بۆ قووتاربوون لە دوو زۆنی: سەرژمێری و بودجەی هەرێم پێویستە
11/30/2022 2:45:00 PM
لاوک سەلاح
هەستیارترین و
کوشندەترین کێشە و گرێ کوێرە لە پرسی جێبەجێکردنی لامەرکەزیەتدا، زۆر بەتایبەتی،
لامەرکەزیەتی داراییە. لە ناوچە پەرتەوازەکانی وەک ئەفگانستان و یەمەن و لیبیا بۆ
پاوانخوازی سیاسی لەلایەن لۆردەکانی جەنگ، تەنانەت پاش کۆتایی جەنگ، وەک جارانی جەنگ
بەکاردێت، ئەوان لە جەنگەوە فێری گەمێیەکی سیاسیی قێزەوەن بوون، بە مانایەکی دیکە،
بۆ ئەوان میکانیزمەکانی فرەخوازی نێو جەنگ درێژەی هەیە، بەوەوە بەرژوەندییە مادییەکان
و دەستکەوتەکان و تەنانەت رۆحی خۆشیان لە نەیاران و ودوژمنانیان دەپارێزن.
ئەمە ئەو
کاتانەیە کە بەهای پرسە جەوهەرییەکان بێ باکانە، دەسڕێنەوە. ئەم رەفتارانە، زۆر جار بەشێکن لە "جەهلی"
سیاسی، زۆرجاری دیکە فێڵێکی سیاسی ساویلکە یان زۆرزانییە، بەداخەوە زۆرجاری دیکە،
بە مانا لۆکەڵییەکان، بە سیاستمەداری سیاستەباز ناودەبرێن، لەبەرئەوەی لە دەرەوەی
بازنەکانی مەرگ و جەنگ ژیانێکی تریان نەبووە تا هەناسە بە بەهایەکی مرۆڤ دۆستانەوە
بدەن، ئەوان ماسییەکانی نێو خۆڵەمێشی جەنگن.
ببینە، لەوێ چۆن
لۆردەکانی جەنگ ناوچە جوگرافییەکانی وڵاتەکانیان کۆنترۆل و دابەشکردووە، ببینە، شێوازی
بەکارهێنان و مامەڵەکردن و ئیدارەدانی سەرچاوە سروشتییەکانیان چەند ستەمکارانەیە.
ببینە، ئەو ئەزموونانە بۆ ئێمە، وەک نەتەوەیەک کە خاوەنی جینۆساید و ئەنفال و مێژوویەک
لە ململانێی تاڵیین، چەند عیبرەتە، بەداخەوە، بۆ دەبێت هەر لەسەر کاغەز ئەو ئەزموونانە
بە هەستێکی مردووەوە بخوێنینەوە. ئێ، خۆ نابێت هەتا هەتایە وەک ئامرازێکی وەبیرهێنەرەوە
ئەم کارەساتانە بێ ئەنجام وەبیرخۆمان بێنێنەوە. بەداخەوە، رەنگە یادەوەریمان هەمیشە
پێویستی بە ماشێنێک بێت ترس بە زیندووێتی بهێڵێتەوە!
ئەم دوو
"زۆن"ەی کە ئێمە بەدەستییەوە دەناڵێنین، بەندە لە کتێبی "لامەرکەزیەت،
نەخشەرێگایەکی نیشتمانی" کە لە ساڵی ٢٠٠٠ چاپکراوە و لە ساڵانی پێشتردا
نووسراوە، دەستپێشخەریمان کردووە بۆ پیادەکردنی لامەرکەزیەتێکی دادپەروەرانەی
ستاندەر لە نێو هەرێمدا، نەوەک لامەرکەزیەتێک کە توورەکە و "گوێن"ی بۆ
ناوچەکان بدورێت، توورەکەیەکی کون کون کە بە بەتاڵی دەگاتە شوێنی مەبەست. لەو کتێبەدا،
کارێکی زۆرمان لەسەر مەسەلەی لامەرکەزیەت کردووە، ئەم کتێبە دەخوازێت مامەڵەکردنێکی
پیشەییانە و ستاندەردانە لەگەڵ لامەرکەزیەت بە گشتی و لامەرکەزیەتی دارایی بکرێت،
بە نەفەسی یەکگرتنەوەی زۆنەکان. بەداخەوە، دوو "زۆن"ی بۆتە مایەی ون
بوون و پەرش و بڵاوی داهاتی نیشتمانی و داهاتی مەرزەکان.
ئەم دوو"
زۆن"ییە، تا دێت دەبێتە پەتایەکی کوشندەی سەرەکی هەرێم. ئەم دوو "زۆن"یە
بوو، دوو توورەکە یان دوو "گوێن"ی کون کونی بۆ دابەشکردنی داهاتی هەرێمی
هێنایە کایەوە. ئەم دوو "زۆن"یە دەستەڵاتی سیاسی کەرت و پەرت کردووە.
وابڕوات شوناسی هەرێم لاواز دەکات و کاریگەری خراپی لەسەر هەموو ئەو چاکسازیانە هەیە
کە حکومەت دەڵێت ئەنجامیان دەدەین، هەر لە دابینکردنی بەردەوامی مووچەوە تا دەگاتە
مەسەلەی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە.
ئەگەر دوو "زۆن"ی بەردەوام بێت، هیچ
مانایەک بۆ حەقیقەتە مێژوویەکە نامێنێت کە کورد وەک نەتەوە "قوربانی مێژوو"ە،
ئەگەر دوو "زۆن"ی بەردەوام بێت هیچ مانایەک و بەهایەک بۆ جینۆساید و ئەنفال
نامێنێت کە هەموو رەوایەتی پرسی کورد، وەک نەتەوە، لەسەر ئەو دوو کۆڵەکەیەیە لەبەردەم
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا وەستاوە. هەرێم زیانی زیاتری بەردەکەوێت، لە بەرئەوەی کێشە
ئیقلیمییەکان تا دێن ئالۆزتر دەبن. گەمارۆدراوە سیاسییەکان تا دێن توندتر دەبن.
ئەگەر
هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە گرفتەکانی کە دوو "زۆن"ی هۆکاری راستەوخۆی سەختە،
بەردەوام بێت، دەبێتە مایەی هەرەشەیەکی راستەقینە، خوانەخواستە، لەسەر هەرێم. کێ بەرپرسیارە
لە بەردەوامی ئەم دۆخە؟ ئەمە پرسیارە جەوهەرییەکەیە.
کاتی ئەم پێشنیارە
پوختەی خوارەوە بەو ناونیشانەی سەرەوە بە گونجاو دەزانین، بە تایبەتی هاوشان لەگەڵ
پێکهێنانی حکومەتی بەغدا، لەم کاتەدا، دەکرێت ئەم پێشنیارە جێبەجێ بکرێت بە مەرجێک
حکومەتی بەغدا وەک پیشەی هەموو جارێک لە گفتی خۆیان پەشیمان نەبنەوە و چارەسەرکردنی
گرفتە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە چارەسەرکردنی کێشەیەکی عێراق بزانن و شایستە
داراییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەن بەرامبەر شەفافیەتی دۆخی دارایی هەرێم کە
بەداخەوە دوو "زۆن"ی ناوچەیەکی خۆڵەمێشی هێناوەتە ئاراوە. هیوادارین سەقامگیری
سیاسی بەو رادەیە هەبێت کە یارمەتی حکومەت بدات کار لەسەر ئەم پێشنیارە بکات. پەیوەندییەکانی
هەرێم و بەغدا روو لە باشییە، هیواخوازین مانگی هەنگووین نەبێت و ئەو پرۆگرامە سیاسییەی
کە هەموو بە گەشبینی باسی لێوە دەکەن وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
ئەم پێشنیارە
گەڕانە بەدوای چارەسەرێکی ریشەیدا بۆ قووتابوون لە دوو "زۆن"ی کە درێژە
بە دوو ئیدارەی لۆکەڵی لاواز دەدات. یەکگرتنەوەی ئەم دوو زۆنە، مەبەستی سەرەکی هەموو
دونیابینینی ئێمەیە لەبەرئەوەی کۆڵەکەی بیناکردنی دەوڵەتداریی و حکومڕانییەکی
دروستە. ئەم پرۆسەیە خاو دەبێت، بەڵام ستراتیژییە و تا زووتر بکرێت باشترە و دەبێتە
دەستکەوتێکی ستراتیژی گرنگ.
پێشنیاری یەکەم:
ئامادەکردنی بودجەی هەرێم
لەگەڵ خوێندنەوەی
ئەم پێشنیارە، دەزانین، هەموو ئالەنگەرییەکان دێنە بەرچاوتان، هاوڕاین ئەم کارە لە
ساڵانی رابردوودا زۆر سەخت بوو، رەنگە ئێستاش سەخت بێت، بەڵام لە راستیدا دەهێنێت
هەوڵی تەواوی بۆ زیندوکردنەوەی بدرێت. بێگومان ئەمە بەستراوە بە سەقامگیری پەیوەندی
سیاسی و دارایی نێوان هەولێر و بەغدا لە لایەک و کاڵبوونەوەی دوو زۆنی لە لایەکی دیکەوە.
ئامادەکردنی بودجە یارمەتی دەستنیشانکردنی پێداویستییەکانی ناوچەکان و رێژەی تێچوونی
دارایی پێویست دەدات، بە مانایەکی دیکە یارمەتی دەستنیشانی داهات و خەرجی دەدات،
ئامادەکردنی بودجە کارێکی ئاسان نییە بەڵام دەبێتە دەستکەوتێکی مێژووی زۆر مەزن،
بوونی بودجە سنوورەکانی دوو زۆنی وردە وردە دەتوێنێتەوە و پێگەی حکومەت پتەو دەکات
و سەرچاوەکان لە ژێر کۆنترۆڵی پارتی سیاسیدا لاواز دەکات.
تەنانەت ئەو شەفافیەتە دێتە
ئاراوە کە دڵسۆزان مەبەستیانە هەبێت، ئەگەر ئەوە پەیرەو بکرێت، سەرچاوە داراییەکان
نابنە ئامرازێک بۆ گەمێی سیاسی و ئەمنی، تەنانەت بەکارهێنانی خراپی دەزگا ئەمنییەکان
کەم دەکاتەوە، خالێکی دیکەی گرنگ هەیە ئەویش رۆڵی پەرلەمان کاریگەرتر دەبێت، لە
پشتگیری لە مەسەلەی ئامادەکردنی بودجەدا بەهێز دەبێت. ئەم پرۆسەیە بەهەموو مەوداکانییەوە
ئیرادەیەکی سیاسی نەوەک ئەمنی سەخت دەخوازێت. کێ ئەم ئەرکە بگرێتە ئەستۆ (میکانیزم)؟
وەزارەتی دارایی لەگەڵ رێکخراوێکی پسپۆری نێودەوڵەتی، بۆ نموونە، بانکی نێودەوڵەتی
یان نەتەوە یەکگرتووەکان یان کۆمپانییایەکی پسپۆڕ ئەم کارە ئەنجام بدەن.
پێشنیاری دووەم:
ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی
هەر لەبەر هەمان
هۆکار، ئەنجامدانی سەرژمێری کارێکی ستراتیژییە و یارمەتی پلاندانان و ئامادەکردنی
بودجە و بیناکردنی هەرێم دەدات، هیوادارم بەم کارە وەزارەتی پلاندانان خۆیان چالاک
بکەنەوە و ئامادەکاری بۆ ئەم ئەرکە بکەن. دەبوایە ئەمە داواکاری وەزارەتی
پلاندانان خۆی بوایە. هیوادارم لە پلانیاندا ئەم ئەرکە هەبێت. بەهەمان شێوەی بودجە،
سەرژمێری یارمەتی ئەوە دەدات لە کوێدا وەستاوین و لە ساڵانی ئاییندە بەرەو کوێ دەڕۆین
و هەروەها یارمەتی کاڵکردنەوەی سنوورەکانی دوو زۆنی دەدات. کێ ئەم ئەرکە بگرێتە یەستۆ
(میکانیزم)؟ وەزارەتی پلاندان و رێکخراوێک یان کۆمپانیایەکی پسپۆر.
پوختەی قسە:
ببینە، ئیرادەی سیاسی هەرێم لە نێوان ئیرادەی پارتە سیاسییەکاندا دابەش بووە، هەروەک
چۆن داهاتی هەرێم لە نێوان زۆنەکاندا ون بووە، ئەگەر دۆخێکی سیاسی ئەرێنی بۆ گفتوگۆی
سیاسی بەوەی کە لە میدیاکاندا باسی لێوە دەکرێت هاتبێتە گوڕێ، ئەوا کاتی گونجاوی خۆیەتی
پێشنیارە کۆنەکان لە چەکمەچەی کتێبخانەکانمان دەربهێنینەوە و وەک بەردەکەی سیزیف بیدەین
بە شانماندا و سەر چیای بخەین، هیوادارم بچەسپێن لەبری ئەوەی خل ببنەوە!