چی دەدەین بە عێراق و چی وەردەگرین؟
2/9/2019 11:01:00 AM
ئەنوەر كەریم
بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2019 پەسەند كرا كە بودجەیەكی گەورەیە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەكە، بڕەكەی 133 ترلیۆنو 107 ملیارو 616 ملیۆن و 412 هەزار دینارە، لەسەر ناردنی 3 ملیۆن و 880 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دانراوە. دیارە كورتهێنانێكی گەورەش هەیە، بەڵام حكومەتی عێراق پڕی دەكاتەوە لەڕێگای قەرزو زیادكردنی داهات بەهۆی زیاكردنی هەناردەی نەوتەوە. هەرێمی كوردستانیش دەبێت 250 هەزار بەرمیل ڕادەستی عێراق بكات.
لە سایەی ئابووری سەربەخۆدا هەرێمی كوردستان تووشی داڕمانی ئابووری و دارایی و سیاسی بوو، حكومەتی هەرێم قەرزێكی زۆری مووچەی فەرمانبەران قەرزارەو قەرزاری بەڵێندەرانو بانكە ئەهلییەكانو كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوتو كۆمپانیا بیانیەكانی كڕیارانی نەوتە.
هەتا ئەم ساتە ئەگەر یارمەتی عێراق نەبێت كە مانگی 317 ملیار دینار دەنێرێت لەگەڵ یارمەتی ئەمریكا كە 25 ملیۆن دۆلارە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە، حكومەتی هەرێم ناتوانێت مووچەی فەرمانبەران بدات بۆیە ئیتر كاتی ئەوەیە هەرێم هیچ پاساوێك نەهێنێتەوە.
پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق
پشكی هەرێم 10 ترلیۆنو 800 ملیار دینارە، واتە مانگانە 900 ملیار دینار، داهاتی ناوخۆ بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم، مانگانە 120 ملیۆن دۆلارە. ئەگەر هەرێم پابەند بێت بە ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمـیل نەوت بە عێراق، ئەوەی دەمێنێتەوە رۆژانە 170 هەزار بەرمیلە، ئەم رێژەیە لە زیادبووندایە مانگانە بەهۆی وەبەرهێنانی زیاتری كۆمپانیاكانی نەوت.
لە ئێستادا هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە 725 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران بە سیستمی پاشەكەوت، پێش پاشەكەوت پێویستی بە 875 ملیار دینار هەبوو.
كەواتە بە رێككەوتن، هەرێم دەتوانێت پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران لابەرێت و دەست بكاتەوە بەو هەزاران پڕۆژەیەی كە چەندین ساڵە وەستاوە لەسایەی ئابوری سەربەخۆوە. هەروەها عێراق بڕی 500 ملیار دیناری داناوە بۆ وەزارەتی تەندروستی هەروەها بڕی 500 ملیاری تری بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی، هەرێمی كوردستان لەم بڕە پارەیەش بەشی هەیە بەپێی ڕێژەی دانیشتوان.
عێراق بڕی یەك ترلیۆن دیناری داناوە بۆ دروستكردنی قوتابخانە، پارێزگاكانی هەرێم بەشیان هەیە بەپێی رێژەی دانیشتوان .عێراق بڕی 3 ترلیۆن دیناری داناوە بۆ بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، كە 30% ئەم پارەیە بۆ پڕۆژەی نوێیە، پارێزگاكانی هەرێم لەمەشەدا بەشیان هەیە.
بۆچی بودجەی عێراق باشە؟
مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە مافێكی یاسایی و دەستوری عێراقە، دەبێت فەرمانبەران مووچە وەربگرن دوور لە كێشمەكێشمی سیاسی و ئابووری. حكومەتی عێراق بڕیاریداوە مانگانە 522 ملیار دینار بنێرێت بۆ مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە، لەوكاتەی كە هیچ ڕێكەوتنێكی نەوتی نەكرێت لەنێوان هەرێم و بەغدادا. ئەمەش كارێكی زۆرباشە كە پەرلەمانتارانی كورد لە لیژنەی دارایی توانیویانە بیچەسپێنن.
هەرێمی كوردستان چی دەدات بە عێراق؟
لە حاڵەتی رێككەوتنی عێراق و هەرێمی كوردستاندا كە ڕێككەوتنەكە رادەستكردنی بڕی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە، كەواتە بۆ ساڵێك ئەو بڕە دەگاتە = 250000×365=91.250.000 ملیۆن بەرمیل ئەگەر تێكڕای نرخی نەوتی برێنت كە لە بازاڕەكانی جیهاندا 60 دۆلارە، هەرێمی كوردستان نەوتەكەی بە 10 دۆلار كەمتر دەفرۆشێت بە 50 دۆلار كەواتە كۆی داهاتی نەوت بۆ یەك ساڵ چوار ملیارو 563 ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە بەهای نەوتی ڕادەستكراوی هەرێم بۆ عێراق.