بەرنامەی پەرەپێدانی دیموکراسی:
8/24/2024 10:26:00 AM
لاوک سەلاح
ئەنجومەنی پارێزگا
و تواناسازی
پێشەکی،
خۆشحاڵ دەبم، ئەم
پرۆژەیە، لە ئێستاوە، ببێتە بەشێک لە بەرنامەی سیاسی و بە دەنگدەر بناسرێت و لە هەڵمەتی
هەڵبژاردندا سپۆنسەر بکرێت و ببێتە مایەی گفتوگۆکردن. ئەوەی سەرنجی هەموو لایەک
رادەکێشت لیستەکان و هەندێ لە پارتە سیاسییەکان، ئەوەندەی قسە لەسەر کەسایەتی یەکتر
دەکەن، رێ بۆ ناسینی بەرنامەی سیاسی و دیدی ستراتیژی خۆش ناکەن، لەوە دەکات هەموو
شەکەتن و لە گەمێی کەلتووری سیاسی لۆکەڵدا نوقوومن، بەڵام گرنگە بانیژەیەکی بچووک
بۆ سوود وەرگرتن لە چارەسەرەکان واڵا بکەن.
هەر بۆیە، گرنگە،
بەر لە چوونە نێو هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە ئەو شوناسە سیاسییە میانڕەوە بە رێبازێکی عەقڵانی
سیاسییەوە لە هەڵمەتەکاندا پیادە بکەن. چەمکی پاڵەوان لە ئێستادا، کۆمەڵگە خۆیەتی
و کێ توانای هەیە زمانێکی نوێ بۆ خیتابی سیاسی بدۆزێتەوە ئەو کاریگەری دەبێت. بەرنامەی
سیاسی، بەرهەمی هیلاکی دەستەجەمعییە، بەرهەمی هاتنەکایەی کۆدەنگی سیاسییە نەوەک
تاکە کەس، لەبەرئەوەی دواجار، بەرنامەی سیاسی رەوایەتی خۆی لە نوێنەرایەتی کۆمەڵگەوە
بەدەست دەهێنێت.
سەبارەت بە
تواناسازی، لێرە مەبەستمان توانای سیاسی و یاسایی و تەکنیکییە لەسەر هەموو ئاستە
باڵاکانی بڕیاردان لە هەرێمی کوردستان. ئەم ئامرازە مەوداکانی هەرەشە لاواز و کەم
دەکاتەوە و تێگەیشتنی سیاسی جیاواز لەیەک نزیک دەکاتەوە و یارمەتی ئەو کۆدەنگییە سیاسییە
دەدات کە مەبەستی ئەم پرۆژەیەیە. لە هەمان کاتدا، رەنگە، خوێنەر پرسیار بکات بۆ ئەنجومەنی
پارێزگا، کە جارێ پەرلەمان خۆی لە دایک نەبۆتەوە. گرنگە، ئەم پرسە، لە پرسە هەرە
گرنگەکانی نێو پەرلەمان بێت و لەم پرۆژەیەدا دەستنیشانی رۆڵی پەرلەمانمان کردووە،
رۆڵی ئەم ئەنجومەنانە دەبێتە مایەی سڕینەوەی دوو زۆنی سیاسی و پتەوکردنی رۆڵی حکومەت
و سەرشانی حکومەت لە تۆمەت و ئەرک ئاسان دەکات!
بۆ زانیاری خوێنەر،
بەندە، هیچ تەماعێکی شەخسی بۆ هەڵبژاردن و پەرلەمانی داهاتوو نییە، بەڵام وەک ئەرکێکی
نیشتمانی لە پاش تەمەنێک لە ئەزموون خەمە نیشتمانییەکان لە چوارچێوەی پرۆژەی بیناخوازدا
لەگەڵ ئێوە شێر دەکەین. بە کورتی دەڵێین ئێمە ئەوەندە توانامان بوو، کێ دێت و خشتێکی
دیکە دەخاتە سەر ئەو گەنجینەیە، سەد جار دەست خۆشی لێدەکەین.
کۆی پەیامی ئەم
پرۆژەیە:
· کاراکردنەوەی کاری ئەنجومەنی پارێزگاکان.
· رێکخستنەوەی ئەرک و دەستەڵاتەکانی نێوان
حکومەتی نیشتمانی و "حکومەتی خۆجێی"، نەوەک شۆرکردنەوەی دەستەڵات.
· وەک بەشێک لە پیادەکردنی بنەماکانی
"حکومڕانی باش"، هێنانەکایەی پەیوەندییەکی تەندروست لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە.
· لەم پرۆسەیەدا، هەموو لایەک براوە دەبن: Win-Win Case.
· بەرجەستەکردنی حکومڕانی باش کە کۆدەنگی
سیاسی، Political
Consensus،
کرۆکی چەمکەکەیە.
پێشینی مێژووی:
· ئەنجومەنی پارێزگاکان، پرۆژەی ئەمریکییەکان
بوو، لە پاش ٢٠٠٣، بە بودجەی حکومەتی ئەمەریکا چەند ساڵێک، لە سەرتاپا عێراق، بەردەوام
بوو.
· ناوی پرۆژەکە: بەرنامەی حکومرانی لۆکەڵ
بوو:
Local Governance Program, LGP.
· پرۆژەکە لەلایەن USAID- RTI بە سێ قۆناغ جێبەجێکرا، لە ساڵی ٢٠٠٣
تاوەکو ٢٠١١.
· لە ژینگەی پاش جەنگ پیادە کرا، ژینگەیەک
توندوتیژی سیاسی و پەرتەوازەیی و گەندەڵی سیاسی و دارایی خەسڵەتی سیاسی بوو، بێگومان
پێشوازیکردن لە پرۆژەکە لە هەرێمی کوردستان باشتر بوو.
· پرۆژەکە بەشێک نەبوو لە پرۆسەی گەشەسەندی
ئابووری بەردەوام، زیاتر وا دەردەکەوت کە پشتیوانی پرۆسەی سەربازی ئەمەریکا دەکات
و دەیەوێت ئەو راستییە بسەلمێنێت کە ئەمریکا رزگارکەر بووە نەوەک داگیرکەر.
· دەستەڵاتی کاتی هاوپەیمانان کە بە CPA ناسراو بوو، کاری بە دەستووری عێراقی
ساڵی ١٩٧٠ راگرت بە مەبەستی رێگرتن لە هاتنەوەی دیکتاتۆریەت لە ئاییندەدا.
· ساڵی ٢٠٠٥ دەستووری نوێی عێراق ئامادەکرا
و لە رێگەی ریفراندۆمێکی گشتییەوە پەسەند کرا.
· یاسای ٢١ دەستووری عێراق یاسای پارێزگاکانی
کە لە هەرێمدا رێکنەخراون بووە بنەمای دامەزراندنی پرۆسەی دیموکراسی وحکومڕانی بە
ئامرازی لامەرکەزیەت.
· بەڵام مەنگی ناوەرۆکی بەڵگەنامەکان و لێکدانەوەی
جیاواز و ناکۆک بۆ دەستەڵاتەکان و لاوازی توانای حکومەت و ئەنجومەنەکان و تەشەنەسەندنی
گەندەڵی لە نێوان ئەنجومەنەکانی عێراق بوونە بەربەست و لاوازکردنی ئەنجومەنەکان تا
رادەی سیست بوون.
· یەکەم هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان
لە عێراقدا ساڵی ٢٠٠٥ بوو، پاشان ٢٠٠٩.
ئامانجی پرۆژەکە:
· پەرەپێدانی پرۆسەی دیموکراسی بۆ بەرجەستەکردنی
دابەشکردنی دەستەڵاتەکان لە نێوان ناوەند و پارێزگاکان لە لایەک و ناوەند و هەرێم
لەلایەکی دیکەوە وەک بەشێک لە پرۆسەی بیناکردنی فیدرالیزم.
· کارکردن لەسەر ئاستی تواناسازی ئەنجومەنی
پارێزگا و حکومەتی خۆجێی تاوەکو باشتر بتوانن خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن.
· پێداچوونەوە بە یاساکانی ئەنجومەنی پارێزگا
وپلانەکان و دارشتنی بودجە.
· پتەوکردنی پەیرەو و پەیکەری حکومەت؛
واتە دەستنیشانکردنی دەستەڵاتی پارتی سیاسی و حکومەت لە ئیدارەدانی پرسە گشتییەکان.
· رێگرتن لە فراوانبوونی کەلێنی نێوان زۆنەکان:
هەرێم خوانەخواستە نەبێتە یەمەنی باکوور و یەمەنی باشوور.
· دابەشکردن و رێکخستنەوەی دەستەڵاتەکان،
نەوەک شۆرکردنەوەی دەستەڵات، رەوینەوەی ترس بە گەرەنتی سیاسی و پتەوکردنی یاساکان.
گرنگی پرۆژەکە:
· ئەنجومەنی پارێزگاکان بەشێکی گرنگی پیادەکردنی
لامەرکەزیەتە، وەک ئامرازی فیدرالیەت، ئەمە خۆی کۆڵەکەی دامەزراندنی پرۆسەی دیموکراسییە.
· ئەنجومەنی پارێزگاکان سەرشانی حکومەتی
نیشتمانی سووک دەکات، لە رووی دەستنیشانکردنی پێداویستی ناوچەکان و پلاندانان و
دارشتنی بودجە و پێشنیارکردنی یاسای گونجاو.
· لامەرکەزیەت کە ئامرازی فیدرالیەتە رێ
لە گەڕانەوەی مەرکەزیەت دەگرێت.
· لە سیستمی لامەرکەزیەت و حکومەتی خۆجێیدا،
هاوسەنگییەک لە نێوان توانای داراییی حکومەت و پێداویستییەکان و ئەولەویاتەکان هەیە.
· لە دەستەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەموو
لایەک بەشدارن و بەرپرسیارن لە پرۆسەی گەشەسەندی سیاسی وئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری.
· سەنگەری ناوەوەی هەرێمی کوردستان
توندوتۆڵ دەکات، رێ لە ململانێی سیاسی رابردوو و لابەلا دەگرێت
پرۆژەکە خۆی:
· لە لایەن پەرلەمانی داهاتوو سپۆنسەر
بکرێت بۆ بوژاندنەوەی یاسای کارپێکراوی ئەنجومەنەکان.
· پارتە سیاسییەکان پشتیوانبن و کۆدەنگی
سیاسی لەسەر بێت، لێکدانەوەی ناکۆک و لابەلا بۆ ئەرک و دەستەڵاتەکان نەکرێت، پێوەرێکی
ستاندەر هەبێت بۆ هەڵسەنگاندن.
· سوود لە وانە و عیبرەتەکانی رابردوو وەربگیرێت
لە رێگەی راهێنان و پەرەسەندنی تواناسازی سیاسی و ئیداری و یاساییەکان.
· کاری پێداچوونەوە بە هەموو بوارەکانی پەیوەندیدار
بە ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە بکرێت.
· ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەدەبیاتی کار و
دەستوور و میراتێکی سیاسی و یاسای و ئیدارییان هەیە، کار لەسەر بوژاندنەوەی ئەم گەنجینە
بکرێت و ئیزافەی بۆ بکرێت.
· راهێنانەکانی ئەمجارە بێگومان جیاواز دەبێت،
پرۆسەکە و بەرنامەکە نیشتمانییە.
· دامەزراندنی پرۆسەیەکی فراوان کە فێربوونی
بەردەوام دەکاتە ناوەندی پرۆژەکە: Sustainable Learning & Development.
· شێوازی فێربوونەکە راستەوخۆ پەیوەندی بە
بەرزکردنەوەی ئاستی ئاداوە هەبێت و بەشێک بێت لە پرۆژەی گەشەپێدانی سیاسی و تەکنیکی.
· پرۆسەی تواناسازی، وەک نموونە، ئەم
بوارانەی خوارەوە لە خۆ بگرێت:
- بەرزکردنەوەی ئاستی توانای ئافرەتان.
- گەشەپێدانی ئادای سەرکردایەتی پرۆژەکان.
- بەهێزکردنی ئادای ئەنجومەنی پارێزگاکان.
- بەشدارپێکردنی رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی
لەگەڵ ئەنجومەنەکان.
- پتەوکردنی پەیکەر و رێکار و یاسا و
کارگێری ئەنجومەنەکان وەک دامەزراوەیەکی خزمەتگوزاری پیشەیی.
- هێنانەکایەی میکانیزمێکی روون و ئاشکرا بۆ
چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی پرۆژەکان و ئادا بە شێوەیەکی گشتی.