766وتار

دووجار خیانەت

10/15/2019 12:17:00 PM
لاوک سەلاح

ئەو کارەی ترەمپ کردی سەبارەت بە کشانەوەی سەربازەکانی ئەمەریکا لە رۆژئاڤا دووجار خیانەتە، جارێک لە هاوڵاتییە ئەمەریکییەکان و جارێک لە هاوپەیمانانی واتە وڵاتەکانی کە لەگەڵ ئەمەریکا هاوپەیمان بوو کە نزیکەیان ٧٥ وڵاتە، لە نێوەندیاندا کورد کە لەسەر ئەرزو مەیدان شکستیان بە داعش هێنا.
ستراتیژیەتی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سەردەمی ئۆبامادا داڕێژراو دواتر ترەمپ هەندێ دەستکاری کرد تا مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ کە بەتەواوی گۆڕی. لە سەرەتادا ستراتیژیەتەکە وا داڕێژرا کە  شکست بە داعش بهێنرێت لە رێگەی بەتواناکردنی چەکدارە ناوخۆییەکان واتە خەڵکی ناوچەکەو دواتر لەپاش ئەوە بۆ ماوەیەک ئەمەریکا بمێنێتەوە تا دڵنیا دەبن لە شکستی تەواوی داعش، پاشان ئاوارەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان ئەمەش مانای ئەوەیە کە ژیانی ئەو کەسانە دەپارێزێت کە دەگەڕێنەوە، هەروەها وا بڕیار بوو نزیکەی ٢٠٠٠ سەربازێک لە باکوری سوریا بمێننەوە. مانەوەی دوای داعش رێ نەدان بوو بە ئێران بەوەی کە پێگەی لە سوریادا بەهێز بکات و نەبێتە هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل، بەڵام ئەنجامدانی ئەم ئۆپراسیۆنە سەربازییە ئەوە دەگەیەنێت کە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەنێوان زلهێزەکان و هێزە ئیقلیمیەکاندا هەیە ئەگەر سبەی ترەمپ را نەگۆڕێت!
داعش نزیکەی ٤٠٠٠٠ میلی دوجای خاکی عێراق و سوریا داگیرکردبوو لە ناوچەیەکدا کە نزیکەی ٨ ملیۆن کەس تێیدا دەژی. داهاتی داعش ساڵانە نزیکەی ١ ملیار دۆلار بوو کە بەهۆیەوە سەرپەرشتی هەموو کارە تیرۆریستەکانی لە ئەوروپاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکرد، لەنێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٧ نزیکەی ٤٠٠٠٠ کەس سەفەریان بۆ سوریا کردووەو بوونەتە ئەندام لە داعش، بەڵام هێزی دیموکراتی سوریا کە نزیکەی ٦٠٠٠ شەڕڤان بوو، بە وتەی برێت مەکگۆرک ئەوان نەبوونایە داعش شکستیان نەدەهێنا. ناوچەی شەڕڤانان بە دڵی خەلافەتی داعش دادەنرا، کە یەک لەسەر سێی سوریایەو سەرچاوەی وزەو کشتوکاڵەو دانیشتوانەکەی نزیکەی چوار ملیۆنە کەسە. لەم ناوچەیەدا فەرەنساو بەریتانیاو ئەمەریکا سەربازیان هەبووە.
راستە ئەمەریکا لە سەرەتاوە وتبوویان کە ئەم جەنگە بۆ هەتا هەتا نییە، بەڵام کەس لە ئیدارەی ئەمریکی و پنتاگۆن و ئەو ئەمەریکییانەی لە مەیدان کاریان کردووە لەسەر پلانێکی روون و ئاشکرا رێک نەکەوتوون لەسەر چۆنێتی پاشەکشەکە.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨دا، پنتاگۆن لەو ڕایەدا بوو کە دەبێت پلانە سەرەکییەکە کە لەکاتی ئۆبامادا دانرابوو تەواو بکرێت بە مانای ئەوەی داعش نەمێنێت و پاشان بۆ ماوەیەک ئەمەریکا بمێنێتەوە تا ئەوەی هێزە سورییەکان دڵنیا دەبن لە ناوچەکانیان، لەکاتێکدا جۆن بۆلتۆن زیاتر ئەوەی دەویست کە دەبێت هێزەکانی ئەمەریکا بمێننەوە تاوەکو هەموو هێزە ئێرانییەکان سوریا بەجێ دەهێڵن و شەڕی ئەهلی نامێنێت. ئەمە زیاتر بوو لەوەی کە پێشتر لەکاتی ئۆبامادا دانرابوو. بەمانایەکی دیکە ناکۆکییەکی دیار لەنێوان ئەکتەرە سەرەکیەکانی پنتاگۆن و و مەیداندا هەبوو، ئەمەش بەهۆی ترەمپەوە!
برێت ماکگۆرک دەڵێت رۆژی ١١ مانگی دوانزەی ساڵی ٢٠١٨ لەبەردەم وەزارەتی دەرەوە وتم کە “بێ مانایە بڵێین داعش تەواو بووەو ئێستا یەکسەر دەتوانین سوریا بەجێ بهێڵین” بەڵام تەنها لەپاش هەشت رۆژ ترەمپ گوێی بە قسەکانی من نەداو وتی پاشکەشە لە سوریا دەکەین و هێزەکان دەهێنینەوە.
پوختەی قسە: ئەم ئۆپراسیۆنە رەنگدانەوەی رێکەوتنی ژێربەژێری هەموو لایەنەکانەو مەترسیەکی گەورەیە لەسەر دیمۆگرافیای رۆژئاڤا کە لەژێر هەرەشەدایە، تورکیا ئەو وڵاتە نییە دڵی بە پەنابەر بسووتێت، مۆدێلی حوکمی زاتی رۆژئاڤاو تەنانەت هەرێمی کوردستانی عێراقیش بە هەڕەشە بۆ سەر ناوچە کوردییەکانی تورکیا تەماشا دەکات. ئەم پرۆسەیە قڕکردن و پاکتاوکردنی کوردە لە خاکی خۆیداو خۆ ئامادەکردن بۆ بەرگریکردن دەخوازێت.

ئەم وتارە تایبەت بۆ ڕۆژنامەی "زەمەن" نوسراوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن