503وتار

ئایا حكومەت و پەرلەمان بە ئاگا دێنەوە؟

11/9/2019 1:19:00 PM
ئەنوەر كەریم


خۆپیشاندەران لە عێراق‌و لوبنان حكومەت‌و پەرلەمانی هەردوو وڵاتیان ناچار كرد، دەست بۆ چاكسازی بەرن بەتایبەت لە موچە‌و خانەنشینیدا، هەرێمی كوردستانیش لەسەر هێڵە‌و دوور نیە لە دواخستنی زیاتری دەرچواندنی یاسای چاكسازییدا، دۆخەكە بتەقێنێتەوە‌و هاوڵاتیانیش بەهەمان دروشمەكانی خەڵكی عێراق‌و لوبنانەوە بێنە سەر شەقام.
یاسای چاكسازی، مانگی دووی ساڵی 2018 لەلایەن خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەندكرا، پڕۆژەیاساكە، لە 24 مادە پێكهاتووەو پاش پەسەندكردنی بووە یاساو پەرلەمانتاران بانگەشەی ئەوەیان دەكرد بەهۆی یاساكەوە مانگانە 150 ملیار دینار دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی لەسەر موچەی پلە باڵاكان، یاساكە جێبەجێنەكراو جارێكی تر گەڕێنرایەوە بۆ كابینەی هەشتەم، ئەویش بۆ كابینەی نۆیەمی بەجێهێشت.
هەرچەندە بڕیاربوو یەكەم كاری خولی نوێی پەرلەمان پەسەندكردنی یاساكە بێت، بەڵام دوای نزیكەی ساڵێك لە خولی پێنجەمی پەرلەمان‌و زیاتر لە 100 رۆژ لە تەمەنی كابینەی نوێ، هێشتا نەك ئەوەی یاساكە پەسەند نەكراوە، تەنانەت ئامادەش نەكراوە، بڕیاربوو لەم مانگەدا پڕۆژەكە بنێردرێتەوە بۆ پەرلەمان.
پێشهاتە نوێكان وادەخوازێت حكەمەتی هەرێم لەم كاتەدا یاساكە بەزوویی بنێرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی تێپەڕێنرێت.
هەرچەندە ئەم یاسایە ڕەهەندی ئابووری‌و سیاسی‌و كۆمەڵایەتی هەیە، بەڵام پشتگوێخستنی دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە هەرێم،  بۆیە حكومەت پێویستە ئەم چاكسازییە بكات‌و بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگە جیاجیاكانی   خانەنشینی لە هەموو بوارەكاندا ڕێكبخاتەوە، هەروەها سندوقی خانەنشینی چالاك بكاتەوە‌و ڕێگە بگرێت لە هەر خەرجكردنێكی پارەی سندو‌قەكە، لە رابردوودا بەهۆی نەبوونی یاسایەكی تایبەت بە رێكخستنی موچە‌و خانەنشینی‌و دەرماڵە‌و ئیمتیازەكان، چەند گەندەڵی‌و نادادپەروەری دروستبووە.

ئاسەوارەكانی نەبوونی یاسا
*خانەنشینی لە كوردستاندا، بەپێی یاسایەكی یەكگرتووی خانەنشینی رێكنەخراوە، ئەمەش هۆكارە بۆ ئەوەی چەندین یاسای جیاواز بۆ خانەنشینی دەربكرێن‌و توێژەكانی خانەنشینی بەتەواوی جیابكرێنەوە، هەرێـم تائێستا كار بەیاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق لەساڵی 2006 دەكات‌و ئەمەش هەڵوەشایەوەو یاسایەكی تر لەساڵی 2015 شوێنی گرتوەتەوە.
*نایەكسانی‌و ناعەدالەتیەكی گەورە لە موچەی خانەنشینی لە كوردستاندا هەیە، ئەم بارودۆخەش پاڵپشت بە یاسا لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دروستكراوە‌و بەشێوەیەك كە ئەو خانەنشینانەی پلە تایبەتەكان پێكدەهێنێت لە هەندێك باردا موچەكانیان دەیان ئەوەندەی خانەنشینێكی ئاساییە بەمەش جیاوازی چینایەتی قوڵتركردۆتەوە. 
*گەندەڵی گەورە لە دۆسیەی خانەنشینیدا هەیە بەشێوەیەك كە سەدان كەس بە یاساكانی خانەنشینی خانەنشین  كراون بەبێ ئەوەی ئەو وەزیفەیان بینیبێت یان بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون بەبێ ئەوەی ئەو وەزیفەیان  بینیبێت.
*داهاتی سندوقەكانی خانەنشینی‌و فەرمانبەران‌و ڕاژەی شارستانیی‌و هەروەها سندوقەكانی خانەنشینانی  پارێزەران‌و كرێكارانی كەرتی تایبەت لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەشێوەی نایاسایی دەستیبەسەردا گیراوە‌و هەروەها داهاتەكەشی هەر لەلایەن حكومەتەوە بە نایاسایی خەرجكراوە.

راسپاردەو پێشنیاز
*حكومەت‌و دەسەڵات لە بەرنامەو سیاسەتێكی ڕوون‌و تۆكمەدا خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی  دادپەروەر لە موچەدا بەدیبهێنرێت‌و پێوەرێكی گونجاو لە دیاریكردنی بەرزترین ئاست‌و نزمترین ئاستی موچەدا ڕەچاوبكرێت.
*دەركردنی یاسایاكی نوێی خانەنشینی یەكگرتوو لە هەرێمی كوردستاندا بەسوود وەرگرتن لەیاسای خانەشینی عێراقی ساڵی 2014 . 
*هەڵوەشانەوەی بڕیاری خانەنشینی ئەو كەسانەی كە هیچ وەزیفەیەكی سەربازیی‌و مەدەنیان نەبینیوە، 
* هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی ئەو كەسانەی كە بە پلەی بەرزتر لە وەزیفەكانیان خانەنشینكراون. 
*هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری خانەنشینی ئەو كەسانەی كە بە پلەی تایبەتی مەدەنی خانەنشینكراون‌و بەپاساوی شۆڕشگێڕی یان خەباتی شاخ خانەنشینكراون پاش لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانیان ئەگەر شایستە بوون بەپێی یاسا بەركارەكانی كوردستان موچەو راژەی خانەنشین بكرێنەوە. 
*هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری خانەنشینی ئەو كەسانەی كە بەپلەی سەربازی خانەنشینكراون ئەو كەسانە ئەو پلانەیان نەبینیوە. 
*پێكهێنانی سندوقی خانەنشینی مەدەنی‌و سەربازی لە هەرێمی كوردستاندا.
*دەرهێنانی سندوقی خانەنشینی لە ژێر ڕكێفی وەزارەتی دارایی‌و ئابوری هەرێمدا بدرێتە دەستەیەك تەنیا حكومەت بەپێی یاسا بتوانێت قەرز لەم سندوقە بكات بەو مەرجەی سوود یان قازانج بداتەوە بەسندوقەكە. 
*رێكخستنی دەرماڵە بۆ ئەو كەسانەی كە شایستەی دەرماڵەن‌و بڕینی دەرماڵە بۆ ئەو كەسانەی كە شایستە نین‌و رێكخستنەوەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران تا بتوانن هەقەكانی خۆیان وەربگرن . 
حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا یەك ملیۆن‌و 250 هەزار موچەخۆری هەیە، كە 101 هەزاریان موچەیەك زیاتریان هەیە‌و 86 هەزاریان لەسەروو  2 موچەو 3 مووچەوە وەردەگرن، ئەگەر یاسای چاكسازی تێپەڕێنرێت  بەتەنیا لەم بوارەدا ساڵانە نزیكەی یەك ملیار‌و 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم‌و دەشتوانرێت   نزیكەی 35 -40 هەزار هەلی كار بڕەخسێنڕێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن