891وتار

لە گۆشەنیگای دەنگدەرەوە: ئەرک و وەزیفەی پەرلەمانتار

8/30/2021 12:05:00 PM
لاوک سەلاح

بەشداربین یان بەشدار نەبیین، دەنگ بدەین یان دەنگ نەدەین، بایکۆت بکەین یان نا، هیچ لە دونیا ناگۆریت. ئەمە قسە باوەکەیە. قسەیەک پڕ رەوایەتی و شەکەتی و ماندووبوون و بێهودەیی و نیگەرانی بەردەوام و دڵەراوکێی تەمەنێک و سەردەمێک لە قاتوقڕی و بۆشایی سیاسی و حکومڕانی لە عێراقدا بەرجەستە دەکات.

بەڵێ، ئێمە مەحکوومین و لە دووڕیانێکی دیکەی چارەنووسازداین، مەحکومیین بە بوونی پرۆسەیەکی ناتەواوی دیموکراسی کە مێژووی نییە تاوەکو پشتی خۆی پێ ئەستوور بکات، لە نەبوونی دەزگا دیموکراسییەکان و کەلتوورە دیموکراسییە چەسپاوەکان. دەوڵەتێک بە درێژای سەد ساڵی سەقامگیری سیاسی بەخۆیەوە نەدیبێت، هەرئەوەندە بەرهەم دەهێنێت لە تیۆرەکردنی چالاکی سیاسی و دامەزراندنی دامەزراوەی سیاسی، لەبەرئەوەی دەبێت شتەکان لە رەوتی مێژووی خۆیدا دەستنیشان بکەین. 

بەڵی هەموو مەحکوممین بە بوونی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن، دەنگ بدەین یاخود نا، بەو مانایەی کە پرۆسەکە هەرچۆنێک بێت کاریگەری لەسەر هەموو وردەکارییەکانی ژیانمان هەیە و دەبێت. ئەگەر دۆخە دیفاکۆتەکە هەر ئەوەندەی لە باردا بێت، چۆن مامەڵە لەگەڵ پرۆسەیەکەدا بکەین کە هەمیشە شەکەتمان دەکات، ژیانمان لەبری ئەوەی پڕ بەهابکات بەتاڵ دەکاتەوە، لە دوا وێستگەشدا، چاوەڕوانییەکانمان دەداتە بەر  لوورەی رەشەبا. ئەمە تێروانینی دەنگدەرە کە دەبێت کاری راستەقینەی لەسەر بکریت لە پێش و لە پاش هەڵبژاردن.

بەڵێ مەحکوومین، ئەگەر ئەو تەلیسمە لە هیوا بۆ ئاییندەش نەبێت ناتوانین داوای متمانەی سیاسی بکەین، هەر ناتوانین هەناسە بدەین و بژین، لەوەندەش خراپتر بۆشایەکی سیاسی و ئەمنی دێتە ئاراوە کە بەس یەزدانی مەزن دەتوانێت لەم قۆناغەدا پێشبینی بکات کێ پڕی دەکاتەوە. دەنگدەر دەڵێت ئەو بۆشاییە سیاسی و ئەمنییە هەیە. من دەڵێم لە بری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، خراپتر بەرێوەیە، لانی کەم پشتیوانی نێودەوڵەتی ئاراستەیەکی دیکە وەردەگرێت.

شتێکی نوێ نییە ئەگەر بڵێین، گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم کاندیدەکانی پەرلەمانی ئەمجارەی عێراق،  بەدەستهێنانەوەی متمانەی سیاسییە، بیناکردنی متمانەی سیاسی، بیناکردنی پەیمانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووریە بەرلەوەی نیشتمانپەروەرانە بێت. پەیمانی سیاسی نوێ لە نێوان کاندید و دەنگدەردا پێویستی بە ناوەرۆکی سیاسی نوێیە، پێویستی بەرەفتاری سیاسی نوێیە، بەرلەوانەش پێویستمان بە ئادا و دیدێکی سیاسی نوێیە. ئایا ئەمە مەحاڵە؟ بەتایبەتی ماوەیەکی زۆر کەم لەبەردەم کاندیدەکاندا هەیە بۆ ناساندنی خۆیان و ئەمجارە ئەوەندەی خۆیان دەبێت کار لەسەر خۆیان بکەن. دەبێت لەسەرمیراتە سیاسییەکانیان نەژێن بەڵکو ئیزافەبن بۆ ئەو میراتەی کە پارتەکانیان خاوەنیانن، ئەمەش بەندە بە مێژوو و ئەزموونی هەر یەک لە کاندیدەکان لە دامەزراوەکاندا و ئاستی کاریزمەیان و توانای بەدەستهێنانی ئەو متمانە سیاسییە هاوشان بە پرۆگرامە سیاسییەکانیان.

بۆ ئەوەی نیگەرانی ونارەزایی و یاخیبوونی دەنگدەر برەوێنینەوە دەبێتکار لەسەر بیناکردن و خوڵقاندنی دونیابینیێکی دیکەی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بکەین. بۆ نموونە، کە لە بەغدا دەبین، ئەم دونیابینینە دەبێت شان بەشان لەگەڵ خەون و فیداکاری "تشرینییەکان" هەنگاو بنێت، کە لە هەرێمی کوردستان دەبین، دەبێت ماناکانی چاکسازی بەرجەستە بکەین و رێکار و هەیکەلی دامەزراوەکان پتەو بکەین.

ئەگەر هەڵبژاردنی داهاتوو وەچەرخان بێت لە مێژووی یاسایی و پەرلەمانی و نوێنەرایەتی سیاسی، بەوپێیەی یاسای هەڵبژاردنەکە نوێیە و شێوازی هاوپەیمانیەتییەکان جیاواز و نوێ دەبێت و پێشبركێی شەخسی کاندیدەکان جیاواز دەبێت، چۆن وەچەرخان لە ئاستی ئادای نوێنەرەکاندا دەکرێت؟لەراستیدا بوون و خوڵقاندنی توانای سیاسی و یاسایی کاندیدەکان سەری مەحەکە.

لەم نووسینەدا، وەک جەختکردن لەسەر بیناکردنی متمانەی سیاسی دەڵێم گرنگە لە ئێستاوە دەستنیشانی خەسڵەتەکانی "ئاراستە سیاسییەکە" بکەین تاپرۆگرامی سیاسی سەنگیهەبێت. بۆ دەرخستنی ئەو توانایانە پێشنیار دەکەم هەر پارتی سیاسی لە پاڵ پرۆگرامی سیاسی خۆیدا کار لەسەر سێ تەوەرەی سەرەکی بکات کە ئەوانیش "حکومڕانی باش" و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان پەرلەمان و کایە و کۆڵەکە و پرۆژەکانی بواری گەشەسەندنی ئابووری و خزمەتگوزاری و چەمکی "سەقامگیری ئەمنی" و"لامەرکەزیەت" کە فۆرمێکە یارمەتی رێکخستنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێو هەرێم و لەگەڵ بەغدا دەدات. ئەم سێ تەوەرەیە دەبێت لەم بوارانەی خوارەوەدا بە روونی رەنگبدەنەوە:
- کارکردن لەسەر نەهێشتنی هەژاری و بێ دەرامەتی و دابینکردنی ئاسایشی خواردن.
- دەستەبەرکردنی پەروەردە و خوێندن بۆ هەموو ئاستەکان و تەمەنەکان.
- بەرجەستەکردنی یەکسانی لە نێوان هەردوو رەگەزی نێرو مێ لە هەموو بوارەکاندا.
- کارکردن بۆ دابینکردنی ئاوی پاکژ و دامەزراندنی پرۆژەکانی ئاو.
- کارکردن بۆ پاراستنی ژینگە و دامەزراندنی تۆرەکانی وشیاری بۆ پاراستنی ژینگە.
- کارکردن بۆ دامەزراندنی پرۆژەی ئابووری بچووک و گەورە و بەردەوام بە باشترکردنی یاساکانی وەبەرهێنان.
- کارکردن لەسەر دامەزراندنی ژێرخانی پیشەسازی.
- کارکردن لەسەر یاساکانی پرۆژەکانی داهێنان و بەرهەمە جیاوازەکان.
- باشترکردنی یاساکانی رێکەوتنی ئابووری هاوبەش.
- کارکردن لەسەر چاکردنی پرۆسەی پلاندان و ئەنجامدانی سەرژمێری پێویست.
- کارکردن لەسەر چاکردنی یاساکانی پرۆژەکانی نیشتەجێ بوون.
- کارکردن بۆ خوڵقاندنی هەلی کار لە رێگەی دامەزرانی پرۆژەکانی پتەوکردنی ژێرخانی ئابوورییەوە.
- کارکردن لەسەر دامەزراندن و پتەوکردنی ژێرخانی کەرتی تەندروستی و ئیدارەدانی خەستەخانەکان.

سەرنجێکی خێرا بەو خاڵانەی سەرەوە، شوناسی کاری پەرلەمان و پێشینەی کار دەردەخات کە ئەویش گەشەسەندنی سیاسی و ئابوورییە "التنمية السياسية والإقتصادية". بۆ ئەوەی نوێنەرانی کورد بەوە تۆماتبار نەکرێن کە تەنها بۆ پارە دێنە بەغدا، دەبێت لێهاتویی بنوێنن لە پێشکەشکردنی پرۆژە بۆ سەرتاپا عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی. لۆبی سیاسی سەرسەخت ئەنجام بدەن، رەوایەتی نوێنەرانی کورد لە دەرخستنی توانای یاسایی و سیاسی و تەکنیکی بەم جۆرە دەردەکەوێت و رەوایەتی بە مافی بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان دەدات و لە دیدی بەغدا و هێزە سیاسییە جیاوازەکان ئەو مافە رەوایانە بەرجەستە دەکات. بە مانایەکی دیکە، گرنگە نوێنەرانی کورد توانای خۆیان بسەلمێنێن کە شارەزان لە بوارەکانی گەشەسەندن و ئابووری و ریفۆرمکردنی رۆڵی پەرلەمان. شارەزابوون لە زمانی عەرەبی و کەلتووری ئیسلامی و ژینگەی سیاسی عێراق و ململانێی تایفی و تەشکیلات و میلیشیا سیاسییەکانی عێراق و سەرمایەی ناوچە جوگرافییەکان و کاریگەری هێزە ئیقلیمییەکان بەس نییە بۆ ئەوەی بتوانن لە بەغدا کاریگەریان هەبێت، لەپاڵ ئەمانەشدا، دەبێت نوێنەرانی کورد شارەزای تەکنیکی و پیشەیییان لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی گەشەسەندی ئابووری و دونیای کۆمەڵگەی مەدەنی و بوارەکانی مافی مرۆڤ و جەندەر و حکومرانی بسەلمێنن، نەوەک هەر پشت بە میراتی سیاسی پارتەکەیان ببەستن، نوێنەرانی کورد دەبێت خۆیان ئیزافەیەکی نوێیان هەبێت بۆ ئەو میراتە سیاسییە، لەبەرئەوەی ئەم جارە هەڵبژاردن بریتییە لە پێشبرکێی توانای کاندیدەکان، ئەمە ماهییەت و جەوهەری هەڵبژاردنی داهاتووە، ئەگەر چەواشە نەکرێت. بەم جۆرە بەهای سیاسی نوێ دەبەخشرێتە ئەو ئاراستە سیاسییەی کە هەموو کاری لەسەر دەکەن و بەمە نوێنەری کورد، خۆی، وەک موڵکی خۆی، سەنگی خۆی دەردەخات.

کە دێینە سەرباسی چاودێریش؛ چی پێویستی بە چاودێری هەیە؟ بێگومان سەرەتا بەش و کارەکان و ئادای پەرلەمانتارەکان و رەفتاری سیاسی و یاسایی گرنگە بۆ پێداوچوونەوە و هەڵسەنگاندنیان، بۆ نموونە، ئایا پەیرەوەی ناوخۆی پەرلەمان لە پاش ئەم هەموو ساڵە پێویستی بە پێداچوونەوە نییە؟ ئایا رەفتار و هەڵسوکەوتی پەرلەمانتاران وەک پێویست پیشەیی و یاسایی و ئیداری بووە؟ چی بکرێت لە ئاییندەدا بەشە ئیداری و لۆجستی و میدیایی و پەیوەندییە ناوخۆی و دەرەکییەکانی پەرلەمان باشتر بکرێت؟ چی بکرێت بۆ ئەوەی توانای تەکنیکی و تەشریعی ئەندام پەرلەمانتاران پتەو بکرێت کە ئەمە لە ئێستادا گرفتێکی گەورەی ئادایی پەرلەمانتارەکانە. ئایا پەیوەندی نێوان پەرلەمانتارەکان و میدیا و هاوڵاتی پێویستی بە پێداچوونەوە نییە؟

لەو کٶڵەکە سەرەکیانەی کە دەبێت پەرلەمان لە ئاییندەدا کاری لەسەر بکات، پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە ستراتیژییەیە کە بە هاوڵاتیانەوە دەیبەستێتەوە، ئەرکی ئەندامانی پەرلەمان لەوەدا تەواو نابێت کە قسە بۆ کەناڵەکانی میدیا بکەن  و پەیامێک شۆر بکەنەوە بۆ هاوڵاتی، پەیامێک کە پێشتر لە هاوڵاتییەوە نەهاتووە، تەنانەت ئەگەر مەبەستەکەش بەخشینی هۆشداری بێت لەسەر بابەتێکی دیاریکراو بۆ هاوڵاتی، کاری لەم جۆرە، بەداخەوە، ئەرکی ئەندام پەرلەمان بچووک دەکاتەوە، لە بری ئەوەی ئەندام پەرلەمان پرۆسەی تەشریع چالاک بکات، رۆڵی لاواز و سنووردار دەکات. هەربۆیە چەندین ئامراز هەن کە دەکرێت بەکار بهێنرێن تاوەکو پەرلەمانتار باشتر لە دۆخی سیاسی و داخوازییەکانی هاوڵاتی تێبگات و هەوڵی لۆبی کردنی سیاسی و یاسایی بۆ بدات بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی هاوڵاتی بۆ هەر یاسایەک یان سیاسەتێک، کە پێشوەخت پێویستی بە زەمینەسازی هەیە.

رەنگە بووترێت پەرلەمان لە شارەکاندا ئۆفیسیان هەیە و پەیوەندی بە هاوڵاتییانەوە دەکەن، بەداخەوە ئەم ئۆفیسە خۆی لە خۆیدا کاریگەر نییە ئەگەر بە شێوەیەکی کارا بەکارنەیەت. لە بریتانیا، بۆ نموونە، لە هەر ناوچەیەک و شارەوانییەک ئەو ئۆفیسانە هەن و هاوڵاتیان روویان تێدەکەن و بۆ هەر گرفتێکی یاسایی پەیوەندیدار پشتگیری دەکرێن. لەگەڵ ئەمەشدا، پەرلەمانتاران لە زۆر بۆنەدا سەردانی گەڕەکەکان دەکەن یان پەیوەندی لە رێگەی ئیمێلەوە بە دانیشتووانی ناوچەکە دەکەن یان بانگهێشتیان دەکەن بۆ کۆبوونەوەی گشتی بۆ هەر مەسەلەیەکی گشتی پەیوەندیدار بە گەرەکەکەیان یان ناوچەکەیان، لە یادمە، لە لەندەن، کە حکومەت پلانی هەبوو بۆ داخستنی خەستەخانەیەکی گەورەی گەرەکەکەمان، ئەندام پەرلەمانتاری ناوچەکە لۆبییەکی سیاسی گەورەی ئەنجامدا و بڕیاڕی داخستنی خەستەخانەکەیان راگرت.

پەیوەندی نێوان پەرلەمان و هاوڵاتی لە ئەدەبیاتی سیاسی پەرلەماندا لە زانیاری بەخشین و رۆشنبیریکردن و راوێژکردن و بەشدارکردن کۆکراوەتەوە. ئەم چوار کۆڵەکەیە لە ئەرکە سەرەکییەکانی پەرلەمانتارە بەرامبەر هاوڵاتی. لەسەر بنەمای ئەم کۆڵەکانە ئاستی ئادای پەرلەمانتار هەڵدەسەنگێنرێت، کەواتە تەنیا قسەکردن بۆ کەناڵەکانی میدیا و بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر سۆشیال میدیا هەموو ئەرکەکە نییە. هەر بۆیە لە پاش ئەم هەموو ساڵە لە ژیانی پەرلەمانتاری لە عێراق کاتی ئەوە هاتووە پەرلەمانتار بیر لە کاراکردنی رۆڵی خۆی بکاتەوە بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی هاوڵاتی بە دامەزراوە یاسایی و دەستوورییەکە تا وەکو بەشدار دەبێت لە پرۆسەی بڕیاری سیاسی و پتەوکردنی، لە بری پەلاماردانی دامەزراوەکە. ئەوەی کە ئێستا پەرلەمانتارەکان سەرقاڵیین، شۆرکردنەوەی پەیامە لە سەرەوە بۆ خوارەوە، نەوەک نوێنەرایەتیکردنی داواکارییەکانی خوارەوە واتە پەیامەکانی هاوڵاتی و خەڵک. پەرلەمانتار دەبێت توانای شەن و کەوکردنی ئەو داواکارییانەی هەبێت و وەک پرۆژە یاسا بۆ مەبەستی  تەشریعکردن ئامادەیان بکات. تەماشاکردنێکی خێرا بە ماڵپەرەکانی پەرلەمانی بەغدا زۆر لەو راستییانە دووپات دەکاتەوە کە لێرەدا باس کراون.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن