ئێران چی دەوێت لە ڕوسیا
3/2/2023 12:59:00 PM
ئەنوەر كەریم
جەنگی ئۆکرانیاو ڕووسیا چۆتە ساڵی دووهەمەوە، بەرەو جیابونەوەی جەمسەرەکان ئەڕوات . بەرەی تۆلیتارەکان کە ڕووسیا و چین سەرکردایەتی ئەکەن دەوڵەتە تۆلیتارەکان لەدەوری خۆیان کۆدەکەنەوە.
پەیوەندیەکانی ڕوسیا لە گەڵ سەرکردە تۆلیتارەکانی ئاسیاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بە هێزە چونکە ڕوسیا خۆی سیستەمێکی تۆلیتاریە . لە ساڵی2015 وە کە ڕوسیا بەهێزی سەربازی پشتیوانی لە دیکتاتۆر ( بەشار ئەسەد) کرد وەک هاوپەیمانی ستراتیجی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست.
دەوڵەتی ئێران لەسەر بنەمای مەزهەبی دامەزراو، هەر لەسەرەتاوە بەرگریکارێكی سەرسەخت بوە لە رژێـمەکەی ئەسەد. لەو کاتەوە پەیوەندیەکانی ڕوسیاو ئێران زیاتر پەرەیی پێدەدرێت متمانە زیاتر بوە لە نێوان ئیران و ڕوسیادا، ئەوەتا ئێران چۆتە ناو ئەوروپاوە شەڕدەکات، فڕۆکەی بێفرۆکەوانی ئێران لە بەرەکانی جەنگی ئۆکرانیادا شەڕ ئەکەن.
ئۆکرانیا گرنگ نیە بۆ ئێران چونکە وڵاتێک نیە ئێران بیەوێت شۆڕشە شیعەگەریەکی خۆی بۆ هەناردە بکات وەک (عیراق، سوریا، لوبنان، یەمەن و ئەفغانستان) و هەروەها لە ڕوی جوگرافیاشەوە لەسەر سنوری ئیران نیە، لە ڕوی ئابوریەوە بازرگانی لەگەڵ ئۆکرانیا گرنگی بۆ ئێران نیە. ئەوەی گرنگە بەلای ئیرانەوە ڕوسیایە، چونکە دووسیستەمی دژە دیموکراسین و دژە بەرەی ڕۆژئاوان و ئێران پێویستی بە تەکنلۆجیای سەربازی ڕوسی هەیە و بۆ ئەوەی بەردەوام بیت لە شەڕەنگێزیەکەی.
ڕیکخراوی ( CSTO) کە ڕووسیا سەرپەڕشتی دەکات لە دەوڵەتەکانی ئاسیای ناوەڕاست پێکهاتوە لە (ئەرمینیا، کازاخستان، ڕووسیای سپی، گرجیستان، تاجیکستان و روسیا ) بەپێی بەندەکانی ئەم ڕێکەوتنە ئەگەر هەر ئاژاوەیەک هەبێت لەهەر یەکێك لەو وڵاتەنەی ناو ڕیکخراوەکە، ڕوسیا بۆی هەیە هێزی سەربازی بنێرێت بۆ ئەو وڵاتە بۆ بەرگریکردن لە دەسەڵاتەکەی، هەر لەسەر ئەو ڕێکەوتنە کە لەساڵی( 2019) خۆپێشاندانەکانی کازاخستان ڕوویدا هێزی سەربازی ڕوسی گەیشتە ( ئەستانا )ی پایتەخت و خۆپیشاندانەکان لە ماوەیەکی کەمدا سەرکوتکران.
ڕژێمە لەرزۆکەکەی ئێران دەیەوێت ڕێکەوتنێکی ئاسایشی( Security Pact) لەگەڵ ڕوسیادا واژۆبکات، لە هەر حاڵەتێکدا کە خۆپیشاندەران دەبنە هەڕەشەی گەورە لەسەر سیستەمە توندڕەوەکەی مەلاکانی ئێران، هێزی سەربازی ڕوسی بێت بەهانای ڕژیمەکەی تارانەوە لە خۆپیشاندەران بیانپارێزێت وەک ئەوەی ڕوسیا لە سوریاو كازاخستان کردی .
چین و پەیوەندیەکانی لەگەڵ ڕوسیادا هەرچەندە لەم ڕۆژانەی دوایدا چین پلانێکی ئاشتی داڕشت کە (12) خاڵی لە خۆگرتبوو بەڵام هە زوو ئەو پلانە فەرامۆشکرا لە لایەن ئۆکرانیاو هاو پەیمانەکانی چونکە لایەنگیری بۆ ڕوسیا تیابوو،هەروەها تا ئێستا چین بە فەرمی دانی بەوەدا نەناوە کە ئۆکرانیا لە لایەن ڕوسیاوە داگیرکراوە ، لە ئیستا دەنگۆ هەیە کە چین بیەوێت یارمەتی ڕوسیا بدات بەچەک ئەمەش کێشەکە ئاڵۆزتر ئەکات بۆ ئەمریکاو هاو پەیمانەکانی وە ئەو کاتە ناچار دەبن سزای ئابوری بخەنە سەر چین ، (هەرچەندە چینیەکان ئەڵێن ئێمە لە کاتی شەڕدا لە نێوان دوو دەوڵەتدا نەچەک دەدەین بەهیچ لایەک و نە یارمەتی هیچ لایەک ئەدەین ئەمە پۆلێسی ئێـمەیە)، بە ڵام ئەوەی گرنگە بۆ گەشەی چینیەکان ( Economic Model) مۆدڵی ئابوری چین پشتیبەستوە بە سەقامگیری ئاسایش، ئەگەر چینیەکان پاڵ بدەنە بەرەی ڕوسی کارێکی زۆر زەحمەت ئەبێت، دەبیتە هۆی تێکدانی پەیوەندیەکانی ئەمریکاو ئەوروپا کە بازاڕیکی زۆر گەورەن بۆ ساخکردنەوەی کەلوپەلەکانی چین وە سزای توند دائەنرێت لەسەر چین، بازرگانی چین و ئەمریکاو یەکێتی ئەوروپا چەندین ئەوەندەی بازرگانی ڕووسیاو چینە , بۆ چینیەکان قورسە و دەبیتە پاشەکشەی گەورەی ئابوری بەتایبەتی دوای ئەوەی کە تازە ئابوریەکەی لە ڕێنمایەکانی پەتای کۆڤید-19 هاتۆتە دەرەوە . لە هەموویان گرنگتر ئەگەر چینیەکان پاڵ بدەنە لای ڕوسیاو ئێران، ئەو کاتە ئیسرائیل و میرنشینەکانی عەرەب دەبێت پاڵ بدەنە بەر ئۆکرانیاو هاو پەیمانەکانی . ئەمەش لە قازانجی چینیەکان نیە بۆ دابینکردنی سەرچاوەکانی ووزە و ساخکردنەوەی کەلوپەلەکانی لە ناوچەکەدا .
کەواتە تەنها ئێرانە بۆ پاراستنی ڕژێمەکەی ،خۆی بەتەواوی ساخکردۆتەوە بەلای ڕوسیادا بەس لاوازبونی ڕوسیا لە مانگەکانی داهاتوودا لەوە ناچیت بتوانێت ئێران لە هەڕەشەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی بپارێزێت.