519وتار

حزب بە 9 رێگا دەستی خستووەتە ناو كشتوكاڵ

11/29/2019 9:23:00 PM
ئەنوەر كەریم

هەر لە پێنجوێن‌و شارەزوورەوە هەتا بەردەڕەش‌و ئاكرێ، ماوەیەكی باشە خەڵكی كوردستان بزوتنەوەیەكی جەماوەری خۆڕسكیان بۆ بوژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ دەستپێكردووە.
جگە لە مەترسی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران‌و توركیا كە بە مەبەست دەیانەوێت هەرێم وەك بازاڕی ساغكردنەوەی كاڵاكانیان بمێنێتەوە، لە ناوخۆشدا دەستی حزب لەناو كەرتی كشتوكاڵدایە.
سەرەڕای ئەوە پارتی‌و یەكێتی‌و حكومەتی هەرێم، یارمەتی كەرتی كشوتكاڵی كوردستان نادەن بەڵكو بوون بە بارێكی گران بەسەر ئەم كەرتەو جوتیارانەوە بەهۆی بازرگانە سیاسیە چاوچنۆكەكانیانەوە شكست بە بەرهەمی ناوخۆ دەهێنن.
1. بۆ نمونە هەر لەكاتی دەستپێكردنی تۆو چاندنەوە ئەم بەرپرسە سیاسی‌و سەربازیانە بە سەرانە بڕێكی زۆر زەرفە تۆو لە هەموو جۆرەكان لە بریكارەكان دەسێنن بەخۆڕایی بەمەش وەكیلەكە بۆ پڕكردنەوەی ئەو زیانانە ناچارە نرخەكەی زیاد بكات لەسەر جوتیارەكان ئەوە بەگران دەیكڕنەوە ئەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی قازانج بۆ جوتیاران‌و نەهێشتنی پێشكەوتنی ئەم كەرتە بەبێ ئەوەی حكومەت سودمەند بێت.
2. جۆری پەینە كیمیاوییەكان كۆمپانیاكانی حیزب قۆرخیانكردووە، بۆ نموونە زەرفێك كالیسیۆم بە 65 هەزار دینار دەفرۆشێت بە جوتیارەكان بۆ بەهێزكردن‌و بۆنخۆشكردنی بەرهەمەكەیانە رێگا نادرێت بە بازرگانەكانی تر ئەو مادەیە هاوردە بكەن بەمەش قازانجی جوتیارەكان كەمدەكاتەوە لەپێناو قازانجی كۆمپانیاكانی حیزب. 
3. لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكاندا حكومەتی هەرێم باج لەسەر هەندێ كاڵا دادەنێت بۆ نموونە دوو سندوقی پلاستیك نرخەكەی لە ئێرانەوە كە دێت 250 دینارە، بەڵام حكومەتی هەرێم 500 دینار باجی دەخاتەسەر، یاخود كاتێك بازرگانێكی عەرەب لە بەغدادو شارەكانی باشورەوە دێت بۆ بەرهەمی پێنجوێن باجی 150 هەزار دینار دەخرێتە سەر سەیارەكەی ئەمەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بازرگانی لەگەڵ عێراقدا‌و زیان بەكەرتی كستوكاڵی هەرێم دەگەیەنێت. 
4. دوای ئەوەی كۆمەڵێك جوتیار بەبەرچاوی میدیاكانەوە بەرهەمەكانیان فڕێدەدەن دوایی وەزارەتی كشتوكاڵ هاوردەی ئەو بەرهەمە دەوەستێنێت لە وڵاتانی دراوسێوە، بەمەش زیان بەجوتیاران دەگەیەنێت لەبری ئەوەی پێشوەخت بەبەرنامە هەناردە كەمبكرێتەوە.
5. بازرگانە چاوچنۆكە حیزبیەكان تەنانەت ئەو بەرهەمانە دەهێنن كە هاوردەكردنیان قەدەغەكراوە لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵیدا، وەزیری كشتوكاڵی هەرێم لە جەولەیەكی مەیدانیدا بینیویەتی لە هەولێر ئەو بەرهەمانەی كە بە بڕیاری وەزارەت قەدەغە كراوە لە عەلوەكەی هەولێرو بازاڕەكاندا دەفرۆشرێن.
6. هەرێمی كوردستان ئاسایشی خۆراكی مسۆگەرو پارێزراو نیە لە ڕێگای كۆمپانیاكانی كوالێتی كۆنتڕۆڵی حیزبەوە رێگە بە هەموو جۆرە خواردنێكی ئیكسپایەر دەدرێت بێتە ناو وڵاتەوە بەمەش ڕێژەی تووشبوان بە نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمدا بەرەو هەڵكشان دەچێت ئەمەش ئەوەندەی تر ئاسایشی تەندروستی هەرێمیان خستۆتە مەترسیەوە. 
7. كەرتی كشتوكاڵ دەتوانێت زۆرترین هەلی كار بڕەخسێنێت لە ناو هەرێمدا ئەگەر بێت و لەلایەن ئەم دوو حیزبەوە ئازاد بكرێت‌و دەست نەخرێتە كارەكانیانەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لە 25% - 30% هەلی كار دروست بكات بەتایبەتی كە ڕێژەی بێكاری لە ئاستێكی مەترسیداردایە لە هەرێم . 
8. ڕێگەگرتن لە گەشەكردنی ئەم كەرتە دەتوانرێت زیانێكی گەورە لە ئابووری كوردستان بدات، پێویستە بازرگانی لەگەڵ عێراقدا بەهێز بكەین چونكە یەك دراومان هەیە، بەربەرەكانی دراوی توركی‌و ئێرانیمان پێویست نییە چونكە ئەو دراوانە بێ هێزن‌و چاوەڕێناكرێت بۆ چەند ساڵی داهاتوو دراوەكانیان بەهێز ببێتەوە. 
9. زۆرجار بازرگانە حیزبیەكان باج نادەن بە زەبری هێز بەرهەمەكانیان دەهێننە ناوەوەو بەمەش زیان بەبەرهەمی خۆماڵی دەگەیەنن‌و زیان لەداهاتی حكومەت دەدەن. 
بۆ ئەوەی حكومەتێكی سەركەوتوو خۆژێنمان هەبێت هەنگاوی یەكەم دەبێت دەستی بازرگانە حیزبیەكان بگیرێت‌و لە كەرتی كشتوكاڵ دووربخرێتەوە، بەمەش جوتیارانی كوردستان دەتوانن تاڕادەیەك باش بەروبومی زیاتر بەرهەمبهێنن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن