دیلۆیت هەرگیز شەفاف نابێت
3/6/2019 4:44:00 PM
ئەنوەر كەریم
كۆمپانیای دیلۆیت راپۆرتی پێنجەمی لە 27ی شوباتدا بڵاوكردەوە هەموو جارێك لە پێشەكیەكەیدا دەنووسێت: دیلۆیت تەنها بەرپرسیارە بەرامبەر بە ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گازی هەرێمی كوردستان و هیچ لایەنێكی تر بۆی نیە پشت بەم راپۆرتە ببەسێت، بەڵام ڕێككەوتنی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای دیلۆیت بۆ ئەوە بوو كە شەفافیەت زیاد بكرێت، بەڵام ئەمە هەرگیز لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتیەكانی شەفافیەتدا یەكناگرێتەوە.
دیلۆیت كە یەكێكە لە چوار كۆمپانیا گەورەكانی جیهان بۆ وردبینی و ژمێریاری، لە ڕۆژی 5/10/2016 ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان واژۆكردووە، بۆ وردبینی لە پڕۆسەی دەرهێنان و بەكاربردن و هەناردەكردن و داهاتی نەوتی كوردستان، لەو كاتەدا كە هەرێمی كوردستان لە قەیرانێكی قووڵی داراییدا بوو، ئەم ڕێككەوتنە تەنها بۆ زیادكردنی شەفافیەت بوو لەكەرتی نەوتدا، كە حكومەتی هەرێم بڕیاری چاكسازی دابوو كە خەڵك لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیان بەو چاكسازییە بوو كە لەلایەن حكومەتەوە بكرێت، بەڵام ئایا ئەم ڕێككەوتنە ئامانجەكەی پێكاوە.
لە ئۆكتۆبەری 2016 تائیستا دیلۆیت پێنج راپۆرتی بڵاوكردۆتەوە، راپۆرتەكە پەیوەستە بەكەرتی نەوتەوە كە لەساڵی 2017 دەستپێدەكات تا وەرزی سێهەمی ساڵی 2018، تەنها وردبینی كردووە لە بەرهەمهێنان و هەناردەو بەكاربردن و داهاتدا بۆ یەك ساڵ و 9 مانگ و بڕیاری ڕێككەوتنەكە وایە كە ساڵانی 2014 -2016 وردبینی تیادا بكرێت، بەڵام تا ئێستا ئەمە جێبەجێنەكراوەو لەم راپۆرتانەدا چەندین هەڵەو كەموكورتی بەدیدەكرێت، كە لەم خاڵانەدا دەیانخەمەڕوو.
* هەموو جارێك كۆمپانیای دیلۆیت دەڵێت بەرامبەر بە ئەنجومەنی هەرێمـی بۆ نەوت و گاز بەرپرسیارە، بەڵام بەیاسای ژمارە 22 تایبەت بە نەوت و گازی هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەوەدراوە كە كوردستان پابەند بێت بە یاساكانی (EITI - رێكخراوی دەستپێشخەری بۆ دەرهێنانی پیشەسازی نەوتی و كانزاییەكان) ئەمەش گومان زیاتر دەكات لەسەر ئەم راپۆرتانە.
* لە راپۆرتەكانی دیلۆیتدا هەرگیز ئاماژە بەبڕی ئەو پارەیە نەكراوە كە حكومەت وەك شیرینی گرێبەست وەریگرتووە چۆن ئەم پارەیە خەرجكراوە ئەگەر ئەم كۆمپانیایە وردبینی دەكات پێویستە بڕوات بەدوای ئەم پارانەدا بگەڕێت.
*بۆچی ناوی كڕیارانی نەوتی هەرێم كە لەڕێگای بۆری و تەنكەرەوە دەفرۆشرێت ئاماژە بەنرخەكە ناكات، كە لەسەر چ بنەمایەك دادەنرێت كە لەئێستادا نەوتی قورسی كوردستان نرخەكەی زۆر نزیكە لە نەوتی برێنتەوە بەهۆی كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی نەوتی قورس وەك ڤەنزوێلاو ئێران .
*بەرپرسانی حكومەتی هەرێم بەقسەی خۆیان قەرزێكی زۆریان هێناوەتە سەر هەرێم، دیلۆیت هەرگیز ئاماژە بەوەناكات كە قەرزەكان چۆنن و پارەكان چەندن و چەند لەو قەرزانە دراونەتەوەو ئێستا حكومەتی هەرێم چەند قەرزارە.
*كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی نەوتی كوردستان ڕاپۆرتەكانی خۆیان بڵاودەكەنەوە كە چەند شایستەی داراییان وەرگرتووە، بەڵام دیلۆیت ناوی كۆمپانیاكان ناهێنێت، كە هەریەكەیان چەند بڕە پارەی وەرگرتووە، بەمە دەوترێت وردبینی كە ئاماژە بەناوی كۆمپانیاو بڕە پارەكە بدرێت نەك تەنها كۆی پارەكە دیاری بكرێت.
* ئەو پێنج راپۆرتەی دیلۆیت بڵاویكردۆتەوە هەموو جارێك خاڵێكی كۆپی و پەیستی تێدایە، كە دەڵێت هیچ زانیاریەكی هەڵەمان بەدینەكردووە لە هەناردەو بەكاربردن و داهاتدا، ئایا ئەگەر زانیاری ناڕاستتان بۆ بێت بڵاویدەكەنەوە؟، گومانی تێدا نیە كە حكومەتی هەرێم چەندین ساڵە زانیاری ناڕاست بڵاودەكاتەوە.
* پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان مانگانە راپۆرتی خۆیان بڵاوبكەنەوە، كە داهاتو هەناردەی تێدا بڵاوبكرێتەوە یان سایتێك هەبێت تەنانەت ڕۆژانە داهاتو هەناردەی تێدا بڵاوبكرێتەوەو ساڵانە دیلۆیت ڕاپۆرتی كۆتایی خۆی بدات بۆ ئەوەی سەرچاوەیەكی تر هەبێت بۆ بەراوردكردن.