سەبارەت بە جیاوازی سیاسی نێو پارتی سیاسی؟
1/27/2024 2:47:00 PM
لاوک سەلاح
جیاوازی سیاسی، پەیکەری سیاسی و ژیانی سیاسی پارتی سیاسی دەوڵەمەند دەکات، ئەم قسە تیۆرییە لە زۆربەی دەستوور و بەرنامەی زۆربەی پارتە سیاسییەکانیدا، بەتایبەتی، لە رۆژهەڵاتدا چەند بارە دەبێتەوە.
جیاوازی رای سیاسی لە نێو پارتی سیاسیدا ئاساییە و دەبێت هەبێت، ژیانی سیاسی دەوڵەمەند دەکات، ئەم قسەیەش تیۆرییە، جیاوازی سیاسی وا چاوەڕوانی لێ دەکرێت ببێتە بەشێکی سەرەکی لە پرۆسەی گەشەپیدانی سیاسی و تەرجەمەکردنی بنەما رەسەنەکانی ئەو بەرنامە سیاسییەی کە لە پێناویدا خەڵک لە پارتێکی سیاسی کۆ دەکاتەوە و لەهەمان کاتدا ببێتە کەلتوورێکی سیاسی چەسپاو بۆ مومارەسەکردنی سیاسەت، جیاوازی سیاسی لەسەر بنەمای مەعریفەی سیاسی پێگەی پارتی سیاسی لە پێشبرکێ بۆ دامەزراندنی پرۆسەیەکی دیموکراسی تەندروست پتەو دەکات.
جیاوازی سیاسی پشت ئەستوور بە تێگەیشتنی قووڵ بۆ هەرەشە سیاسییەکان و تەنانەت کەلتوورییەکان یارمەتی پتەوکردنی پەیکەری سیاسی پارتی سیاسی دەدات، تەنانەت جیاوازی سیاسی دەبێتە مایەی کۆکردنەوەی یارمەتی دارایی بۆ پارتەکە و پەیداکردنی سەرچاوەی دارایی جیاواز بە مەرجێ ئیلتیزامێکی یاسای و سیاسی و ئەخلاقی لە نێو ئەندامانی پارتە سیاسیەکەدا هەبێت کە بە دەرەوەی خۆی بڵێت من دەتوانم وەک یەک تیمی سیاسی پشتیوانی پرسە نیشتمانییەکان بکەم و نوێنەرایەتی هاوڵاتی بکەم و تەنانەت بودجەیەکی سەقامگیر بۆ ئەگەرە ناڕەوا و رۆژە رەشەکان دابین بکەم.
جیاوازی سیاسی نابێت بەرەو دووڕووی و نیفاقی سیاسی بڕوات، نیفاقی سیاسی دواکەوتووی و جەهلە، جەهلی سیاسی و کەلتووریییە، تەنانەت جەهەلی گشییە بە ژیان خۆی، واتە تێنەگەیشتنە لە ژیان خۆی. جیاوازی سیاسی سەنگەر داکوتین نییە دژ بەیەک، جیاوازی سیاسی تەکەتولی خۆرسکانەی شێتگیرانە نییە، ئەوەی کە لە کۆمەڵگە بچووکەکانی رۆژهەڵاتدا روودەدات، جیاوازی سیاسی سەرەتای بیناکردنی پرۆسەیەکی سیاسی عەقڵانی لەسەرخۆ و هێمنە، گواستنەوەی کۆمەڵگەیە لە ئاستێکی چەقییوەوە بۆ زیندوو و داینەمۆ، بۆ فراوانکردنی بەرنامەی سیاسی.
جیاوازی سیاسی ئینقلاب نییە، بەڵکو کاری هەرەوەزییە بۆ راگرتنی پارسەنگی بەرژەوەندییەکان و پێشخستن و چارەسەرکردنی کێشە نیشتمانییەکان. جیاوازی سیاسی ململانێی حەق و باتڵ نییە، لەهەندێ حاڵەتدا بەڵی، بەڵام زیاتر جیاوازی دیدو دونیابینی سیاسییە، کەم جار شەڕی نێوان فریشتە و ئەهریمەنە، جیاوازی سیاسی پیادەکردنی رق نییە، جیاوازی سیاسی دەبێت ببێتە فاکتەری تێپەراندنی هەموو ئەو پەتا و دەردانەی کە ساڵەهای ساڵە پارتی سیاسی لەم وڵاتەدا بەدەستییەوە دەناڵێنێت هەر لە دامەزراندنی یەکەم پارتی سیاسی لە کۆتایی سییەکانی سەدەی رابردوو تا مۆنۆپۆلکردنی دەستەڵات لە لایەن بەعس و دواتر سەرهەڵدانی گروپە خۆڕسکە شەرانگێزەکان کە وەک دڕندە مۆنۆپۆلی وزە و پارە و دەستەڵات دەکەن.
جیاوازی سیاسی بەرهەمی پرۆسەیەکی خۆپەروەردەکردنی سیاسییە بۆ ئامانجە سیاسییە گشتییەکان، بۆ باشتر رێکخستنەوەی کۆمەڵگە لە رێگەی خۆرێکخستنەوەی پارتی سیاسی کە مەیدانی رەنگدانەوەی ململانێ سیاسییەکانە.
نابێت جیاوازی سیاسی بەکاربێت وەک ئامرازێکی "موئامەرە"، یاخود بۆ مانەوە لە پۆستێکدا کە رەنگە ئیتر کەس تێیدا بەرهەمدار نەبێت. لە یادەوەری هەموو نەوەکاندا، هۆڵی "ئەلخولد"ی بەغدا هەمیشە زیندووە، کە بەعس نیوەی ئەندامانی پارتەکەی تێدا سەرنگوم کرد، ئەم کارەساتە سیاسییەی نێو پارتی سیاسی بۆتە دێوەزمەی سیاسی کە دەبێت هەموو پارتێکی سیاسی وەک عیبەرت خۆی لێ بپارێزێ نەوەک دووبارەی بکاتەوە.
بەداخەوە، تیۆرە سیاسییەکان، لە ژیانی رۆژانەی سیاسیدا و لە واقیعدا سەریان بەر بەردی ئەلحەد دەکەوێت، لەبەرئەوەی زۆرجار چاوەڕوانی و پلانەکان لەسەر بنەمای توانای دارایی و توانای مرۆیی پارتە سیاسییەکە نییە، شارەزابوون لە دۆخی سیاسی پێویستی بە ئەزموونی سیاسی هەیە، ئەو تیۆرانەی سەرەوە کە تێکەڵ دەبێت بە ژاوەژاوی ئاستە جیاوازەکانی خوێندەواری و نەخوێنەدەواری و بەرژەوەندییە ناوچەییەکان و کەسایەتییەکان و تموحی کەسەکان و پلانە شەرانگیزەکان و هەوڵەکان بۆ وەدەستهێنانی شەرعیەتی سیاسی، کاڵ دەبنەوە، ڤێرژنێکی دیکە لە ژیان و پرۆسەی سیاسی دەهێنێتە ئاراوە کە ئەزموونی بەعس سەرقافڵەیەتی، جیاوازی سیاسی ئەگەر بە حیکمەتی سیاسییەوە ئیدارە نەدرێت بێ گومان بەرەو فاشیەت و تۆتالیتاریەت و مەرکەزییەتی توند دەڕوات کە دەخوازێت دەستەڵاتەکان پاوان بکات، لە بری ئەوەی دابەشی بکات بەسەر ناوچەکاندا. مێژوو پێمان دەڵێت ئەم مەنهەجە سیاسییە، توندوتیژی سیاسی لێدەکەوێتەوە و لەهەمان کاتدا دیارترین خەسڵەتییەتی.
لەم رۆژهەڵاتە نەگریسەدا، حیکایەتە سیاسییەکان هەر ئەوانەی مێژوون، دووبارە دەبنەوە، مرۆڤ بێ ئومێد دەکەن، لەبەرئەوەی پرۆسەی خوێن رشتن ئاسانترە لە پرۆسەی بیناکردنی کۆمەڵگە و دیموکراسی، بیانکردنی کۆمەڵكە بووتە قسەی زل، وەک برادەرێک وتی نوسینەوەی یاداشتنامەکانە لەسەر بەفر، کە بیناکردن بزر بێت، باشترە خۆمان لە تاوان و لە جینۆساید بپارێزین، گۆشەگیری سیاسی لە چەواشەکردنی عەوام پیرۆزترە، کە مەعریفەی سیاسی لە چەندان سەدەدا بزر بێت، ئەوەی دەمێنێتەوە نوسینەوەی رۆژەکان و تەمەن و ململانێکانە بە هیوای ئەوەی نەوەی داهاتوو لە ئێمە بە ئومێدتر بێت و دیوارێکی بەرز و ئەستور لە نێوان ئەزموونە سیاسییە تاڵەکانی مێژوو لەگەڵ ئاییندەیەکی گەشدا هەڵچنێت. پرۆسەی خواستنی ئاییندە و پاراستنی بەوان دەسپێرم، تا ئیدی، ئاییندەش نەبێتە قوربانی کارەساتە سیاسیە تاڵە چەواشەکانی مێژوو.