكی بودجه‌ی كوردستان ببڕدرێت.
لێره‌دا ئه‌گه‌ر هه‌موو داهاتی باج‌و گومرگه‌كان‌و هه‌موو نه‌وت‌و گاز له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندا بێ، له یاسای كارگێڕی داراییدا ئه‌وه‌یان جێگیركردووه كه بودجه‌ی هه‌رێم دوای په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه، ده‌بێ له لایه‌ن وه‌زاره‌تی پلاندانان‌و دارایی عێراقه‌وه مناقه‌شه بكرێت ئینجا ده‌چێته ناو چوارچێوه‌ی بودجه‌ی گشتیی عێراقه‌وه.
ئه‌گه‌ر بودجه به‌مجۆره ئاماده بكرێ، ئیتر مانا بۆ فیدڕاڵی نامێنێتەوە. له ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی‌دا ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و داهاتانه ته‌نانه‌ت له وڵاته مه‌ركه‌زییه‌كانیشدا به‌و شێوه‌یه به‌ڕێوه‌ناچێ .
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هیچ كات له باسی پێداچوونه‌وه له چەندین ده‌یان ساڵه‌ی هه‌رێم له قه‌رزه‌گشتییه‌كان‌و ته‌رخانكراوه سیادییه‌كان، بێجگه له چه‌ندین دۆسیه‌ی تری دارایی، كورد دوور‌و نزیك ئاگای لە پرسی یه‌ده‌گی فیدڕاڵ نییه. له كاتێكدا به‌پێی دەستوور پێویسته لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش سه‌رپه‌رشتی هه‌موو داهاته ئیتحادییه‌كان بكات.
له عێراقدا ڕێكه‌وتنه‌كان ناتوانن ببنه بنه‌ما بۆیاساكان هه‌روه‌ك یاساكانیش ناتوانن ببنه هۆی رێکەوتن‌و هه‌ماهه‌نگی، له‌به‌رئه‌وه‌ی كولتووری پێكه‌وه‌ژیان له‌ناو عێراقی فیدڕاڵ‌دا زەمینەسازیی بۆ نه‌كراوه.
به‌ڵام هه‌رێم له به‌رئه‌وه‌ی توانای ئه‌وه‌ی نییه به‌بێ پشكی عێراق بتوانێ كاره‌كانی خۆی ڕایبكات‌و شه‌فافیه‌ت نییه وه‌ك به‌غدا كه به‌داتا ئه‌نجامی بدات، له‌به‌رئه‌وه هه‌رێـم پێویسته رێکەوتن له‌گه‌ڵ عێراقدا بكات تا دۆخی دارایی رابگرێت.