337وتار

سێ ستایلی جیاوازی بەڕێوەبردنی ئابوری

5/22/2022 12:55:00 PM
ئەنوەر كەریم


مرۆڤایەتی تووشی بارگرانی و ژیانێکی قورس بووە، بە هۆی ئەو ڕوداووانەی کە لە ئێستادا کاریگەری بەسەر ژیانی ڕۆژانەمانەوە جێهێشتووە، لەوە ناچێت لە ماوەیەکی داهاتووی نزیکدا بتوانرێت بەسەریاندا زاڵبین و تێپەڕێنین. بە هۆی ئەو ڕووداوانەوە دیاردەی هەڵاوسان (INFLATION) کە مەترسیترین نەخۆشی ئابوریە بەرۆکی ئابوری جیهانی گرتووە، هەر ئەم هۆکارەشە بۆتە هۆی سەختربوونی ژیان و گوزەران.

ئەم هەڵاوسانەش لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی کۆمەڵێک روداوودا سیاسی، سەربازی و جەنگ، ئابوری و دارایی دروستبووە.

دیارترین نمونەی ئەو وڵاتانەی ڕوبەڕووی دیاردەی هەڵاوسان بوونەتەوە، لە ئێستادا کاریگەری گەورەی لەسەر دۆخی ئابوریان جێهێشتووە بریتین لە وڵاتانی؛ تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی بەرادەیەکی گەورە لە ژێر کاریگەری ئەو دۆخەدایەو ڕێژەی هەڵاوسانەکەی گەیشتووەتە (70%)، بەدوای ئەویشدا بەریتانیا رێژەی هەڵاوسانە ئابوورییەکەی (9%)  و  ئەمریکا گەیشتووەتە (8.3%)،  هاوکات بەپێی راپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی  هەڵاوسان لە عێراق گەیشتۆتە (5.8%).

دیاردەکەش ڕێگای بۆ بانکە ناوەندییەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، بانکی ناوەندی یەکێتی ئەوروپا خۆشکردووە دەستبەرن بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوودی بانکی، لەگەڵ بەردەوامی ئەم هەنگاوەش ئابوری جیهان جارێکی تر بەرەو پاشەکشە (Recession)ی ئابوری بباتەوە.  

بۆ دەستنیشان کردنی دیارترین هۆکارەکانی پشت هەڵاوسانی ئابوری دەکرێت ئاماژە بە چەند خاڵێک بدەین، ئەوانیش؛ پەتای کۆڤید 19 (کۆرۆنا)، کە تائێستا بەردەوامی هەیە و بۆتە هۆی داخستنی هەندێ لەبازاڕی شارەپیشەسازیە گەورەکانی چین. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی (Supply chain bottlenecks) واتە زنجیرەی ڕێکخستنەوەکانی "خستنەڕوو" کێشەی بۆ دروستببێت.

چاپکردنی پارەیەکی زۆر لەلایەن بانکە ناوەندیەکانەوە بۆ یارمەتیدانی هاوڵاتییەکانیان، کە لە ئێستادا قەرزەکانی سەر جیهان گەیشتۆتە ڕادەیەکی زۆر ترساناک و (300 تریلیۆن) دۆلاری تێپەڕاندووە، بە پێی تازەترین داتای سندوقی دراوی جیهانی (IMF) ،ئەمەش رێگا خۆش دەکات بۆ ئەوەی حکومەت دەستبگرێتەوە لە خەرجیدا بەتایبەتی لە سێکتەری تەندروستی و پەروەردەدا.

داگیرکاری ئۆکرانیا لە لایەنڕووسیاوە، ئەمەش بۆتە هۆی بەرزکردنەوەی نرخەکانی ووزەو خۆراک بەڕادەیەکی بەرچاو و کاریگەری گەورەی بۆ چەند ساڵی داهاتوو دەبێت لە سەر بەرزبوونەوەی نرخی شتومەکەکان. بەردەوامی سزاکانی ڕوسیا کاریگەری تەواوی دەبێت لەسەر ووزەو شتومەکەکانی تر.

گۆڕینی کەش و هەوا لە جیهاندا، ئەمەش کاریگەریەکی گەورەی هەیە لەسەر نرخی شتوومەکەکان بەهۆی ناڕێک و پێکی لە دابارینداو دیاردەکانی خۆڵبارین و لافاوو زریان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی...هتد زیان گەیاندنی گەورە بە کەرتی کشتووکاڵ و بەرهەمەکانی خۆراک.

ئەوەی جێگەی سەرنجە بەهۆی بەرزبونەی ئاستی هەڵاوسانەوە، هەندێ وڵات بە شێوازی جیاواز هەنگاو دەنێن بۆ چارەسەرکردنی سووکردنی  باری گوزارانی هاوڵاتییەکانیان، بۆ نمونە؛
بەریتانیا وەزیری دارایی (Rishi Sunak) بۆ ئەوەی  باری ژیانی خەڵک  سووک بکات   بریاریدا؛

کەمکردنەوەی باجی بیزنسەکان (Cutting business tax)، ئەمەش یارمەتی دابەزینی نرخ ئەدات و بارگرانی سەرشانی هاوڵاتیان کەمدەکاتەوە.

زیادکردنی وەبەرهەمهێنانی حکومەت (Spurring investment) تا هەلی کارو چالاکە ئابوریەکان زیادبکات .

هەروەها چین بە هۆی پەتای "کۆڤید"ەوە ماوەیەکە داتاکانی واپیشان دەدات کە گەشەی ئابوریەکەی بەرەو خاوبوونەوە ئەڕوات و رادەی هەڵاوسان ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە، بۆ ئەمەش حکومەتی چین لە پیناو سوکردنی دۆخی گوزەرای هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی  بۆ قەرزە مامناوەندییەکان کە ماوەکەی پێنج ساڵە (lower prime  rate loan) بە ڕێژەیەکی بەرچاو دایبەزاندوە. ئەم هەنگاوەش یارمەتی هاوڵاتیانی چینی دەدات کارو چالاکیە ئابورییەکانیان زیاد بکەن و پەرەی پی بدەن.

لە هەرێمی کوردستان تێڕوانینەکان جیاوازن بە هۆی قۆرخکاری بەرپرسە حیزبیەکان لە بازاڕو بازرگانیدا و خۆدزینەوە لە پێدانی باج و بردنی داهات بۆ خۆیان، نەگەڕانەوەی بۆ گەنجینەی وەزارەتی دارایی، بووەتە هۆی ئەوەی سەرەڕای بارگرانی باری ژیانی هاوڵاتیان و نەمانی دەرمان لە بەشێکی نەخۆشخانە گشتییەکاندا...هتد، نەتوانرێت مووچە لە کاتی خۆیدا دابەشبکرێت، کە  ژیانی خەڵکیان ئەوەندەی تر قورسکردوە، ئەم جۆرە بەڕێوبردنە  دکتۆرە سارا چەیس (DR. Sarah Chaeys) ناوی دەنێت حكومڕانی چەتەکان.

بۆیە شێوازی بەڕێوەبردنی ئابوری هەرێم بەڕێوەبردنی حوکمی چەتەکانە. لەم جۆرە بەڕێوەبردنەدا نەتەندروستی و نەپەروەردەو نەخزمەتگوزاریەکان گرنگن لە ناو حوکمی چەتەکاندا، بەڵکو ئەوەی گرنگە لایان پاراستنی پایەکانی ڕاگرتنی ئەو جۆرە حکومڕانییەیە.






سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن